ڕۆمانی: میرنشینی خاك و خۆڵ ...
د. موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر
مه‌لایه‌كی زمان‌زان و ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر، دژه گوتاری باو، به سواری گوێدێرێژێك، كه تاقه هۆكاری گواستنه‌وه‌ی خۆی بووه بۆ بڕینی ماوه درێژه‌كان، وه‌ك ئۆتۆمبێلی ئه‌م سه‌رده‌مه، له گوندێكی لاچه‌پ به ناوی خاك خۆڵ، كه ناوی گونده‌كه خۆیشی هه‌ڵكه‌وتێكی میتافیزیكی هه‌یه و ڕه‌هه‌ندێكی وجودی و شیعری لێ ده‌خوێندرێـته‌وه، سه‌ری هه‌ڵده‌گرێ و به‌ره‌و شار دێ. شاریش ئه‌وه‌نده زۆر نیه دامه‌زراوه و ده‌سته‌ڵاتێكی كوردی تازه‌پێگه‌یشتوو فه‌رمانڕه‌وایی لێ ده‌كا. مه‌لای زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، به پێچه‌وانه‌ی هه‌مووان، خه‌ونێكی مه‌زنی هه‌یه و ده‌یه‌وێ بیخاته باری كرده‌كی، ئه‌و به زاری كوردی ناوه‌ندی خۆی شیعر ده‌نووسێ و بیر ده‌كاته‌وه و خه‌ون ده‌بینێ، ئه‌و زاره‌ی له هه‌مووان خۆشتر ده‌وێ، ده‌ڵێ سووك و ڕه‌وان و مه‌نگ و جێگیره، زۆر هونه‌رییه، هه‌رچه‌ند بته‌وێ ده‌توانی تیایدا قووڵ بیته‌وه، ده‌توانی ئاڵۆزترین هزر و بیری خۆتی پێ ده‌بڕی. پێشتر شتێكی ئه‌وتۆ به‌و زاره نه‌نووسراوه، ئه‌و ڕچه شكێنه، خه‌ڵكه‌كه به‌لایانه‌وه سه‌یره و پێیان هه‌رس ناكرێ، شیعر به كوردی، به زمانی مسكێنان، شتێكی سه‌یره، پێشتر هه‌موو به زاری گۆران یان كرمانجی ده‌یاننووسی، بۆ باشتریش لێك حاڵی‌بوون، ناچار هه‌ندێ جار یان زۆربه‌ی جار، به فارسی یان عه‌ره‌بی ده‌یاننووسی، نووسین به كوردی، له شته ئێگزۆتیكه‌كان بوو، به‌ته‌یرێكی عه‌جایبیان له قه‌ڵه‌م ده‌دا، به‌ڵام مه‌لای زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، ئه‌م ته‌یره سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه‌ی لا دڵگیرتر كردن، تا وای لێ كردن عاشقی بن، پێی گوتن ئیدی ئێوه ئاوان، تكایه سه‌رنجی خۆتان بده‌ن، خۆتان خۆشبووێ، چیتر ناتوانن له خۆتان هه‌ڵبێن. مه‌لای زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، گیانێكی ئه‌وه‌نده مه‌زن و باڵا و خاكه‌ڕای هه‌بوو، شت و جیهانی خۆی، جیهانی ماتریالی و ناماتریالی خۆی زۆر پێ مه‌زن بوو، هه‌رده‌م ڕێزی ده‌گرت، ده‌یگوت ئه‌مه دنیای منه، ناتوانم له‌م دنیایه‌ی خۆم هه‌ڵبێم، ده‌بێ له‌ناو ئه‌م دنیایه‌ی خۆم ماڵێك دانێم، داهێنان بكه‌م. بۆیه، هه‌ر له‌و ساته‌وه، هه‌ستی ده‌كرد كوردی نیشتمانی ئه‌وه، هه‌ر ئه‌م هه‌سته‌ش له دوایی بووه ڕێگا و ڕێسایه‌كی مه‌زن هه‌موو گرتیانه‌به‌ر، ئێسته‌ش كه ئه‌م وتارۆكه ده‌خوێنیته‌وه، به‌م زاره جوانه نووسراوه، هه‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌گه‌ر بتوانێ بگاته سه‌ده‌كانی ئایینده، هه‌موو ئه‌م چرۆكردنه‌ش، ده‌گه‌ڕێـته‌وه بۆ هه‌وڵ و ڕه‌نج و توانای ئه‌و مه‌لا مه‌زنه كه له‌ناو خاك خۆڵ وه‌ك قه‌قنه‌س ده‌ردێ، ده‌بێته به‌رگ و پۆشاك بۆ مرۆی كوردی ڕووت و ڕه‌جاڵی ئه‌و سه‌رده‌مه. هه‌ر به هه‌وڵی ئه‌ویش بوو، زمانی كوردی ده‌چێـته ڕیزی زمانه زیندووه‌كانی وه‌ك عه‌ره‌بی و فارسی. مه‌لای زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، په‌رده‌ی ئه‌و شه‌رمه مێژووییه‌ی له‌سه‌ر بوون و به كوردی قسه‌كردن و نووسین و شیعر گوتن هه‌ڵده‌گرێ، ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه ئاسۆیه‌كی تر له پێش زمان و مرۆی كوردی ده‌بێته‌وه.
ڕۆمان زۆر ساده و ساكاره، یه‌كێك ده‌چێته شارێك بناغه‌یه‌ك بۆ گۆڕانێكی مه‌زن داده‌نێ، هه‌ر ئه‌مه‌یه پلۆتی ڕۆمانه‌كه، ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌م وتاره‌یه كه ئێوه ده‌یخوێننه‌وه.
مه‌لای زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، یان شاعیری گه‌وره به پیشه مه‌لا، له شار هاوڕێیه‌كی وه‌ك خۆی ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌ویش وه‌ك ئه‌و كه‌سێكی ڕۆشنبیره و شاعیرێكی دوانزه عیلمه، له‌به‌ر ده‌رگای دوكانه‌كه‌ی كه كاری نووسینه‌وه و نووسینه‌وه ده‌كا، له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌ك شیعر به هه‌موو زمانێك ده‌خوێننه‌وه، ته‌نیا به كوردی نه‌بێ، مه‌لای زمان‌زان و ڕه‌وان بیر، به تكاو ڕجایه‌كی زۆر ڕه‌زامه‌ندی وه‌رده‌گرێ شیعر به زمانی خۆی له‌سه‌ر سه‌كۆ بخوێنێته‌وه، وێڕای خوێندنه‌وه، هه‌زاران بۆچی و له‌به‌رچی و چۆن ده‌بێ و چۆن نابێ...، ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌رز، به ڕأده‌یه‌ك هه‌واڵ به میری شار ده‌گا، كابرایه‌ك شیعر به زمانێك ده‌خوێنێـته‌وه شتی جوان ده‌ڵێ و تێیده‌گه‌ین به‌ڵام ئه‌و شتانه به فارسی و عه‌ره‌بی نیه، به زمانێكی تره، ئه‌و زمانه چیه میر ده‌لێَ، كه‌س ناوێرێ قسه بكا. له‌م نێوانه‌دا مه‌لای ڕوونبێژو ڕه‌وان بیر كۆڵ نادا، خۆی ملكه‌چ ناكا، به نان و ئاوی خۆی و گوێدرێژه‌كه‌ی ئازادانه ده‌ژیێ، به‌رده‌وام ده‌بێ له شیعر خوێندنه‌وه، هه‌ر شیعر ده‌خوێنێته‌وه، به ده‌نگی به‌رز له‌سه‌ر سه‌كۆ هه‌ر شیعره ده‌خوێنێـته‌وه، هه‌ر شیعر ده‌خوێنێته‌وه، هاوڕێكه‌شی سالم هه‌ر بۆی ده‌نووسێته‌وه و بڵاوی ده‌كاته‌وه، ورده ورده، گوێ و سه‌ر و خوێنی خه‌ڵكه‌كه پڕ له وشه‌ی كوردی ده‌بێ، پڕ له ئاواز و ڕیتمی قافیه و سه‌روا ده‌بێ، ته‌نیا وشه‌ی كوردی، وشه له شێوه‌ی باق و بریق و به‌ردی به‌نرخ، له شێوه‌ی مۆروو، مه‌رجان و یاقوت و زومرود، له شێوه‌ی ڕه‌نگ و هه‌تاوی زێڕین، وشه‌ی كوردی به‌ناو شار و دێهاته‌كان بڵاو ده‌بێته‌وه، ده‌چێته هه‌موو كون و قوژبنێك، هه‌موو په‌ناو په‌سیوێك، ده‌چێته هه‌موو ماڵ و كۆشكێك، هی هه‌ژار و هی میره‌كان، پاشان له‌ناكاو ڕۆژێك مه‌لای مه‌زن و ڕوونبێژ و ره‌وان بیر، چۆن خۆی و گوێدرێژه‌كه‌ی هاتنه ناو شار، به هه‌مان شێوه له‌و ناوه بزر ده‌بێ، دواتر ده‌زانن له تاراوگه‌یه، ئه‌وه‌ی له‌م وه‌رچه‌رخانه سه‌یر بوو، ئه‌وه بوو مه‌لای ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر بزربوو، خه‌ڵكه‌كه هه‌ستیان پێنه‌كرد، به‌ڵام تێبینییان كردبوو، به زمانی خۆیان قسه ده‌كه‌ن، به زمانی خۆیان شیعر ده‌نووسن، خه‌یاڵا ده‌كه‌ن، بیر ده‌كه‌نه‌وه، پێشتر به هی بێگانه، نامه‌شیان به فارسی ده‌نووسی ئێسته