ئامانجی ئۆپراسیۆنە چاوەڕوانكراوەكەی توركیا بۆ سەر هەرێم ئاشكرا دەكرێت

ڕاپۆرت 04/04/2022

چاودێر:

بەپێی سەرچاوەكان بەمنزیكانە سووپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات دژی بنكەو بارەگاكانی پەكەكە.

بەپێی زانیارییەكان، هێرشەكەی توركیا ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان لە سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك دەگرێتەوە و رۆژانی رابردوو شاندی سووپای توركیا چووەتە گوندەكانی سنووری دەڤەری برادۆست و داوای هاوكارییان لەهاووڵاتیان كردووە، بەڵام رازینەبوون.

هاوكات لە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای دهۆك جموجۆڵی سووپای توركیا هەیە.

ئاژانسی بغداد الیوم لە راپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی توركیا هەردوو ناوچەی شەنگال و قەندیل دەگرێتەوە.

ئەم هێرشە چاوەڕوانكراوە لە كاتێكدایە كە ململانێكانی ئێران و توركیا لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەسەر دۆسێی غاز و نەوت فراوان دەبن.

شەوی رابردووش بنكە و بارەگاكانی توركیا لە سنووری ناوچەی شێخان بەر هێرشی مووشەكی كەوتن كە ئەمە چەند جارێكە میلیشیا شیعەكان مووشەكبارانی بنكەكانی سووپای توركیا دەكەن.

شرۆڤەكارێكی سیاسی بۆ چاودێر گوتی: هێرشەكەی توركیا بە پاساوی بوونی پەكەكەیە لە سنوورەكان، بەڵام لە راستیدا ئەمجارە ئامانجی توركیا نەوت و غازی هەرێمی كوردستانە و دەیەوێت هەژموونی خۆی زیاد بكات و دڵنیایی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان بۆ خۆی بكات.

ئەو شرۆڤەكارە گوتیشی: ئەم هەوڵەی توركیا دوای ئەوە دێت ئێران بە تووندی دژی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و ئیسرائیل وەستایەوە و مووشەكبارانی هەولێری كرد.

ئەمە لە حاڵێكدایە ساڵانی رابردووش ناكۆكییەكانی ئەنقەرە و تاران زیادبوون لەسەر كەیسی شەنگال كە لەلایەن پەكەكە و حەشدی شەعبیەوە دەستی بەسەرداگیراوە، توركیاش خوازیاری دوورخستنەوەی پەكەكە و حەشدی شەعبیە.

ئەمڕۆش سەعید خەتیب زادە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هەڕەشەكانی ئیسرائیلەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: بە یەك ووشە وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە، ئەویش هەولێرە.