ئەشرەف غەنی، چۆن لە کۆشکی سەرۆکایەتی "ئەرگ" ڕای کرد؟

جیهان 17/01/2022


نوسینی: ئانیسە شەهید
وەرگێڕانی: سۆران جەلیل


زانیارییەکانی ئەم بابەتە کە باس لە ڕاکردنی ئەشرەف غەنی لە دوانیوەڕۆی ١٥ی ئابی ٢٠٢١ دەکات، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پلەدارێکی پی‌پی‌ئێس (هێزی تایبەتی بۆ پاراستنی سەرۆک کۆمار)، بەرپرسێکی پلەداری ئاسایشی نەتەوەیی و سەربازێکی پی‌پی‌ئێس بەدەست هاتووە. ئەو سێ کەسە نەیانویست ناویان لە ڕاپۆرتەکەدا بێت. ئەمە یەکەم جارە بەرپرسانی ئەمنی لە حکوومەتەکەی ئەشرەف غەنی باس لە ڕاکردنی ئەو لە ئەرگ* دەکەن.

پلەداری گرینگی پی‌پی‌ئێس

سەعات حەوت و نیوی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی ئاب بە ئۆتۆمۆبیلە تایبەتەکەی لە ڕێگەی شەش دەرەکەوە بەرەو دەروازەی غەزنی ڕۆیشت. دەستەیەک لە سەربازانی سوپا کە بۆ پارێزگاریکردن لەو دەروازەیە دانرابوون، ئۆتۆمۆبیلەکەیان ڕاگرت. پرسیاری کرد: "ئێوە منناناسن؟ چی بووە؟ من هەردەم لێرەوە هاتوچۆ دەکەم، دەزانن کە کەس ناتوانێت کارەکانی ئێمە سنوودار بکات."

فەرماندەی هێزی بازگەکە لە دەروازەی غەزنی وەڵامی دایەوە: "ئەمڕۆ بە هیچ ئۆتۆمۆبیلێکی حکوومیی و تایبەتی ئیجازە بە چوونەژوورەوەی ئەرگ نادرێت." پرسی بۆچی؟ فەرماندەکە گوتی: "نازانیین، فەرمانی کوچییە کە بەهیچ ئۆتۆمۆبیلێکی حکوومیی و تایبەتی ئیجازەی چوونەژوورەوەی ئەرگنەدەین، ئەگەر دەتەوێت پێوەندی پێوەدەکەم؟" لە وەڵامدا گوتی: "نە، کاتێک سەرۆک فەرمانی کردووە دروستە." جەنەڕاڵ قاهر کوچی، فەرماندەی گشتی گاردی کۆماریی بوو، ئەم هێزە بە پی‌پی‌ئێس ناسرا بوو.

بە ئۆتۆمۆبیلەکەی کەمێک دوور دەکەوێتەوە، پێوەندی بە بریالی واحدی، بەرێوەبەری هەواڵگری پی‌پی‌ئێس، کە هاوڕێی بوو، دەکات و لێی دەپرسێت: "بەڕێز واحدی، سەربازەکان ڕێگەی هاتنەژوورەوەم نادەن، هۆکاری چییە؟ چی بکەم؟" بریالی واحدی بە پێکەنینەوە دەڵێت: "ڕەنگە تۆش بتەوێت ڕا بکەی…" پێ دەڵێت: "بۆ کوێ ڕابکەم، منترسنۆک نیم،مانای چییە؟ تۆ من ناناسیی؟ مەسەلە چییە… چیڕووی داوە؟" واحدی لە وەڵامدا دەڵێت: "ئەگەر ڕا ناکەی ئۆتۆمۆبیلەکەت لە لایەکەوە ڕاگرە و بە پێ وەرە ژوورەوە."

بەخێرایی بەرەو شاری نوێ دەڕوات، شار شێواوە، خەڵکسەرسامن. بەرەو چوارڕیانی تایمنی دەڕوات، ئۆتۆمۆبیلەکەیڕادەگرێت، بەتەکسییەک بەرەوە چوارڕیانی زەنبەق دەڕوات، لەوێ دادبەزێت و بە پێ بەرەو ئەرگ دەڕوات. لە حەوشەی ئەرگ ژمارەیەک لە سەربازانی پی‌پی‌ئێس سەر لێ شێواوانە وەستاون و پێی دەڵێن: "تاڵیبان هاتوونەتە ناو کابووڵەوە." لە وەڵامدا دەڵێت: "گرینگ نییە، ئێمە کە پێنج تا شەش هەزار سەربازیین، چەکی زۆر و باشمان هەیە، هێزەکانی فەوجی بی، سەرۆکایەتی ١٠، لیوای پشتیوانی گارنیزیون و هەندێ هێزی دیکە لەگەڵمانن، ئەگەر شەش مانگیش لە ئەرگ گەمارۆ بدرێین، دەتوانیین بەرگری بکەین، هێزی تەواو و چەکی زۆرمان هەیە لە چی بترسێین؟ هەموو شتێکمان هەیە، شەڕ دەکەین." بەم قسانە دەیەوێت ورەی هاوڕێکانی بەرز بکاتەوە.

لەناو بەڕێوەبەرایەتی ١٦ی پی‌پی‌ئێس دەچێتە ژوورەکەیەوە. لێرەش هەموو شڵەژاون، بە پلیکانەکاندا دەچێتە خوارەوە، لە بەشی کارەکانی سەرۆک سەیری دابەشکردنی کاتی ڕۆژانەی سەرۆک دەکات. بە پێچەوانەی ڕابردوو، سەرۆک کۆمار تەنیا یەک کۆبوونەوەی هەیە، بە خۆی دەڵێت: "سەیرە! بۆ ئەمڕۆ سەرۆک کۆمار تەنیا یەک کۆبوونەوەی هەیە؟" سەرۆک کۆمار سەعات ١٠ تا١٠ و٤٥ دەقەچاوی بەحەمدوڵڵا موحب، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، فەزڵ مەحموود فەزڵی، سەرپەرشتیاری کارەکانی سەرۆک کۆمار، وەحید عومەر، بەرپرسی پێوەندییەکانی ئەرگ دەکەوێت. لەو ژوورە دەچێتە دەرەوە و لە حەوشەکە جگەرەیەک دادەگیرسێنێت. وەحید عومەر لە نووسینگەی ڕۆژنامەوانەکان دەردەچێت. وەحید عومەر هاوڕێی باوکێتی و پێوەندی لەگەڵ ئەمیش بەهێزە. لێی دەپرسێت: "عومەر چی بووە؟ چ شپرزەیییەکە… خەڵکپەرێشانن." وەحید عومەر دەڵێت: "نا نا، هیچ نییە، قسەم لەگەڵ بەڕێز ئەشرەف غەنی، سەرۆک کۆمار کردووە، هەموو شتێک ئاسایییە." دیسان دەگەڕێتەوە ژوورەکەی پێوەندییە تەلەفۆنییەکان زۆرتر دەبن، هەواڵی شکاندنی زیندانی پولچەرخیی وهاتنەناوەوەی تاڵیبانی پێ دەگات.

سەعات ١٠یبەیانی، جەنەڕاڵ قاهر کوچی، سەرۆکی پی‌پی‌ئێس، ڕێنوێنی عەرەبێکی کەتە بەرەو ژوورەوە دەکات. سەربازەکان بەسەرسووڕمانەوە سەیری یەکتر دەکەن، ڕێنوێنیکردنی میوان کاری فەرماندەی هێزی تایبەت نییە. کەس زانیاری لەسەر هاتنی ئەم میوانە نییە، کەس نایناسێت. پێچەوانەی ڕێساکانی کۆشک، کوچی پیاوە عەرەبەکە کە جلێکی سپی لەبەرە و عەگالی لە سەرە، بەرەو ژووری سەرۆک کۆمار دەبات.