به كوردی، خه‌ونیان به فارسی ده‌بینی ئێسته به كوردی، گوێیان له ئاواز و ڕیتمی فارسی ده‌بوو، ئێسته به كوردی، سه‌ره‌نجام بوونه خاوه‌ن زمان و خاوه‌ن تێكست، قه‌سیده‌كانی مه‌لای ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر، ئه‌و ده‌ست و ئه‌و ده‌ستی ده‌كرد، ده‌نووسرایه‌وه، هاوڕێكه‌ی مه‌لاش درێژه‌ی به كاری خۆی ده‌دا، به‌ڵام كه هاوڕێكه‌ی ڕۆیشت ئه‌ویش بوو بوو به جه‌سته‌یه‌كی داهێزراو، به‌ڵام خاوه‌ن خه‌ون و ئاواتێكی مه‌زن، كه له‌سه‌ر سه‌ری وه‌ك قومری فڕكان فڕكانی بوو. هه‌رگیز ئه‌و دوو زاته یه‌كتریان نه‌بینییه‌وه، ئێسته‌ش ئه‌م خه‌ونی به یه‌كگه‌یشتنه‌وه نه‌هاته‌دی، به‌ڵكو... ڕۆژێك بێته‌دی.
مه‌لای مه‌زن و ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر، دوای ئه‌وه‌ی له شاری سنه‌ی دڵگیر، كه ئه‌ویش هه‌ر یه‌كێ له پایته‌خته فه‌رهه‌نگییه‌كانی كورده، خوێندن ته‌واو ده‌كا، سه‌ر پڕ له خه‌ون و پڕ له هیوا و پڕ له پڕۆژه، ده‌گه‌ڕێته‌وه گوندی میتافیزیكی خاك و خۆڵ، له‌وێ قه‌یرێ ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام دواتر، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی خه‌ون و پڕۆژه‌كانی هه‌راسانی ده‌كه‌ن، ده‌بێ شتێك بكا...، بۆیه، به سواری گوێدیرێژ ڕوو له شار ده‌كا، له‌وێ شۆڕشێكی مه‌زنی به‌رپا ده‌كا، فۆرم و دنیای هه‌موو شتێك ده‌گۆڕێ، هه‌موو شتێك سه‌راوبن ده‌كا، زمان و خه‌یاڵ و خه‌ون و ئایینده‌ی خۆی پێشكه‌ش به شار ده‌كا، له‌ولاشه‌وه زۆر بێ فیزانه، به روح سووكی و به خشكه‌یی بۆی ده‌رده‌چێ. له دوای خۆی ته‌نیا، وشه و ئاواز و خه‌یاڵ و وێنا به‌جێده‌هێڵێ.
ئه‌مه بوو ناوه‌ڕۆكی ئه‌م ڕۆمانه، بابه‌تێك كه زۆر هه‌ستیار و سه‌رنجڕاكێشه، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی زۆرجار ئه‌و شاعیره كورده كه نالی مه‌زنه، به شاعیری تۆسكانی "دانتێ ئه‌لیگێری" به‌راورد ده‌كه‌م، دانتێ له فلۆره‌نساوه بڕیارده‌دا كۆتایی به نووسین و خوێندن و ئاخاوتن به زمانی "ڕۆمانی لاتینی" بێنێ، بڕیارده‌دا له‌مه‌ودوا به زمانی تۆسكانی شاكاره مه‌زنه‌كه‌ی خۆی "كۆمێدیا" بنووسێ. ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا هه‌مووان دژی بوون، گوایه نووسین به‌م زمانه دژ به ئایین و ئیمانه، دواتر هه‌ر ئه‌م شاكاره ده‌بێته به‌ردی بناغه‌ی زمانی ئیتالی نوێ، هه‌ر ئه‌م زمانه‌ش ده‌بێـته زمانی كڵێسای نوێ، نالی-یش هه‌ر ئه‌م شته‌ی كردووه، به دیوانه‌كه‌ی به‌ردی بناغه‌ی زمانی ستانداردی كوردی دانا، كۆتایی به هه‌موو زاره كۆنه‌كان هێنا، سه‌ره‌نجام زاری دڵخوازی مه‌لای ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر، كه شیعری نایابی پێ ده‌نووسی و بڵاوی ده‌كرده‌وه، ده‌شێ ناوی لێ بنێین "زمانی كوردی نوێ". ئه‌م زمانه‌ش، "زاری كوردی ناوه‌نده"، نه كرمانجییه، نه گۆرانه، نه كه‌لهوڕه، نه‌ك لوڕه، نه له‌كه، نه شه‌به‌كه، نه ئێزیدییه، نه موكریانییه، نه ئه‌رده‌لانییه، نه سۆرانیه، نه‌زازاییه، ...