مەلا بەختیار: دیموکراسی بەکۆمەڵی مەدەنی دادەمەزرێ نەک بە دەسەڵات

کوردستان 18/01/2022

 

مەلا بەختیار، لە دیداری رێکخراوی سپارک-ی هۆڵەندی، کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتییەو لە (١٧) وڵات نوسینگەی هەیە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات:
هەتا کۆمەڵێکی دیموکرات دروست نەکەین، ناتوانین لە پرۆسەی دیموکراسی دڵنیابین!

هەر لەو دیدارەدا کە ئەمڕۆ (١٨/١/٢٠٢٢) بەرێوەچوو، پاشئەوەی ئەندامانی رێکخراوەکە، رونکردنەوەیان لەبارەی مێژووی دروستبوونی رێکخراوەکەو پرۆگرام و ئامانجەکانیانەوە رونکردەوەو ئاماژەیان بە خول و  چالاکییە جیاوازەکانیان کرد، سیاسەتمەدارو رۆشنگەر، مەلا بەختیار، دەستخۆشی ئاراستەی کارو پرۆژە جیاوازەکانیان کردو رونیکردەوە: 
ئەمکار و پرۆژانە جێی خۆی دەگرێت و بەم پرۆژانەش دوای چەند ساڵێک گۆڕانکاری مەدەنی دێتەدی، چونکە دیموکراسی لەئۆرۆپا تەنها بە دەسەڵات دانەمەزراوە، بەڵکو بەکۆمەڵی مەدەنی دامەزراوە، واتا لەلوتکەوە دیموکراسی شۆڕنەبۆتەوە بۆ خوارەوە، بەڵکو لە دامێنەوە کارو خەباتی مەدەنی و سەندیکایی کراوە.
مەلا بەختیار، وتیشی: خەباتی مەدەنی، بە ئەرکێکی چارەنوسسازی مەدەنی دەزانم، باوەڕیشموایە هەتا دیموکراسی شۆڕ نەکەینەوە بۆ کۆمەڵ و کۆمەڵێکی دیموکرات دروست نەکەین، ناتوانین لە پرۆسەی دیموکراسی دڵنیابین کە تەواوی ئامانجەکانی بەدیبهێنێت. بەڵکو نەک ناتوانین بەبێ خەباتی مەدەنی تەواوی ئامانجەکانی دیموکراسی بەدەستبهێنین، بگرە هەڵگەڕانەوە لە دیموکراسی نەک بەدیهێنانی دیموکراسی، ئەگەرێکی بەهێزە. بۆیە بونی رێکخراوەکەی ئێوەو هاوشێوەکانی ئێوە بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی گرنگە.