دوای کەمێک، وەحید عومەر بەسەرسامییەکی زۆرەوە کە جانتایەک لەبن دەستێتی لە کۆشکی گوڵخانە بەدەر دەکەوێت. ڕەنگی تێکچووە و زۆر نیگەرانە. لە عومەر دەپرسێت: "عومەر مەسەلە چییە؟" وەحید عومەر وەڵام دەداتەوە: "پێم وایە، کاری ئەفغانستان تەواو." دووبارە دەپرسێتەوە: "ئێستە بۆ کوێدەڕۆی؟" عومەر دەڵێت: "هەر کەسە و بەلایەکدا دەڕوات. کەس بە کەس نییە، هیچناکرێت."

دوای چارەگێک دەبینن: "لە دەروازەی غەزنی و چوارڕیانی زەنبەق دوو ئۆتۆمۆبیل دێن، پارەیان بار کردووە، فەرمان درا کە ڕێگە لە ئۆتۆمۆبیلەکان نەگیرێت." دوای ئەمە تەواویی کارمەندانی نووسینگەی سەرۆک و بەشەکانی دیکە دەست بە ڕاکردن دەکەن. شڵەژاوییەکی بێوێنە لە ئەرگ دێتە ئاراوە. هەموو کارمەندان هەوڵ دەدەن بچنە دەرەوە. هێزی پی‌پی‌ئێس حاڵەتی نائاسایی ڕادەگەیەنێت و فەرمان بە هەمووان دەکات بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، کەس هیچ لە ئەرگ نەباتە دەرەوە، تەواویی سەربازانی پی‌پی‌ئێس دەکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

پەیامی بەڕێوەبەری هێزی تایبەتی سەرۆک کۆماری، پێ دەگات: "لە کۆیی؟" وەڵام دەداتەوە: "لێرەم، لە دەرەوەی ژوورەکەم." دووبارە بۆیدەنووسێت: "پێم وایە، سەرۆک ڕا دەکات." وەڵامی دەداتەوە: "باوەڕە ناکەم ڕا بکات، تۆ لە کوێت؟" بەڕێوەبەر وەڵام دەداتەوە: "دوو ئۆتۆمۆبیل پارە هات، لەژێر کۆشکی گوڵخانەڕاوەستان و بە ئێمەیان گوت ئامادە بین، بەرەو پشتی باڵەخانەی دڵگوشا ڕۆیشتین." وەڵامی بەڕێوەبەر دەداتەوە: "ئەگەر هەر شتێکی دیکە هەبوو، پێم بڵێ."

دوای کەمێک کاروانێکی حەوت هەشتئۆتۆمۆبیلی بەرەو کۆشک دێن.

دووبارە نامەیەک بۆ بەڕێوەبەر دەنێرێت: "ئەو هەموو ئۆتۆمۆبیلە چیین..؟" بەڕێوەبەر وەڵام دەداتەوە: "هە هە هە، هەموویان پڕ پارەن."

سێ هەلیکۆپتەر لە حەوشەی کۆشک چاوەڕێن. سەربازەکان پارەکان لەناو دوو هەلیکۆپتەر بار دەکەن، ئەشرەف غەنی، فەزڵ مەحموود فەزڵی، حەمدوڵڵا موحب، جەنەڕاڵ قاهر کوچی، دوکتۆر یادگاری، دوکتۆری سەرۆک، وەحید عومەر، محەممەد ڕەفیع فازڵ، سەید موقیم عەبدولڕەحیم زی، چەند کەسی دیکە و دوازدە کەس لە زێڕەڤانییەکانی سەرۆک سواری هەلیکۆپتەرەکان دەبن.

هەلیکۆپتەرەکان دەکەونە کار، بەڵام ڕەحمەتوڵڵا ئسوڵی، فەرماندەی فەوجی ئاسمانی ئەرگ، کە کاپتنی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆماریش بوو، هەلیکۆپتەرەکان ڕادەگرێت و بە سەرۆک کۆمار دەڵێت:"باری هەلیکۆپتەرەکان زیادە، فڕین مەترسیدار دەبێت، بەم بارە قورسەوە ناتوانم فەرمانی فڕین بدەم."

