من ددانی پێدا دەنێم، بێجگە لە تۆ ژنێک نییە!

رۆشنبیری 26/02/2022


نەزار قەببانی
کوردییەکەی: پشکۆ نەجمەدین

١
من ددانی پێدا دەنێم،
ژنێک نییە جگە لە تۆ،
ئەم گەمەیە شارەزا بێت،
دە ساڵانیش،
لەبەردەم گەمژەییی مندا،
داساکا بێت!
هەر تەنیا تۆ.
ژنێک نییە،
پشووی لەگەڵ شێتییەتیی من،
باڵا بووبێت،
وەک سەبری تۆ.
ژنێک نییە،
نینۆکەکانی بڕیبم،
دەفتەری بۆ ڕێک خستبم،
لە باخچەی منداڵانیشدا،
ناوەکەی تۆمار کردبم.
هەر تەنیا تۆ!


٢

ئەمن شایەتیت بۆ دەدەم،
ژنێک نییە،
لە هزرین و خدوەخوومدا،
وەکو تابلۆیەکی زەیتی،
لە من بچێت.
هەر تەنیا تۆ!
ژنێک نییە،
لە بێوازی و لە هۆگریی کتوپڕدا،
شێوەی من بێت.
هەر تەنیا تۆ!
ژنێک نییە، کە نیوەی تۆ،
بە خۆی مژووڵی کردبم،
وەک تۆ داگیری کردبم.
وەک تۆ ئازادی کردبم.
هەر تەنیا تۆ!

3

من ددانی پێدا دەنێم،
ژنێک نییە،
وەک منداڵێک بم دوومانگان،
نەوازش و مامەڵەی لەتەک کردبم.
هەر تەنیا تۆ!

ژنێک نییە،
گوڵ و یاریی منداڵان و
شیری چۆلەکەی پێ دابم.
هەر تەنیا تۆ!

شایەتی دەدەم، هیچ ژنێک:
لەگەڵ مندا، وەک زەریا دلۆڤان نەبوو.
وەکو شیعر باڵا نەبوو.
وەکو تۆ نەیلاواندمەوە.
وەک تۆ وێرانی نەکردم.
ژنێک نییە،
منداڵیمی بۆ (پەنجا) هەڵکشاندبێ...
هەر تەنیا تۆ!


4
من ددانی پێدا دەنێم،
ژنێک نییە،
پڕکێشی بکات و بێژێت،
ئەمن ژنم،
جا با ناوکی، نێوەندەکەی گەردوونیش بێت!
هەر تەنیا تۆ.
ژنێک نییە:
درەختەکان،
 شوێن لەنجەولاری بکەون.
کۆترەکان،
لە ئاوی ڕچیوی جەستەی بخۆنەوە.
بەرخۆلەکان،
لە گژوگیای هاوینانی بنباخەڵی بلەوەڕێن.
بێجگە لە تۆ!
من شایەتیی ئەوە دەدەم،
ژنێک نییە،
لە دوو پەیڤدا،
ژنیێتیی خۆی چڕ کاتەوە و
پیاوێتیی من بورووژێنێ،
بێجگە لە تۆ!


5

من ددانی پێدا دەنێم،
ژنێک نییە:
زەمان لەسەر مەمکی ڕاستی چەقبەستوو بێت.
شۆڕش لەسەر مەمکی چەپی بەرپا بووبێت.
بێجگە لە تۆ!
ژنێک نییە،
شەریعەتی ئەم دونیایە و
نەخشەی حەڵاڵ و حەرامی
گشت گۆڕیبێت.
بێجگە لە تۆ!



6
من دانی پێدا دەنێم،
ژنێک نییە،
لە سەروەختی زەوین لەرزەی
عیشقی مندا؛
بمسووتێنێ،
نغرۆم بکات،
دامگیرسێنێ،
خامۆشم کات،
وەکو هیلال،
دووکەرتم کات!
 هەر ددانی پێدا دەنێم،
ژنێک نییە،
سەرانسەر داگیرم بکات،
خۆشحاڵترین داگیرکردن!
ژنێک
وەک گوڵەدیمەشقی،
وەکو نەعنا،
وەک پرتەقاڵ،
بمڕوێنێ!
ژنێک
لەنێو پرچ و کەزیی،
پرسیارەکانم جێ بێڵم،
ڕۆژێک
وەرامی پرسێکم، بۆ نەهێنێت.
ژنێک
هەموو زمانەکانە،
ماڵی ئەو هەر هزری منە و
ناپەیڤێنرێت!


7
تۆ چاوەکانت زەریان و
دەستەکانت وەک مۆمن و
دەرکەوتنت لووتکەی جوانی و
 باڵات زیوین، ساف وەک بلوور.
من ددانی پێدا دەنێم،
ژنێک نییە،
لەسەر چوارچێوەی کەمەری،
سەردەمەکان کۆ ببنەوە و
ئەستێرانیش بێن و بچن!
خۆشەویستم!
بێجگە لە تۆ،
ژنێک نییە،
لە ئامێزیا،
یەکەم پیاو و
دواهەمین پیاو، پەروەردە بن!


8
ئەی دڵبەری پێستناسکی وەکو توێی ئاو!
بەژنڕێکە جوانکیلەکە،
تاسە و حەزە قشتیلەکە،
منداڵە هەمیشەیییەکە!
دیسان شایەتیت بۆ دەدەم،
ژنێک نییە،
لە حوکمی ئەشکەوتنیشینان دەرباز بووبێت،
بتەکانیانی شکاندبێت،
وەهمەکانیانی پووچەڵ کردبێت،
دەستەڵاتیانی ڕووخاندبێت.
بێجگە لە تۆ!
ژنێک نییە،
بە سنگی خۆی،
پێشوازیی لە خەنجەری خێڵ
کردبێت و
ئەوینی منیش، قەڵغانی!
مەگەر هەر تۆ.

9
من ددانی پێدا دەنێم،
ژنێک نییە:
وەک ئەوەی چاوەڕیم دەکرد،
دەرکەوتبێت.
پرچەکانی،
زۆر درێژتر؛
 لە خولیای من،
لەوەی خەونم پێوە دەدیت.
هات و شێوەی مەمکەکانی،
ڕێک وەک ئەوەی
کە من هێڵکاریم کردبێت!
من ددانی پێدا دەنێم...
ژنێک نییە،
لە هەناوی هەوری دووکەڵ،
ساتێ جگەرە دەکێشم،
دەربچێت و وەکو کۆترێکی سپی،
لە هزرمدا، کە دەهزرم،
بەرز بفڕێت!
ئا ئەو ژنەی،
کتێبگەلێکم بۆ نووسی،
وێڕای جوانیی شیعرەکانم،
ئەو قەشەنگتر،
لە هەر شتێکی من نووسیم!

10
من ددانی پێدا دەنێم...
ژنێک نییە،
 وەها شارستانییانە،
عیشقی لەگەڵ من کردبێ و
تەپوتۆزی دونیای سێی لێ تەکاندبم.
بێجگە لە تۆ!
من ددانی پێدا دەنێم...
ژنێک نییە، پێش هاتنت،
گرێی منی کردبێتەوە،
جەستەی مشتوماڵ کردبم،
وەکو ئەوەی لەگەڵ (چەنگ)ێکدا بپەیڤم،
پەیڤیبێتم!
ژنێک نییە،
بێجگە لە تۆ.
هەر تەنیا تۆ!

22/2/2022