گۆڕانکاری دواتر لە ئۆکراینا چی دەبێت؟

جیهان 24/04/2022


نووسینی: فرانسيس فۆکۆیاما
وەرگێڕانی: سۆران جەلیل

دواجار باڵۆنەکە فڕی و ڤلادیمێر پووتین هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ئۆکراینا دەست پێ کرد. سستی لە بەرەوپێشچوونی ئەم هێرشە کاتێکی باشی بۆ گەمارۆدانی مۆسکۆ داوەتە ئەمریکا و ناتۆ و من ئومێدەوارم توندترین گەمارۆکان لەوانە پچڕانی پێوەندی ڕووسیا لەگەڵ سویفت (SWIFT)ی* لێ بکەوێتەوە.

من و ناوەندیی دیموکراسی، گەشەسەندن و دەسەڵاتداریەتی قانوون، لە ستانفۆرد چەندان ساڵە کە پڕۆگرامی فیرکاریی بۆ گەنجە ئۆکراینییەکان ساز دەدەین. ئێستە نزیکەی ١٥٠ دەرچووی ئەم کۆرسانەمان لە وڵاتی خۆیاندا هەیە کە زۆربەیان چالاکوان، ڕۆژنامەنووس، بەرگریکاری دیموکراسی و گەندەڵیین. ئەمڕۆ هەموویان گیانیان لە مەترسیدایە و ئەگەر ڕژێمی لایەنگری ڕووسیا بە دەسەڵات بگات بەئامانج دەگیرێن. پارێزگاری لە ئاسایشی ئەوان یەکێکە لە نیگەرانییەکانی من لە ئێستەدا.

هەڵبەتە لە قۆناغی ئێستەدا پێشبینیکردنی ئەوەی کە ئەو جەنگە چۆن کۆتایی دێت کارێکی گێلانەیە. جەنگەکان هەرگیز بەو جۆرەی کە بەرنامەداڕێژەرانی پێشبینی دەکەن بەڕێوە ناچێت و ئەو جەنگەی ئێستەش لەم یاسایە بەدەر نییە. لەگەڵ ئەمەدا، ئێمە دەبێت لەسەر ئامانجە ستراتیجییەکانی پووتین بووەستین و هەر لە ئێستەشەوە دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامەڕێژیی سەربازیمان هەبێت.

بە تێڕوانینی من، ئامانجی پووتین لەناوبردنی حکوومەتی دیموکراسی هەنووکەیی کییڤ و دامەزراندنی گرووپێکی لایەنگری خۆیەتی. پێش دەستپێکردنی هێرشەکە، مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکرا کە ئایا پووتین پێشڕەوەی بەرەو کییڤ و هەموو ئۆکراینا دەکات یان ئامانجی تەنیا دۆنباس و کەناراوەکانی دەریای ڕەش دەبێت. زۆربەی ئۆکراینییەکان باوەڕیان وابوو کە ئامانجی ڕاستەقینەی پووتین خنکاندنی پلە بە پلەی ئابووریی ئۆکراینایە.

بەپێی بەرەی هێرشەکان بێت پووتین مەبەستیەتی هەموو ئۆکراینا داگیر بکات، چونکە لە باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە دەستی بە هێرش کردووە. بە بوچوونی من ناچێتە عەقڵەوە کە ئەمە دوایین پلانی پووتین بێت. وەکوو چۆن زۆربەی شارەزایانی بەئەزموونی سەربازیی ئاماژەیان پێداوە تەنانەت ١٩٠ هەزار سەرباز کە بۆ هێرشکردن ئامادە کراوە بۆ داگیرکردنی وڵاتێکی ٤٠ ملیۆن کەسی یان شارێکی وەکوو کییڤ بە نزیک ٣ ملیۆن دانیشتوان بەس نییە. هێرشی لەم جۆرە بۆ ڕووسیا لە ڕووی زیان و ماوەی شەڕەکەوە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پڕخەرجی دەبێت.

ڕەنگە زیاتر ئامانجی لەناوبردنی ئابووریی ئۆکراینا بێت. لەوانەیە هێرشەکە سەرەتا بۆ لەناوبردنی هەرچی ژێرخانی سەربازیی ئۆکراینا بێت، دواتر دەست بە لاوازکردنی دەوڵەت و ڕووخاندنی بکرێت. بەتەنیاجێهێشتنی وڵاتێک کە بووە بە مەیدانی جەنگێکی گەورە شۆکی ئابووری درێژماوە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

بە بۆچوونی من، ئێمە دەبێت زیاتر ئاوڕ لە کەناراوەکانی دەریای ڕەش بدەینەوە کە ئامانجی گرینگی ڕووسیایە. نزیکبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆدێسا گرینگی خۆی هەیە. ئۆکراینا هەناردەکەری بەشێک لە بەروبوومی کشتوکاڵی بووە و بۆ ئەمەش پشتی بە بەندەرەکانی ماریوپۆڵ، خێرسۆن و ئۆدێسا بەستووە. پێشتر ئۆکراینییەکان توانیبوویان ماریوپۆڵ کۆنتڕۆڵ بکەن، چونکە لەسەر دەریای ئازۆڤە کە بەشێکی لەژێر دەستی ڕووسیادایە (ئەو کەشتیانەی کە لە ئازۆڤ دەچنە دەرەوە دەبێت بە گەرووی کرێچ لە نێوان کریمە و ڕووسیا تێپەڕن). ئەمبابەتەش ئۆدێسا بۆ ئامانجێکی گەورە دەگۆڕێت. ئەگەر ڕووسیا بەشێکی زۆری سوپای ئۆکراینا لەناوببات دەروبەری لوهانسک و دۆنێتسک داگیر بکات و دواتریش کەناراوەکانی دەریای ڕەشی ئۆکراینا دابخات، کییڤ دەکەوێتە بارودۆخێکی تەواو ناجێگیرەوە.