جەنەڕاڵ کوچی، فەرماندی گشتی پی‌پی‌ئێس، هاوار دەکات: "فڕۆکەخانە زۆر دوور نییە، بفڕن." ئسوڵی جەخت دەکاتەوە: "فڕین بەمبارەوە ناکرێت، من ئەم بەرپرسیاریەتییە لەئەستۆ ناگرم."

ناچارن هەندێک لە پارەکان وهەشت کەسلە حیمایەکانی سەرۆک لە هەڵیکۆپتەرەکان داگرن.

فەزڵی دەڵێت: "ڕەنگە دیسانەوە نەتوانین هەستین."

دووبارە ڕەحمەتوڵڵا ئسوڵی، فەرماندەی فەوجی ئاسمانی، دەڵێت: "دەبێت بارەکان کەمتر بکرێنەوە، کێشی هەلیکۆپتەرەکان کەمی نەکردووە." بانگی سەربازەکان دەکەنەوە، پارەیەکی زۆرلە هەلیکۆپتەرەکان دادەگرن، نزیکەی پڕ یەک لەندکرۆزەر و نیو پارە دەکەنەوە ناو ئۆتۆمۆبیلەکان و هەلیکۆپتەرەکان دەفڕن. سەرباز و شوفێرەکانی سەرۆک کۆمار کە نائومێد، پەرێشان و تووڕە لە حەوشەی کۆشک بەجێمان، بڕیار دەدەن پارەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن. دەروازەکان دادەخەن و دەست بە دابەشکردنی پارەکان دەکەن. هەر یەکە و بەشی خۆی لە شوێنێک هەڵدەگرێت و دەروازەکان دەکەنەوە. لەندکرۆزەرە تایبەتییەکانی سەرۆک کۆمار بەخێرایی بەرەوە دەروازەی ئەرگ لە چوارڕیانی زەنبەق و دەروازەی غەزنی دەجوڵێن. لە دەروازەکە ئۆتۆمۆبیلی دیکە چاوەڕێن، نەفەرەکانی ناو ئۆتۆمۆبیلە تایبەتییەکانی سەرۆک کۆمار دادەبەزن، سواری ئەم ئۆتۆمۆبیلانەی دیکە دەبن و لەو شوێنە دوور دەکەونەوە.

کەسێک لە ئەرگ بە حامد کەرەزای، سەرۆک کۆماری پێشوو، ڕادەگەیەنێت کە ئەشرەف غەنی و جەنەڕاڵ قاهر کوچی ڕایان کردووە و دەوڵەتی ئەفغانستان بێ سەرۆک ماوەتەوە. حامد کەرەزای، پێوەندی بە عەبدولئەلحەمد محەممەدی، جێگری ئۆپراسیۆنەکانی پی‌پی‌ئێسەوە دەکات و پێ دەڵێت سەرپەرشتی پی‌پی‌ئێس تا ڕۆشنبوونەوەی دۆخەکە لە ئەستۆ بگرێت. محەممەدی بە سەربازەکان دەڵێت: "سەرۆک کۆمار، موحب، فەزڵی و کوچی ڕۆیشتن، دەسەڵات لای منە، کارەکانمان بەئاسایی ئەنجام دەدەین، تاکوو دوای بزانیین چی ڕوو دەدات."

بەم شێوەیە، کۆنتڕۆڵکردنی ئەرگ نەکردەنی بوو. ئەو کەسانەی کە لە ئەرگ مابوونەوە دەستیان کرد بە تاڵانکردنی ئەو پارەیەی کە لە بەشە جیاجیاکانی کۆشکی سەرۆکایەتی مابووە.

