وەزیری دەرەوەی عێراق: تورکیا دەتوانێت ٥ کیلۆمەتر بێتە خاکی عێراقەوە و دوای ٧٢ کاتژمێریش بکشێتەوە

عێراق 24/04/2022

چاودێر

 

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بە پێی ڕێككەوتنی عێراق و توركیا، توركیا تەنیا پێنج كیلۆمەتر بۆی هەیە بێتە خاكی عێراقەوە ئەویش دەبێت حكومەتی عێراق ئاگادار بكاتەوە و پاش ٧٢ كاتژمێریش بكشێتەوە، ئەویش تەنیا بۆ ساڵێک کراوە و هیچ ڕێککەوتنێکی دیکە لەنێوانیاندا نییە.


ئەمڕۆ لەسەر داوای فراكسیۆنی سەدر، كۆبونەوەیەكی ڕاوێژكایری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میوانداریی وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجامدرا، كە تایبەتبوو بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەناو خاکی عێراق.


لەو كۆبوونەوەیەدا، فوئاد حسێن،  وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، یەک کۆنووس هەیە لەنێوان عێراق و تورکیا کە ساڵی ١٩٨٤ لەلایەن تاریق عەزیزی وەزیری ئەوكاتەی دەرەوەی عێراقەوە واژۆ کراوە، كە تیایدا هاتووە: تورکیا دەتوانێت تەنیا پێنج کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە بۆ پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی خۆی، بەڵام دەبێت ٧٢  كاتژمێر پێشتر عێراق ئاگادار بکاتەوەو پاش ٧٢ كاتژمێریش بکشێتەوە.


وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، كۆنووسەكە تەنیا بۆساڵێک نوسراوە و هیچ ڕێککەوتننامەیەکی تر لەنێوان عێراق تورکیا نییە.