دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق سکاڵای سەر یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ یەکلانەکرایەوە

عێراق 19/01/2022

چاودێر
ئەمڕۆ چوار شەممە کۆبوونەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەبارەى سکاڵاکانی سەر یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق دواخرا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بەڕێوەچوو، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجامی کۆتایی بۆیە کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە.

هەردوو پەرلەمانتاری عێراق باسم خەزعەل خەشان و مەحمود داود سەلمان سکاڵای یاساییان لەسەر یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق تۆمارکرد.

یەکەم کۆبوونەوەی خولی پێنجەم ٩\١\٢٠٢٢ ئەنجامدرا، کە تێیدا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دوو جێگرەکەی هەڵبژێردران.

ئەو دوو سکاڵاکارە پێیانوایە کۆبوونەوەکە نادەستووری بووە، بۆیە سکاڵایان تۆمارکردووە.

ئەم سکاڵایە لەکاتێکدایە لایەنە سیاسییەکان بەردەوامن لەئەنجامدانی کۆبوونەوە بەمەبەستی گەیشتن بەڕێکەوتنێک لەسەر شێوازی پێکهێنانی حکومەت، کە ئایا بەزۆرینەى نیشتیمانی بێت یان ڕێکەوتنی نیشتیمانی و هەموو لایەنەکان بەشداربن.