سەربازەکانی قاهر کوچی دۆلارێکی زۆریان لە بەشی پی‌پی‌ئێس بە دوو ئۆتۆمۆبیل برد. ٥٠٠ هەزار دۆلار کە لە نووسینگەی حەمدوڵڵا موحب بوو، برا. قاسەی پارەکان شکێنران و پارەیەکی زۆر کەوتە ئەو ناوە. هەندێ لە سەربازەکان هەوڵیان دەدا دووبارە پارەکان کۆ بکەنەوە، توانیان نزیکەی ١٠٠ هەزار دۆلار کۆ بکەنەوە، هەموویان خستە ناو هەمەرێکەوە، ئەم هەمەرە بە پارەکەوە هەر لەوێ مایەوە، تاکوو تاڵیبانەکان هاتن و کەوتە دەستیان.

دوای سەعات چواری دوانیوەڕۆ، هەندێ کەسی چەکدار لە دەروازەی غەزنییەوە هاتن و بە سەربازەکانیان گوت تەسلیم بن و چەکەکانتان دانێن. کەس نەما بوو فەرمان بە سەربازەکان بکات. تەلەفۆنەکەی محەممەدی داخرا بوو، جەنەڕاڵ ئەشرەف نەبی زادە، لە ئەفسەرانی پی‌پی‌ئێس، هاواری کرد: "ڕێگە بە کەس مەدەن، وابزانم محەممەدیش ڕۆیشتووە."

دوای سەعاتێک، دووبارە سەربازەکانی دەروازەکە هاواریان کرد: "چەکدارەکان بەرەو ڕوومان دێن، چی بکەین؟" هیچ کەس نەما بوو وەڵامی سەربازەکان بداتەوە. سەربازەکان گوتیان: "چەکەکانمان دادەنێین و دەڕوین، چونکە هیچ کەس نییە کە بەرپرسیارییەتی لەئەستۆ بگرێت."

سەعات ٧ و ٤٠ دەقە، کاتی نانخواردنی ئێوارە بوو، فەرمان درا: "شەش کەس لە ئەرگ با جلی سەربازیان لەبەر بێت، ئەوانی دیکە پۆشاکی ئاسایی لەبەر بکەن و چەکەکانیان دانێن و بڕۆن."

بە خەم ونیگەرانییەکی زۆرەوە، بێ ئەوەی جلیسەربازی لەبەر داکەن و چەکەکانیان دانێن، بەرەو چوارڕیانی زەنبەق کەوتنە رێ،لە چوارڕیانەکە چەند تاڵیبانێک بەچەکەوە وەستاون، چاوەڕێ دەکەن بەتوندی لەگەڵیان بجووڵێنەوە، تاکوو دەست بە دەقە بکەن، بەڵام پێیان دەڵێن بڕۆن. ئەو بەرەو ماڵی خۆیان دەڕوات.

بەرپرسی گرینگی ئاسایشی نەتەوەیی

ڕاکردنی ئەشرەف غەنی بەرنامەداڕێژراو بوو. حەمدوڵڵا موحب و فەزڵ مەحموود فەزڵی ئاگایان لەم بەرنامەیە هەبوو، بەڵام ڕۆژ و کاتی ڕاکردن دیار نەبوو.

ئاسایشی نەتەوەیی دەستی بە هەندێ زانیاری گەیشتبوو کە پێش ماوەیەک لە کەوتنی دەوڵەت، فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی کابووڵ ڕاگیرا بوو و پاراستنشی لە دەستی هێزێکی تایبەتی سەر بە سەرۆک کۆمار بوو. کەس نەیتوانیوە لێی نزیک بکەوێتەوە. ڕۆژی ڕاکردنەکە بەرنامە وا بوو کە لە کۆشکەوە بە هەلیکۆپتەر بڕۆنە فڕۆکەخانە و بەو فڕۆکەیە لە ئەفغانستان بڕۆنە دەرەوە، بەڵام پشێوییەکانی فڕۆکەخانە نەیهێشت کە بەم فڕۆکەیە ڕا بکەن.

