هاوڵاتییەك تەمەنی 39 ساڵە و دەستەكانی 12 ساڵە

جیهان 18/01/2022

نیهاد تۆپاڵ، 39 ساڵ، کە لە ساڵی 2008 لە رووداوێکدا هەردوو دەستی بڕدرانەوە و دواتر دوو دەستی بۆ چێنران، ئێستا لە کێڵگەدا دەستی بە کارکردن کردووە و دەڵێت: "تاوەکو کاری زیاتر بکەم، دەستەکانم بەهێزتر دەبن".
 
 
تۆپاڵ ساڵی 2008 لەکاتی کارکردن لە کێڵگەیەکی پارێزگای موغڵای تورکیادا دەستەکانی کەوتە بەر ئامێرێکی کشتوکاڵی و پزیشکان بە ناچاری بڕیانەوە. دوای ئەوەی دوو ساڵ بێ دەست ژیا، 2010 دەستی گەنجێکیان بەناوی فاتیح دەمیرەل (23 ساڵ) بۆ چاند، کە لە ئەنجامی رووداوێکی هاتووچۆدا تووشی مردنی مێشک ببوو و لەڕێی بەستنی بە ئامێرەوە لە ژیاندا بوو.
 
نەشتەگەریی لێکردنەوەی دەستەکانی فاتیح و چاندنیان بۆ نیهاد، لە نەخۆشخانەی فێرکاریی زانکۆی ئاکدەنیز لە پارێزگای ئەنتاڵیا کرا و حەوت کاژێری خایاند.
 
پرۆفیسۆر دکتۆر عومەر ئۆزکان کە پزیشکی سەرپەرشتیکاری نەشتەرگەرییەکە بوو رایگەیاند؛ ئەمە یەکەمین نەشتەرگەریی چاندنی دوو دەست بوو لە تورکیادا.
 
تۆپاڵ کە ماوەی 12 ساڵە لەگەڵ دوو دەستی چێنراو دەژی، تەواوی کارەکانی خۆی کردووە. هەروەها ئێستا بڕیاریداوە کارە قورسەکانیش بکات و دەڵێت؛" هەتاوەکو زیاتر کاری پێ بکەم، دەستەکانم بەهێزتر دەبن". ئەو رۆژانە ماسی دەگرێت و گونیەی پڕ لە زەیتوون دەگوازێتەوە. دەستەکانی بە جۆرێک بەکاردەهێنێت وەک بڵێی لە ئەزەلەوە دەستی خۆی بووبن.
 
لەو رۆژەوەی بەخشینی ئەندامەکانی گەنجێک لە بێ دەستی رزگاریکردووە، پەیامی بەردەوامی تۆپاڵ ئەوەیە کە بە خەڵک دەڵێ با هەمووان ئەندامەکانیان ببەخشن بۆ ئەوەی تەواوی کەسانی خاوەنپێداویستیی تایبەت وەکو ئەو! چی زووە بە تەندروستی و ژیانی ئاسایی شادببنەوە.