هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان لە لێواری مەرگدایە

ڕاپۆرت 05/04/2022

چاودێر

هەرچەندە بڕیارە مانگی ئۆكتۆبری ئەمساڵ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچن، بەڵام ناكۆكیی حیزبەكان لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن ئەم هەڵبژاردنەی گەیاندووەتە لێواری مەرگ.

یەكێتی و حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان، بەڵام پارتی و پێكهاتەكان رەتیدەكەنەوە.

گفتوگۆكانی یەكێتی و پارتی بە بنبەست گەیشتوون لەوبارەیەوە، یەكێتی و حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن كاردەكەن بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، لەبەرامبەردا پارتی و پێكهاتەكان خوازیارن بە زۆرینە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارابكەنەوە تا هەڵبژاردن بە یاساكەی ئێستا ساز بكرێت.

زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: هیچ لایەنێك بۆی نییە گرفت بۆ هەڵبژاردنەكان دروست بكات ئەوە مافی هاووڵاتیانە و مافی هیچ لایەنێكی سیاسیی نییە كۆسپی بۆ دروستبكات.

راشیگەیاند سەرۆكی پەرلەمان ئامادەنییە كۆبوونەوەی پەرلەمان ساز بكات بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و تاووتوێكردنی پرۆژەیاساكان و پەرلەمان پەكخراوە و سەرۆكی پەرلەمان لایەنگری لایەنێكی سیاسیكردووە، بۆیە پارتی زۆرینەی خۆی لە پەرلەمان بەكاردەهێنێت بۆ سازكردنی هەڵبژاردن و دەبێت سەرۆكی پەرلەمانیش داوای كۆبوونەوە بكات.

لەبەرامبەردا رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند وەڵامی فراكسیۆنی پەرلەمانی ناداتەوە.

لەبەرامبەردا جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی وەڵامی هۆشدارییەكەی پارتی داوەتەوە و گوتی "سەردەمی هەڕەشە بەسەرچوو،  ئەزموونی ساڵانی ڕابردووی هەرێمی كوردستان ئەو ڕاستییەی سەلماندووە هەموو ئەو بڕیارانەی بە تاكڕەویی حزبی دراون، سەرئەنجام، بڕیاری سیاسی بن یان ئابوری، بە نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان شكاوەتەوە."