سەرۆک کۆمار لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە سەعات ٢ و ٤٥ دەقەی دوانیوەڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ئاسایشی نەتەوەیی و وەزیری ناوخۆ، پێیان ڕادەگەیەنێت، تاکوو ڕێگە لە تێکچوونی ئارامی شار و دزیکردن بگرن. ئەو دڵنیایی دا بەڵێنیان لە تاڵیبان وەرگرتووە، تاکوو دوو هەفتەی دیکە نایەنە ناو کابووڵەوە، بەڵام تا دەهات بێ سیستەمی لە کابووڵ زۆرتر دەبوو و لە لایەکی دیکەوە تەواویی هێزەکان داڕووخان، تەنانەت بۆ ڕێگەگرتن لە بچووکترین پشێویی هێزی تەواو لەبەردەست نەبوو. دوای سەعاتێک لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەشرەف غەنی، هەواڵ هات کە سەرۆک کۆمار، لە وڵات ڕای کردووە و هیچ ڕێگەیەکی دی بۆ بەرگریکردن لە کابووڵ نەما بووە. ئەشرەف غەنی، لە مانگەکانی کۆتاییی دەسەڵاتی هیچ بابەتێکی گرینگی بە ئاسایشی نەتەوەیی نەدەدا. بۆ نموونە وردەکارییەکانی چاوپێکەوتنی ٤ی ئایار لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی بەریتانیا و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی پاکستانی نەدا بە ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆکی ئەو کاتی ئاسایشی نەتەوەیی لەو چاوپێکەوتنانەدا نە بەشدار بوو نە هیچ زانیارییەکشی لەبارەیەوە پێ درا. بە بۆچوونی من لە هەمان ئەو چاوپێکەوتنانەدا بووە کە دۆسیەی ئەفغانستان داخرا و هەڵاتنی ئەشرەف غەنیشی لەو دانیشتنانەدا باس کراوە.

سەربازی پی‌پی‌ئێس

تەلەفۆنیان بۆ یەکێ لە سەربازە نزیکەکانی سەرۆک کۆمار کە لە ماڵەوە بوو کرد و گوتیان: "سەرۆک کۆمار، دەچێتە وەزارەتی بەرگری، زوو وەرە." لە کاتێکدا کە زوو زوو باس لە هاتنەناوەوەی تاڵیبان بۆ کابووڵ دەکرا و شار شێوا بوو، خۆی گەیاندە ئەرگ، چوونە حەوشەکەوە، سەرۆک کۆمار، خانمی یەکەم، حەمدوڵڵا موحب، فەزڵ مەحموود فەزڵی و سوهراب خزمەتکاری سەرۆک کۆمار و شەمس، سواری هەلیکۆپتەرەکان بوون. لەگەڵ فڕینی هەلیکۆپتەرەکان سەربازەکان بۆیان دەرکەوت کە بەرەو وەزارەتی بەرگری ناڕۆن، بەڵکوو دەیانەوێت سەرۆک کۆمار ڕزگار بکەن. بەشێک لە سەربازانی پی‌پی‌ئێسیش لەناو هەلیکۆپتەرەکان بوون، بەڵام پێیانیان گوت کە باری هەلیکۆپتەرەکان گرانە و دەبێت بێنە خوارەوە. ئەوانیش بەناچاریی دابەزین. دوای فڕینی هەلیکۆپتەرەکان، ژمارەیەک لە سەربازەکان بەرەو دەروازەی چوونەدەرەوەی ئەرگ ڕۆیشتن، تاکوو لەوێ نەمێننەوە. هێزی دەروازەکە ویستیان ڕێگەیەن لێ بگرن، بەڵام نەیانتوانی. سەربازەکان گوتیان ئەرکی ئێمە پاراستنی سەرۆک کۆمار بوو، بەڵام ئیتر چیدیکە ئەو لە کۆشکدا نەماوە، کاری ئێمە تەواو و دەچینەوە ماڵەوە. ژمارەیەکیان دوای دەرچوونیان لە ئەرگ بەرەو دەروازەی سەفارەتی ئەمریکا ڕۆیشتن، بەڵام لەوێش کەس نەبوو، تاکوو قسەیان لەگەڵ بکات. ئەم سەربازانە ناچار بوون هەر یەکەیان بەرەو ماڵی خۆیان بڕۆنەوە.

