گەشتی دەرەوە لە وەزیری دارایی عێراق قەدەغە کرا

عێراق 19/02/2022

چاودێر

 

لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکاندا، بڕیار درا گەشتکردن لە وەزیری دارایی عێراق قەدەغە بکرێت.


ئەمڕۆ دانیشتنی حاکم زاملی، جێگرى یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان بە ئامادەبوونی پارێزگارى بانکی ناوەندى عێراق لەبارەى نرخی دۆلارى ئەمریکی بەرامبەر دینارى عێراق بەڕێوەچوو.


بە دەنگی سەرجەم بەشداربوانی کۆبوونەوەکە بڕیار دراوە، کە گەشتکردنی دەرەوەى وڵات لە عەلی عەلاوی وەزیرى دارایی عێراق قەدەغە بکرێت تا ئەو کاتەى دێتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە مەبەستی لێپرسینەوە.


ئەمە لەکاتێکدایە، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە نووسراوێکدا به‌فه‌رمی بانگهێشتنامه‌ى ئاڕاسته‌ى وه‌زیرى دارایی عێراق كرد و داواى کرد ئامادەی کۆبوونەوەکە بێت، بەڵام عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ڕەتیکردەوە بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیە بکات و ڕایگەیاند، لەسەر تویتی سەرکردە سیاسییەکان، ناکرێت ئەو بانگهێشت بکرێت بۆ لێپرسینەوە، چانکە بانگهێشتکردنی، دوای تویتێکی سەدر هات، کە دوێنی باسی لە ناجێگریی و شێوانی بازاڕ کردبوو، بەهۆی گرانکردنی نرخی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقیی.