بەهۆی بەستەڵەكی شەقامەكانی سلێمانی ژمارەیەكی زۆر دەست و قاچیان شكاوە

جیهان 18/01/2022

شەوی رابردوو لە شاری سلێمانی بەهۆی دابەیزنی بەرچاوی پلەکانی گەرماوە و بەستنی شەقام و رێگاوبانەکان لە سلێمانی ١٨ حاڵەتی دەستشکان و قاچشکان تۆمارکراوە.
سامان نادر لێپرسراوی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی رایگەیاند، بەھۆی بەستەڵەکەوە لە سلێمانی ١٨ حاڵەتی کەوتن و دەستشکان و قاچشکان تۆمارکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە ئەوان وەک سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان دەکەن نەچنە ئەو شوێنانەنی کە دیاردەی بەستن تێیدا روویداوە و لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا پەیوەندی بە هێڵێ خێرای ١٢٢ـەوە بکەن و تیمەکان بەهانایانەوە دەچن.
باسی لەوەشکرد، تیمی فڕۆکەوانی سلێمانی ئامادەن بۆ ھەر حاڵەتێک کە ئۆتۆمبێلەکانی تیمەکان پێیان نەگات و ناوچەکە سەخت بێت ئەوا تیمەکانی فڕۆکەوانی دەچن بەدەم ھاوڵاتیانەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسنی و بومەلەرزەزانی هەرێم شەوی رابردوو پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینیان بەخۆیانەوە بینی و لە شاری سلێمانی نزمترین پلەی گەرما بۆ ٧ پلە ژێر سفر دابەزیوە، کە بەهۆیەوە بەشێک لە شەقامەکان بەستوویەتی و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانیش داوای لە خەڵکی کرد بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.