کۆبوونەوەی ئەردۆگان و حەلبووسی و خەمیس خەنجەر بە مەترسیدار ناودەبرێت

عێراق 27/02/2022

چاودێر

 

دوای ئەوەی دوێنێ محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانیی سەروەری سوننەكان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی توركیا كۆبوونەوە، چاودێرێکی سیاسی ئەو کۆبوونەوەیە بە مەترسیدار ناودەبات.

 

عەلی موسەوی، چاودێری سیاسی عێراقی، پێی وایە تورکیا لە ڕێگەی ئەو سیاسییانەوە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دەكات، کە مەترسیدارە و ڕەنگە بەم زووانە ڕوونتر ببێتەوە، دەشڵێت: کۆبوونەوەکان مەترسیدارن و بێدەنگیی لە ئۆپەراسیۆن و تاوانەکانی سوپای تورکیا لە عێراق فراوانتر دەکات.


بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان، لە كۆبونەوەكەدا، "تاووتوێی پەیوەندیی دۆستانە و هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات کرا لە سەرجەم بوارەکان، لەگەڵ هاریکاری لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئەمنی و هەواڵگری."


هەر بە پێی ڕاگەیەنەدراوەکە، ئەردۆگان جەختی كردووەتەوە، لەسەر "پشتیوانییەکانی بۆ عێراق و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەردەوامیی هاریکاری و هەماهەنگیی بەو جۆرەی سەقامگیری لە عێراقدا دەستەبەر دەکات و خزمەت بە گەلی عێراق دەکات."


عەلی موسەوی، چاودێری سیاسیی عێراقی دەشڵێت: "کۆبوونەوەکانی نێوان خەنجەر و حەلبووسی لەگەڵ تورکەکان پەیامی ئەوەیان هەیە، کە هاوکاریی ئابووریی هەیە، کە لە قۆناغی داهاتوودا دەرگاکان بۆ وەبەرهێنانی تورکیا لە عێراق دەکاتەوە."


وتیشی: "تورکیا لە ڕێگەی ئەو سیاسییانەوە كە بوونەتە شوێنكەوتووی توركیا، بە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق تێوەگلاوە، کە مەترسیدارە و ڕەنگە بەم زووانە ڕوونتر ببێتەوە."