خۆری كابینەی زۆرینە بەرەو ئاوابوونە

ڕاپۆرت 27/04/2022

چاودێر:

  هەرچەندە سەدر بەڵێنی دابوو دوای تەواوبوونی ئەو 40 رۆژەی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی دیاریكردبوو بۆ پێكهێنانی حكومەت لە دوای جەژنی رەمەزان، دەست بە هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی زۆرینە دەكاتەوە، بەڵام پێناچێت ئەو چانسەی هەبێت، چونكە هاوپەیمانەكانی "پارتی و سوننەكان" لێی بێهیوا بوون و خەریكن لە بەرەی ركابەری سەدر چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێران نزیكدەبنەوە.

محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان كە ماوەیەكە لەناكۆكیدایە لەگەڵ حاكم زاملی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە سەدر، بۆیە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی لە هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان بكشێتەوە.

بەپێی سەرچاوەكان حەلبووسی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە هەولێر ئەمڕۆ چوار شەممە چووە تاران لەوێ لەگەڵ گەورە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا گفتووگۆی كرد، ئەم سەردانە دوای چەند جارێك دواخستن هات.

سەرچاوەكان دەڵێن حەلبووسی دوای بێ هیوابوونی لە سەدر و دەنگوباسی دوورخستنەوەشی لەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن هاوپەیمانەكانی ئێرانەوە خۆی گەیاندووەتە تاران.

لەلایەكی دیكەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بەنهێنی گفتووگۆی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی دەستپێكردووە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەشداریكردن لە هەر هاوپەیمانێتیەك بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام بەمەرجێك پشتیوانی كاندیدەكەیان بكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

لای خۆیەوە عەبدولسەلام بەرواری ئەندام پەرلەمانی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: پارتی ئامادەیە بۆ بەشداریكردن لە هەر هاوپەیمانێتییەكدا كە بۆ پێكهێنانی حكومەت پێكبهێندرێت.

بەرواری گوتیشی: هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانیش شتێكی ئاسنین نییە تێك نەچێت.

چاودێران لەو بڕوایەدان دوای جەژنی رەمەزان لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵەكانیان دەستپێدەكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ و سیناریۆی یەكەم سەركەوتنی ئەم هاوپەیمانێتییەیە.

چاودێران لەبارەی سیناریۆی دووهەم لە حاڵی شكستی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی حكومەت، دەڵێن، درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتییەكانی عێراق جێگرەوە دەبێت.

بەگوتەی چاودێران هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان بە قۆناغێك گەیشتووە بە دور دەزاندرێت بتوانێت كابینەی زۆرینە پێكبهێنێت.