پەرلەمانتارێكی عێراق دەستبەرداری موچە و پاسەوانەكانی دەبێت

عێراق 19/01/2022

چاودێر
ئەندامێکی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنرانی عێراق دەستبەرداری موچەى پەرلەمانتاری و پاسەوانەکانی دەبێت.

هادی حەسەن سەلامی، ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی نوێنرانی عێراق کردووە و تێیدا داوایکردووە، دەستبەرداری موچەکەی و پاسەوانەکانی دەبێت.

ناوبراو نوسیویەتی، تەنها ئەو موچەیەی بەسە کە پێش بوونە پەرلەمانتاری وەریگرتووە و ١٦ پاسەوانەکەشی ناوێت، چونکە پارێزگاریی هێزە ئەمنییەکانم بەسە.

مانگانە هەر پەرلەمانتارێکی عێراق بڕی زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دینار وەردەگرێت، بۆ موچەی خۆی و تێچووی مانگانە و پاسەوان و ستاف و کرێی خانوو و پێویستییەکانی دیکە.

 

هادی حەسەن سەلامی، لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی وەک پەرلەمانتار و لەبەرواری ١٠\١\٢٠٢٢دا ٤٠ نوسراوی فەرمی ئاڕاستەى دامەزراوە حکومییەکان کردووە و پرسیاری ئاڕاستەکردوون و داوای ڕوونکردنەوەی لێ کردوون.

 

ناوبراو پێشتر چالاکوانێکی نەجەف بووە و یەکەم پەرلەمانتارە، کە لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا هێندە نوسراو ئاراستەى دامەزراوە حکومییەکان بکات.