دەوڵەت باخچەلی: کەرکوک شارێکی تورکمانییە

جیهان 18/01/2022

لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی "مەهەپە" کە سێشەممەی هەموو هەفتەیەک لە پەرلەمانی تورکیا دەکرێت، دەوڵەت باخچەلی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، لە حکومەتی نوێی عێراقدا دەبێ لانیکەم دوو وەزارەت بدرێتە تورکمانەکان. 
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست "مەهەپە" لەبارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و نوێنەرایەتیی تورکمان رایگەیاند "لە دوایین هەڵبژاردنەکانی عێراقدا حەوت پەرلەمانتاری تورکمان هەڵبژێردران. بەڵام ئەم ژمارەیە لە ئاستی پێویستدا نییە، دەبووایە ژمارەی نوێنەرانیان سێ هێندە بووایە. بەشداریپێکردنی تورکمان لە کایەی سیاسیی عێراق ناچارییەکی مێژوویی و سیاسییە. تورکمان گەلێکی خوێندەوار و ئەفەندین مافی خۆیانە نوێنەرایەتیی سیاسییان هەبێت و داکۆکی لە مافەکانیان بکرێت. بۆیە لە حکومەتی نوێی عێراقدا دەبێ لانیکەم دوو وەزارەت بە تورکمان بدرێت". 
 
دەوڵەت باخچەلی، تورکمان بە "پێکهاتەیەکی رەسەنی عێراق" ناودەبات و دەڵێت: "یەکێکن لە سێ فاکتەرەکانی دامەزراندنی عێراق. بۆیە عێراقێکی بێ تورکمان بریندارە نیوەچڵە هەتیووە و سەرباری ئەمەش بێبەشن لە مافەکانیان ئەمە دۆخێکی نادادپەروەرانەیە نایەکسانییە و گرێکوێرەییە". 
 
سەرۆکی پارتە نەتەوەپەرستەی تورکیا دیسان "کەرکووک"ی بە شارێکی تورکمانی ناوبرد و گوتی: "خاکی تورکمان لە مەندەلییەوە تاوەکو تەلەعفەرە، بووەتە چەقی ناکۆکییەکان و ئەمەش وایکردووە لە ماوەی نزیکەی 50 ساڵدا بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەستکاری دیموگرافیای بکرێت. ئەم پیلانگێڕییە تەمەنی کورت نەبووە و هەر بەردەوامە. روونە کامە لایەن کار لەسەر گۆڕینی دیموگرافیاکە دەکەن. کەرکووک شارێکی تورکمانییە و هیچ گفتوگۆ هەڵناگرێت، کەس ناتوانێت شوناسی تورکمان رەش بکاتەوە و فەرامۆشیان بکات".