سیماکانی سامی

رۆشنبیری 17/01/2022

نوسینی: پێشڕەو حسێن

ئەم شیکارە کورتە هەڵێنجراوی خوێندنەوەی ئەو کۆمەڵە شیعرەیە (پەنجەرەکەم بۆ گریان نییە!) کە ماڵپەڕی باڵندە بڵاویکردەوە و لەپاش ئاینەکانی گییا و بەلەمی نادیار ئەزمونێکی نوێی سامی هادی شاعیرە.
شوێنی رووداوەکان لە دەقی ئەدەبیدا وەک بنیاتنەرێکی گرنگی چیرۆک و چوارچێوە لە هەموو ژانرەکانیدا لەلایەن نووسەرانەوە گەمەی پێکراوە و دەکرێ، ئەمە کاریگەریی لەسەر کۆی بەرهەمەکە دەبێت و ئەوەی لەژێر کاریگەریی شوێنی رووداو دەخولقێ، بەپێی چوارچێوە ئەدەبیەکە یان کلاسیک یان رۆمانتیک و تادێ، دەتوانێت کۆی وێنەکان بەو لایەدا کێش بکات کە نووسەر دەیخوازێ. بۆیە ئەوەی لەناو ئەم نامیلکەیەی سامی هادی شاعیردا دەبینرێ سەر بەدونیای ریالیزمی ئەفسوناوییە؛ شوێنی روداوەکان لەم پارچە شیعرانەدا چەند ریشەیان لەناو ژیانە دە هێندە ئەفسوناویین؛ زۆرجار لەناو بۆشایی ئەو ئیرەییەدا روو دەدەن کە هەور  بە مانگ و تەنهایی دەبات، لەناو جریوەی پەنجەرەیەک و بیرچوونەوەی بەیانی باشی باران، لەناو سەرخۆشی لەتێک سێو، لەناو ئەو هەزارویەک ئەستێرەییەی دەبنە نامەبەری زیلان، لەناو چیاوازی هێلانە و نیشتیمان، لەناو دەریا و شەراب و تاریکی و دارستانە میهرەبانەکان.
گەمەی سامی لەتەک وشە سەرچاوەیەکی هەستەوەرانە پەیڕەو دەکا و لە قاڵب و فۆڕمیشدا سیمایەکی ئاماژەکارانەیە؛ وەک لەودیوی پەنجەرەش ماچ هێشتا جوانە، کەس پەنجەکانی بۆ فرۆشتنی پیانۆیەک نافرۆشێ.
ئاماژە و سیمیای ئەم شیعرانە لە هەناوێکەوە دەڕژێن کە هەست بە بێدەنگی رەشەباکە دەکات، هەست بە تەڕبوونی پێکەنینی باران، بە پیربوونی وەرزەکان، خەوی گۆرانییەکی قووڵ، هەربۆیە لە فۆڕمدا دەبێتە وێنەیەکی ئاماژەکارانە و چیتر پێکەنین بۆ هەمیشە رەنگی خۆڵەمێشییە.
لەوباوەڕەدام ئەم تەرزەی نووسین بۆ پەیوەندی دروستکردن لەهەر دوو رێگاکەوە؛ لە رێگای فۆڕمی وشە و ناوەخنەوە هەم لە زەین و هەم لە خەیاڵی وەرگردا چێ دەبێت، بەچەشنێک کە هیچ یەک لە کەرستە کەلامییەکان تەنها وێنەیەکی ریالیزمی نین و لە قاڵبی ئاماژەدا وێنەیەکی ئەفسوناویشن.
ئەو سیما خەیاڵییانەی سامی دەیاننەخشێنێ..

بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵە شیعرەکە کلیک لێرە بکە