پارتی و سەدر ئامادەسازی بۆ شەڕێكی نوێ لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەن

ڕاپۆرت 11/04/2022

چاودێر:

هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان پێكهاتوو لە رەوتی سەدر و پارتی و حیزبەكەی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان خۆی بۆ گەڕێكی دیكەی ململانێی سەخت لە بەرامبەر چوارچێوەی هەماهەنگیدا ئامادە دەكەن، ئێرانیش بە هەنگاوێكی نوێ خۆی ئەم شەڕە چارەنووسسازە ئامادە دەكات.

بەپێی زانیارییەكان چەند سەرچاوەیەكی سیاسی نزیك لە سەدر، هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان خۆی ئامادەدەكات بۆ گەڕێكی دیكەی ململانێی سەخت و پێكهێنانی كابینەی زۆرینەی نیشتمانی.

چەند رۆژی  رابردوو موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر گوتی: دوای جەژن كابینەی زۆرینەی نیشتمانی پێكدەهێنن.

پێش مانگی رەمەزان سەدر ماوەی 40 رۆژی دایە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی كابینە، بەڵام سەرچاوە سیاسییەكان دەڵێن هەوڵی ئەم هاوپەیمانێتییە روو لە ئەنجامێكی باش نییە تا بتوانن كابینە بە تەنها بەبێ سەدر پێكبێنن، بۆیە سەدر ئەو ماوەی بۆ داناون، دوای 40 رۆژەكە خۆی دێتەوە مەیدان.

هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی خوازیاری پێكهێنانی كابینەی حكومەتە بەشێوەی رێككەوتن و بە بەشداری هەمووان، بەڵام سەدر سوورە لەسەر پێكهێنانی كابینەی زۆرینەی نیشتمانی بۆ یەكەمجار لە دوای 2003وە، هەر بەمهۆیەشەوە ماوەیەكی زۆر پێكهێنانی حكومەت دواكەوتووە.

كۆماری ئیسلامی ئێران كە یاریزانی سەرەكی پشتی شانۆی رووداوەكانی بەغدایە و هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەیەكی سەختی سەدر ئامادەدەكات.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ دوو شەممە سەعید خەتیب زادە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: باڵوێزی نوێی ئێران حوسێن سادق كە فەرماندەیەكی سووپای قودسی ئێران و خزمەتی زۆرە لە بەغدا دەست بەكار دەبێت لە شوێنی ئێرەج مەسجدی باڵوێزی ئێستا.

سەرچاوەكانی هەواڵ دەڵێن ئەم هەنگاوەی تاران بۆ باشكردنی بەڕێوەچوونی ململانێكانی بەرەی ئێران لە بەغدا لەگەڵ نەیار و ركابەرەكانیانە كە لەلایەن ئیمارات و سعودیەوە و توركیاوە پشتیوانی دەكرێن.