غازی كوردستان دەتوانێت ئەوروپییەكان گەرمبكاتەوە؟

ڕاپۆرت 20/04/2022


چاودێر:

غازی كوردستان لەململانێی نێوخۆی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ململانێی هەرێمی و ناوچەیی توركیا و ئیسرائیل و ئیمارات و ئێران و لەوێشەوە گەیشتە لوتكەی ململانێ نێودەوڵەتییە مەترسیدارەكان بەتایبەت ململانێی نێوان رووسیا و خۆرئاوا لەسەر ووزە، بۆیە شرۆڤەكاران هۆشداری دەدەن لە مامەڵەی زۆر بە ئاگایانە بەم كەیسە هەستیارەوە.

  هەرێمی كوردستان لەنێو جەرگەی چەندین لایەنی دژبەیەكدا دەتوانێت جێگرەوەی ووزەی رووسیا و فریاد رەسی سەرما كوشندەكەی زستانی داهاتووی ئەوروپا بێت، ئەوروپایەك ترسی هەیە زستانی داهاتوو بەهۆی بەردەوامی تەنگەژەی ئۆكرانیاوە و كەمبوونەوەی غازی رووسیاوە لەسەرمادا هاووڵاتییەكانی بمرن.

دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بۆریس جۆنسۆن سەرۆكوەزیرانی بەریتانیادا كۆبووەوە لە لەندەن.

ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز ئاشكرایكرد لە كۆبوونەوەكەدا باس لە غازی كوردستان و هەناردەكردنی بۆ ئۆوروپا كراوە وەك جێگرەوەی غازی رووسی.

لەوچوارچێوەیەدا سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاندووە كە ئەوان خوازیاری كەمكردنەوەی پشت بەستنن بە غازی رووسی.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە توانای هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ ئەوروپا.

ئەم كۆبوونەوەیە دوای كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دێت كە بەپێی زانیارییەكان غاز بابەتێكی گفتووگۆی نێوانیان بووە.

بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان لە چەند لێدوانێكدا نەیانشاردووەتەوە كە خوازیاری هەناردەكردنی غازی كوردستان بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا، ئەمە سەرباری هەڕەشە و گوڕەشەكانی ئێران و دۆستەكانی رووسیا.

بەرای شرۆڤەكاران ئەم هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی غاز بۆ توركیا و ئەوروپا و وەك جێگرەوەی غازی رووسی بە كارەسات بۆ هەرێم دەشكێتەوە، هێرشە مووشەكییەكەی هەولێریش لەلایەن ئێرانەوە بەنمونە دەهێننەوە.

ئەو شرۆڤەكارانە لەوبڕوایەدان كە دەبێت هەرێمی كوردستان زۆر بەرپرسیارانە مامەڵە بكات بە كەیسی هەستیاری غازەوە بەتایبەت كە دوو زلهێزی ناوچەیی ئێران  و توركیا لەناوچەكەدا رۆڵ و پێگەی خۆیان هەیە، هێرشەكانی توركیاش بۆ سەر هەرێم بە بەشێك لەم ململانێیە دەبینن.

لەبەرامبەردا بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان بێوار خنسی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند هەناردەكردنی غاز بە ئاگاداری و راوێژی بەغدا دەبێت.