بەڵام ژمارەیەکی دیکە لە سەربازانی پی‌پی‌ئێس، لە ئەرگ مانەوە و لە دەوری یەکێک لە نزیکەکانی ئەشرەف غەنی کۆ بوونەوە. یەکێ لە سەربازەکان گوتی: "هەموو ڕۆیشتن، ئێمە چی بکەین؟" لە وەڵامدا گوتی: "چاوەڕێ بن لە ماڵی سەرۆک حامد کەرەزایەوە تەلەفۆن دەکرێت."

عەبدولقەیووم زاکر، فەرماندەی تاڵیبان، لە نووسینگەی حامد کەرەزایەوە پێوەندی کرد و گوتی: "ئێمە حەقمان بە ئێوەوە نییە، پێش ئەوەی کە شەڕ و خوێنڕشتن ڕوو بدات، چەکەکانتان دانێن و ئەرگ تەسلیمی ئێمە بکەن. بەڵێنتان پێ دەدەین کەکەس ئازارتان نادات."

سەربازانی پی‌پی‌ئێس بە دونیایەک خەم و چاو بەگریانەوە، یەک بە یەک چەکەکانیان لە ژوورەکانیان دانا و لە کۆشکی ئەرگی سەرۆک کۆمار کە بۆ چەندان ساڵ وەکوو چاویان پارێزگارییان لێ کردبوو، چوونە دەرەوە. تاڵیبان سەعات هەشتی شەو دەستیان بەسەر ئەرگدا گرت.

محەممەد ئەشرەف غەنی ڕەدی دەکاتەوە کە پارەی لە ئەفغانستان بردبێتە دەرەوە. ئەوانەشی کە ئێمە چاوپێکەوتنمان لەگەڵیان کرد کەسیان هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر ئەم بابەتە بە ئێمە نەدا. ئەشرەف غەنی، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە؛ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە لێکۆڵینەوە لەم تۆمەتەی دراوەتە پاڵی بکەن. سیگار، ئیدارەی هاوکارییە مالییەکانی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، گوتوویەتی کە لەبارەی بردنەدەرەوەی پارە لە لایەن ئەشرەف غەنییەوە لێکۆڵینەوە دەکات. لێکۆڵینەوەکە تا ئێستە تەواو نەبووە.

وەرگێڕان: سۆران جەلیل

-------------------------------------------------------------

• ئەم بابەتە لە ئامادەکردنی (انیسه شهید)ە و بە ناونیشانی (فرار از میدانچه ارگ)، ١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢١، لە سایتی (٨ صبح) بڵاو کراوەتەوە.

* ئەرگ شاهی یان ئەرگ ئەفغانستان، شوێنی ژیان و کاری سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەیە. لە ساڵی ١٨٨٠ زاینیی و لە سەردەمی شا ئەمیر عەبدولڕەحمان خان، لەسەر ٣٤ هکتار زەوی لە ناوچەی وەزیر ئەکبەر خان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کابووڵ ڕۆ نرا. ئەرگ چوار کۆشکی لەخۆ گرتووە: کۆشکی گوڵخانە، (شوێنی سەرۆک کۆمار)، کۆشکی سەلامخانە، کۆشکی دڵگوشا و کۆشکی حەرەم سەرای. جگە لە شوێنی سەرۆک کۆمار، بینای ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی و نووسینگەی گوتەبێژی سەرۆک کۆمارشی تێدایە. لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١، کەوتە دەست تاڵیبان و کۆتاییی بە دەسەڵاتی کۆماری ئەفغانستان هات.