ناتۆ و ڕۆژئاوا دەبێت تێبگەن کە چۆن دەتوانن دەرچەیەکی گرینگ لەسەر دەریای ڕەش بۆ ئۆکراینا بهێڵنەوە، تاکوو وەکوو شاڕێیەک بۆ زیندووهێشتنەوەی ئابوورییەکەی سوودی لێ ببینێت. لە واقیعدا ڕووسەکان کاری خۆیان کردووە و ئێمە دەبێت بیر لە چۆنیەتی شکستپێهێنانیان بکەینەوە. لەم ڕووەوە دەبێت زیاتر ئاوڕ لە تورکیا بدرێتەوە. تورکیا لەم دواییانەدا کرێبەستێکی بازرگانی دوولایەنەی لەگەڵ ئۆکراینا ئیمزا کردووە و لە بواری بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش یارمەتی کییڤ دەدات. کۆنتڕۆڵی تورکیا بەسەر گەرووی بسفۆر هێزێکی بەرچاو لە بەرانبەر مۆسکۆ بە تورکیا دەبەخشێت. ئەردۆغان ڕووسیا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەبینێت و هەوڵ دەدات ئۆکراینا وەکوو سەنگێک بۆ دروستکردنی هاوسەنگی بەهێز بکات. واقعییەتی سیاسی پێویست دەکات کە دوژمنی دوژمن بە شێوەیەکی کاتیش بێت بە دۆست دابنرێت. دەرفەتی سیاسی دیکەش بوونی هەیە کە دەبێت سوودی لێ ببینین. بۆ نموونە؛ چین بەشێکی زۆر دانەوێڵە لە ئۆکراینا دەکڕێت و ئەوەی کە ڕووسەکان ببنە هۆی پچڕانی ئەمە خۆشحاڵ نابێت.

لە هەفتە و مانگەکانی ڕابردوو هەر ئەمریکایییەک هاوسۆزیی بۆ ڕووسیا دەربڕیوە یان بیانوویان بۆ هێناوەتەوە، ئەوانەی کە پووتینیان وەکوو "بلیمەت" دەبینی یان ئەوانەی کە بە پاکانەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری پێشوو لە یەکەمین لێپرسینەوەی دەنگیان دا، ئەمڕۆ دەبێت وەڵامی زۆر شت بدەنەوە. ئەمە بابەتێکە لە ئایندەدا لەبارەیەوە دەدوێم.

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە فرانسیس فۆکۆیاما نووسیویەتی و بە ناونیشانی (What Next in Ukraine)، ٢٤ی فێبریوەری ٢٠٢٢، لە سایتی ئەمریکان پێرپس بڵاو کراوەتەوە.

•• فرانسیس فۆکۆیاما (Francis Fukuyama)، لە ساڵی ١٩٥٢ لەدایک بووە، پسپۆرە لە بواری ئابووریی سیاسی، سەرۆکی گرووپی گەشەسەندنی ئابووری نێودەوڵەتی و قوتابخانەی لێکۆڵینەوەی پێشکەوتووی نێودەوڵەتی پاوڵ نیتز (SAIS)ە، لە زانکۆکانی جۆرج میسۆن، جۆنز هاپکینز و ستانفۆرد دەرس دەڵێتەوە. خاوەنی چەندان کتێبە، یەکێک لە کتێبە گرینگەکانی؛ کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤە کە لە ساڵی ١٩٩٢ بڵاو کراوەتەوە.

* سویفت (SWIFT) پێوەندی دارایی لە نێوان بانکەکانی جیهان، Society for Worldwide Interbank Financial Telecommunication، ئەنجومەنێکی هاوکارییە کە لە ساڵی ١٩٧٣ لە لایەن ٢٣٩ بانک لە پازدە وڵاتی ئەورووپا و ئەمریکا دامەزراو و ئامانج لێی دروستکردنی بەرنامەیەکی ستاندەر بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی دراو بوو. سویفت لە ئێستەدا زیاتر لە ٩٧٠٠ بانک و ناوەندیی دارایی لە ٢٠٩ وڵاتی جیهان ئەندامی هەیە. ناوەندیی سەرەکی لە وڵاتی بەلجیکایە. سویفت لە هەر وڵاتێک خاوەنی (SAP)ە واتە ڕێگەی دەستگەیشتن بە سویفت، کە لە لایەن ڕێکخراوەکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Francis Fukuyama, ‘What Next in Ukraine?’, American Purpose, 24 February 2022