هتد، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌مانه‌یه، هه‌موو ئه‌مانه‌ی له خۆ كۆكردۆته‌وه، هه‌مووان ده‌توانن خۆیان تێدا ببیننه‌وه، قسه‌ی پێ بكه‌ن، خه‌ونی پێ ببینن، پێی بنووسن، ساده ساكار و ڕه‌وانه، نێر و مێی نیه، مه‌نگ و سه‌نگ و سه‌نگینه، به‌رز و باڵا و ڕه‌نگینه، زمانێكه ئاوا بێ، ئیتر هی دیكه‌ی بۆ چیه، ئه‌م زمانه‌ش زمانی ئه‌و مه‌لا ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیره‌یه كه "دانتێ ئه‌لیگێری"ی كوردییه، له گوندی میتافیزیكی خاك و خۆڵ سه‌فه‌ر ده‌كا و به سواری گوێدرێژ دێته شاری سلێمانی، له‌وێ شۆڕشێك به‌رپا ده‌كا، بناغه‌ی بیری و نوێ زمانی نوێ و كرداری نوێ داده‌ڕێژێ، میره‌كان، كه پێشتر بێ‌زیان نه‌ده‌هات به كوردی قسه بكه‌ن، هه‌مووان ده‌هێنێته سه‌ر زمان و خه‌ون و خه‌یاڵی خۆی، ئیتر له‌وساوه ئه‌م كاروانه به‌رده‌وامه، ئه‌م نووسینه‌ش كه ئێوه ده‌یخوێننه‌وه، به زمانی ئه‌و مه‌لا بیر تیژ و ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیره‌یه.
ڕۆمان به به‌شی كورت كورت له شێوه‌ی هه‌قایه‌تی كوردی، به زمانێكی ساده و ڕه‌نگین نووسراوه، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ده‌چیته ناو جیهانێكی كۆنی تازه‌ی پێش دوو سه‌د ساڵ، له‌وانه‌شه زۆرتر بێ، شوێن هه‌مووی بریتیه له گوندی میتافیزكی خاك و خۆڵ، تا سلێمانی و ناو شاری سلێمانی، شاری سه‌رده‌می نوێی كوردی، وه‌ك له‌نده‌نی سه‌رده‌می ڤیكتۆری، ماڵی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، قسه و سه‌لیقه‌ی جوان، ڕێگای نیوان ئه‌و گونده و شار، ڕێگا و جیۆگرافیایه‌كی كوردییه، ده‌شت و ده‌ر و گوڵزار و كانی و بێده‌نگی و ئاسووده‌یی ده‌بینی و هه‌ستی پێده‌كه‌ی. ڕۆمان له به‌هار ده‌ست پێده‌كا، شۆڕش له پایز و زستان و تا سه‌ره‌تای به‌هاری ئایینده ڕووده‌دا، له‌گه‌ڵ كۆتایی به‌هار ته‌واو ده‌بێ، مه‌لای ڕوونبێژ و ڕه‌وان بیر، یان شاعیری گه‌وره، هه‌ر له‌م كۆتایی به‌هاره شار جێ ده‌هێڵێ، به‌ڵام چ جێهێشتنێك !! زمانی هه‌مووان، خه‌یاڵی هه‌مووان، فیكری هه‌مووان، ئاخاوتنی هه‌مووان، خه‌ون و خولیای هه‌مووان، هه‌مووی نوێ ده‌كاته‌وه، هه‌مووان وه‌ك خۆی لێ ده‌كا، ئیدی له‌وساوه ئه‌م شۆڕشه به‌رده‌وامه، ئه‌م شكۆمه‌ندییه كه زمانی كوردی نوێیه، كه زمانی ئه‌م وتاره‌شه، هێشتا به‌رده‌وامه و زینددووه.
تێبینی: ڕۆمانی "میرنشینی خاك و خۆڵ" (2017) له نووسینی نه‌به‌ز گۆران. بڵاوكراوه‌ی وه‌شانی ئه‌ندێشه، سلێمانی.