کورد و ئەنجوومەنی فیدڕالی

عێراق 19/02/2022


نوسینی: مامۆستا بورهان

مادەی 48 لەدەستووری عێراق ئاماژە بە دوو ئەنجومەن دەکات .
یەکەم: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
دووەم: ئەنجوومەنی فدرالی«مجلس الاتحاد» کە دەزگایەکی دەستووریە، لەتەک ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، تائێستا ئەو مادەیە جێبەجێ نەکراوە و کاریپێناکرێت.
لە مادەی 65 ی دەستووریش تایبەتە بە چۆنیەتی پێکھێنانی ئەو ئەنجومەنە.کاراکردنی ئەو ئەنجوومەنە، زۆر گرنگ و پێویستە بۆ تەواو کردنی دامودەزگا دیموکراتیەکانی ستراکچەری دەوڵەتی عێراق، لەبەر ئەوەی مافی ڤیتۆی ھەیە، ھەرپارێزگایەک نوێنەری لەوێ دەبێت، بۆ راگرتنی بڵانسی زۆرینە، کەمینەیە، بۆ پاراستنی کەمینەکانە، کە ئەم پرۆسەیە پرۆسەی دیموکراسی تەوا دەکات ، چونکە دیموکراسیەت نابێت تەنھا حوکمی زۆرینە بێت بەبێ پاراستنی مافی کەمینەکان.
ساڵانێکە کورد ئەم پرسەی وەک پێویست نە جوڵاندووە.
بوونی بۆ کورد زۆر پێویستە، ھاوکات فولتەرێکە بۆ پێداچونەوەی یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان و ڕێگرە لە بەردەم خۆسەپاندنی زۆرێینەی پەرلەمان و ڕێگە لەتاک ڕەوی دەگرێت، بۆیە پێویستە و حەق وایە کورد کاراکردنەوەی ئەو دەزگایەیە بکاتە خاڵێکی گرنگی گفتوگۆکانی لە کاتی پێکھێنانی حکومەتی نوێدا چونکە ئەم دەسگایە لەروی دەستووریەوە زیاتر لە پلەو پۆستەکان دەمانپارێزێت.
بەتایبەت دەرکەوت حکومەتی مەرکەزی لەم ململانێ و ھاوکێشە ئەقلیمی و نێو دەوڵەتیە ئاڵۆزەدا کە فاکتەرەسەرەکیەکەی ناکۆکییە سەر سەرچاوەی وزە بەتایبەت گازی سروشتی ، دەیەوێت خۆی ، لەسەر حسابی فیدرالێت و دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان کۆکاتەوە.
کە دژی بنەماکانی فیدرالی کار دەکات.
کە ئەم ھەنگاوە لە بۆ ئایندەی کوردستان و دەسەڵاتەکانی زۆر ترسناکە.
ھەرچەندە ساڵانێکە حکومەتی ھەرێم ئەو دەسڵاتانە بەتایبەت لە بواری نەوتدا باش بەکار ناھێنێ لە خزمەت ھاوڵاتیانی خۆیدا و تەنانەت موچەی پێدابین ناکرێت، کە ئەم کارە متمانەی نێوان خەڵک و حکومەتی زۆر لاوزکردووە، بۆتە ھۆی کوشتنی روحی نەتەوەیی و نیشتمانی، بەڵام ئێمە دەزانیین ئەم کوردستانە و دەسکەوتەکانی تەنیا موڵکی خەڵکە و موڵکی ئەم حیزبانە نین بۆیە دەبێت بەرگری لەدەسکەوتەکان بکەین و بەمانیش بڵێین ئیتر ئێوەش ستۆپ لە کاری قاچاخچێتی و بەفیڕۆدانی سەرەوت و سامانی وڵات.