مێژووی فێستیڤاڵی گەلاوێژ

رۆشنبیری 30/03/2022

  
 فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆنەیەکی ساڵانەی کلتووریی ئەدەبی و ڕووناکبیرییە کە لە کوردستان لە شاری سلێمانی لەلایەن بنکەی ڕوناکبیری گەلاوێژەوە سازدەدرێت.
 بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ ڕێکخراوێکی ڕووناکبیری گشتییە بایەخ بە ئەدەب و فیکر و کلتوری رۆشنگەری دەدات، بنکەیەکی تایبەتە بە کارو چالاکی ئەدەبی و ڕووناکبیری و لەپێناو ئەم فێستیڤاڵە ئەدەبی و ڕوناکبیرییەدا لەساڵی ١٩٩٦ دا لەلایەن چەند نووسەر و هونەرمەندێکەوە دامەزراوە.
  
 فێستیڤاڵی گەلاوێژ وەک چالاکییەکی ئەدەبی و هونەری هەوڵێک بووە بۆ لەباربردنی کاریگەرییەکانی ئەو بارودۆخە سەخت و ناهەموارەی کە لەو کاتەدا کۆمەڵگەی باشووری کوردستان بە گشتی و توێژی نووسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بەتایبەتی، بەهۆی شەڕی ناوخۆوە تێیدا ژیاون...
  
 یەکەمین چالاکییەکانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە ڕۆژگارێکدا سازدران، کە جەنگ و شەڕی براکان باڵیان بەسەر دوونیای سیاسی و کلتوری کۆمەڵگای کوردیدا گرتبوو. نووسەران بەسەر دوو بەرە و دوو شاردا دابەش بوو بوون و تا دەهات، جیاوازییە ئاینی و سیاسی و تایفییەکان تۆختر دەکرانەوە. سازدانی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەو ڕۆژانەدا، بروسکە و هەوڵێکی شادی بەخشی جیاوازبوو بۆ دەرچوون لە پاشماوەی ئەو تاریکییە زۆرەی شەڕی براکان دروستیان کردبوو!
  
 "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ" لە مێژووی بیست و پێنج ساڵەی کارکردنیدا زیاد لە چەندین کتێب و گۆڤاری ئەدەبی بەهەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە فێستیڤاڵەکاندا چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
  
  
 ساڵانە پێشبڕکێیەک لەنێوان نووسەرانی "شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە"دا ڕێکدەخات و خەڵاتی تایبەت بە نووسەرانی بەشداربوو لە بوارەکانی "شیعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوە" دەبەخشێت و هاوکات خەڵاتی ڕێزلێنان بەسەر کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیری ناو بوارەکەدا دابەشدەکات.
  
 فێستیڤاڵی نێو دەوڵەتی گەلاوێژ وەک پردی پەیوەندی نێوان کلتورە جیاوازەکان ساڵانە میوانداری نووسەران و بیرمەندانی وڵاتانی جیهان دەکات و تیایدا دیبەیت لەنێوان نووسەران و هونەرمەنداندا لەسەر پرسە فکری و ئەدەبییەکان سازدەدات.
 ئەمساڵ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ پێدەنێتە خولی بیست و پێنج ساڵەی بەردەوامییەوە و لەناو یوبیلی زیویندا کارەکانی ئەنجام دەدات و وابڕیارە، چالاکییەکانی فراوانتر و دەوڵەمەندتر بکات. 
 

#Galawejfest #Galawejfestival #GalawejInternationalFestival #GIF #Festival #Culture #Literature #Creativity #Story #Poem #UNESCO #گەلاوێژ #فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ #