زمانی دبلۆماسی و لۆژیکی سیاسیی
عێراق 05/04/2022
قەیرانی پێکھێنانی حکومەت لەعێراقدا سبەی 6ی مانگ رۆژی چوارشەممە سەنگی مەحەکە بۆ زمانی دبلۆماسیەت لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتدا، ئەگەر حیزب و قەوارە سیاسییەکانی عێراق نیشتمانی بن یان گە لو نیشتمان و ژیانی خەڵکیان لامەبەست بێت، ئەوا رێکدەکەون و سەرۆک کۆمار ھەڵدەبژێرن و عێراق دەپارێزن لە بۆشایی دەستووری کە سبەینێ بە پێی بریاڕی دادگایی فیدراڵی عێراق کۆتا رۆژە. لەپاش ئەوڕۆژە لەکاتی نەگەیشتن بەڕێککەوتنی لایەنەکان ئەو کات کۆمەڵێک ئەگەر دێتە گۆڕێ:
لەوانە دەسپێکی چەخماخەی شەڕی نێوخۆیە.
ئەگەرێکی تر ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە ئەویش دیسان تێچووی بودجەیەکی زۆرە.
عێراق خۆی لە بارودۆخێکدایە پێویستی بە حکومەتێکی خزمەتگوزار ھەیە، بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری وڵات و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھاوڵاتیان، جالێرەدا ئاستی لۆژیکی ئەقڵ و مەنتیق سیاسیی و بەرژەوەندی باڵای گەل و وڵات گوڕوتینێک بە زمانی دبلۆماسی دەدەن.
ئایا زمانی دبلۆماسی ھیوا بەخشە؟
یان ئەو زمانە پێویستە لە ھەموو کاتدا یان ھەژموونی رەقی و بێمنەتی زاڵ بێت؟!!
ئۆکرانیا و روسیا وەک نموونە وەگرین کە دوو دەوڵەتن لە شەڕێکی خوێناوی نابەرامبەردان لە رووی فاکتەوە.
روسیا وەک زلھێزێکی گەورە و خاوەند بەرنامەیەکی ئەتۆمی گەورە، تەعدایەکی بێشومار و دوور لە یاسایی نێودەوڵەتی لە ئۆکرانیا دەکات.
بەڵام بۆ چرکەیەکیش زمان و کاری دبلۆماسی نەوەستاوە، لەبەر ئەوەی تائێستاش ھیوایان بەرێککەوتن ھەیە، بۆ رزگار بوون لەو نەھامەتیە، کۆتای ھێنان بەو شەڕە خوێناوییە.
ئەی ھەرێمی کوردستان لەم ھاوکێشە نێوخۆی و ئەقلیمی و نێودەوڵەتیەدا رۆڵ و کاریگەری و بەشی چیە؟
لەئەگەری تێکچوونی بارودۆخی سیاسیی و ئەمنی وڵاتدا، لەو کاتەدا ئەگەر عێراق زیانی گەورەی بەرکەوێت ئەوا کوردستان چەند جار بەرامبەر زیانەکەی قورستر دەبێت.
دڵنیام دەپرسن بۆ؟
چونکە ئاشکرایە عێراق دەوڵەتە و دەوڵەتانی دونیا بەشێوەیەکی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
سەرەڕای ئەوەی قەبارەی بەرژەوەندێکانی گەورە تر و قەبەترە لە چاو بەرژەوەندیەکانی وڵاتە زلھێزەکان لەگەڵ کوردستاندا.ئەوەش راستیەکی حاشا ھەڵنەگرە، دەبێت بیزانین.
سەرەرای ئەوەش بارودۆخی ئابووری و بژێوی خەڵک و دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران و خانە نشینان لەعێراق کێشەی نیە، نەوت بە نرخێکی بەرز لەبازارەکانی جیھاندا دەفرۆشن.
جا بۆیە پارتی و یەکێتی پێویستە زمانی دبلۆماسیان لە ھەمووکات زیاتر بە بڕشت تر و زاڵتر بێت، نەک زمانی زبر و شەڕی میدیاو ئەڵەنگاری یەکتر.
بورھان محەمەد فەرەج
5-4-2022