پۆستێك ئەوە ناهێنێت، پارتی و یەكێتی تا 10 ساڵی تر لەگەڵ یەكتر بیكێڵن!

کوردستان 16/01/2022

 

مەلا بەختیار:
(700) هەزار هاووڵاتی، متمانەیان لە پارتی، یەكێتی و گۆڕان وەرگرتۆتەوە!

ژمارەیەك لەكەسایەتی و پیاوماقوڵانی عەشرەتی نورەدین لەدەڤەری قەڵادزێ‌‌و پشدەر، سەردانی مەلا بەختیار، سیاسەتمەدارو رۆشنگەر دەكەن‌و لەدیدارێكدا، كە ئەمڕۆ (16/1/2022) بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەو گیانبەخشین و بەدبەختییانە كرد، كە بەدرێژایی تەمەنی خۆی، بەسەر شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا هاتووە، كە زۆرتر لەهەموو شۆڕشەكانی تر، كارەسات، راگوێزرانی گوندو دێهاتەكان، ئەنفال و كیمیاباران‌و بەو شێوەیەش كوردستان لەشۆڕشی نوێ‌ و یەكێتی كرایە دۆزەخ! لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتی، بەرابەرایەتی جەنابی مام جەلال، خۆی گرت‌و ئاڵای سپی هەڵنەكرد، بەڵكو لەناو هاوكێشەكاندا مایەو خۆیشی سەلماند.
مەلا بەختیار، ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، دەڤەرەكەی ئێوە، زۆرتر لەدەڤەرەكانی تر شاهێدی مێژووی یەكێتی و سەركردەكانین، بۆیە یەكێتی، قوربانیدان، سیاسەت و خەباتەكەشی باش باش دەناسن.
بۆ شۆڕش، هیچ كەموكوڕییەكمان لەخەبات‌و مقاوەمەت نییە، راستە هەڵەمان لەسیاسەتدا هەبووە، بەڵام ئەوەی لەسیاسەتدا مەحەكە، ئەنجامە! ئەنجامی خەبات و سیاسەتەكەیە. ئەو ئەنجامەشی هەیە، دەیسەلمێنێ‌ سەركەوتووبوین، كە هەڵنەهاتین، چونكە هەڵهاتن لەجوامێری یەكێتی ناوەشێتەوە! هەربۆیە یەكێتی مایەوە، شۆڕشگێڕێتی و خەباتی سیاسی مایەوە، تا گەیشتە راپەڕین.
لەبەشێكی تری ئەو دیدارە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە راپەڕین وێستگەیەكی ترە لەمێژووی یەكێتی، كە بەوهەموو قوربانی و بەدبەختییە، شاخ رزگاری نەكردین، بەڵام راپەڕین رزگاری كردین و سەركەوتین. چونكە ئەگەر داگیركردنی كوەیت نەبوایە راپەڕین نەدەبوو، راپەڕینیش نەبوایە، بەو پارتیزانانەی لەشاخ مابونەوە، نەماندەتوانی صەدام بڕوخێنین! ئەگەرچی صەدام لەكوەیت بەتەواوی تێكشكێنراو و دەرپەڕێندرا، كەچی بەو تێكشكاویی‌و سەرشۆڕییە لەكوەیت گەڕابۆوە، لەدوای راپەڕین هاتەوە كوردستان‌و كۆڕەوە گەورەكەی توش كردین.
رونیشیكردەوە: ئەمە دوو هۆكاری هەیە، یەكەم: دڕندەیی حكومەتی بەعس بوو، كە خەڵك لەڕووی دەروونییەوە، باوەڕی وابوو ئەمجارەش كیمیایی بەكاردەهێنێت، بۆیە هانای بۆ سنورەكان برد.
هۆكاری دووەهەمیش: بەرەی كوردستانی، خوێندنەوەیەكی هەمەلایەنەی نەبوو بۆ دۆخی دوای راپەڕین، بەرنامەیەكی عەسكەری رێكوپێكی نەبوو بۆ مقاوەمەت، سەنگەری بەندی باش نەكرا لەكەركوك و ناوچە جیاوازەكان‌و بەرگرییەكی لاوازمان كرد، بۆیە حكومەتی ئەوكاتی عیراقیش، بەو لاوازییەوە توانی بمانشكێنێ‌! بەداخیشەوە هەندێ‌ رەفتاری ناشرین و فڕكان فڕكانی دزیش كرا، كە خەڵك و پێشمەرگەی بێتاقەت كرد. بەڵام كۆڕەوەكە سەرەنجام رای گشتی دونیای هەژاندو ئەو شكانە بەخێرشكایەوە‌و ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری (688) و پاراستنی ناوچەی ئازاد بۆ كوردستان دابین دەكرێت.
مەلا بەختیار، لەدرێژەی دیدارەكەدا، سەرنج‌و رەخنەكانی لەسەر بەرەی كوردستانیش خستەڕوو: كە بەداخەوە بەرەی كوردستانی نەیتوانی حوكمێكی باش بكات، هەتا گەیشتینە هەڵبژاردن و پەرلەمان‌و حكومەتی كوردستان هەڵبژێردرا، سەرەڕای كێشمەكێشەكانی هەر لەوكاتەوە دروستبوون‌و وتیشی:
لەساڵی (1992)ەوە هەتا، كە هەشت كابینەی حكومەت گۆڕدراوە، بێ‌ ویژدانییەكی گەورەیە بڵێین هیچ نەكراوە، لەكاتێكدا كوردستان لەهەموو بارێكەوە گەشەی كردووەو جیاوازییەكە زۆر زۆرە، بەڵام پرسیارە گەورەكە ئەوەیە، ئایا لەمەی ئێستا باشتر دەكرا، یاننا؟ بێگومان دەكرا زۆر لەوەی ئێستا باشتر و زۆرتر پێشبخرایە، سەنگافورەش باشترین نمونەیە كە بە(30) ساڵ توانی لەوڵاتێكی دواكەوتووەوە، ببێتە یەكێك لەباشترین و خۆشگوزەرانترین وڵاتەكانی دونیا، بانكی سەنگافورە، زیاتر لە(800) ملیار دۆلاری تێدایەو بانكی كوردستانیش لەدوای (30) ساڵ (23 بۆ 24) ملیار دۆلار قەرزارە! سەنگافورە قەترەیەك نەوتی نییەو ئێمەش نەوت دەفرۆشین، سەنگافورە غازی نییە‌و ئێمە غازیشمان هەیە، تەنها یەكخەسڵەتی لەكوردستان باشترە، كە دەریای هەیەو كوردستان دەریای نییە! ئەگەرنا هەموو هۆكارەكانی پێشكەوتن بۆ كوردستان، زۆر لەسەنگافورە باشترە. بەداخەوە سەرەڕای دەستكەوتەكان كە كەمنین، بەڵام لەحوكمڕانی كوردستاندا كەوتوینەتە بەردەم ناڕەزایەتییەكی زۆری خەڵك، بەڵگەشم دوا ئەنجامی هەڵبژاردنە، كە هەرسێ‌ حزبی ناو دەسەڵات (پارتی، یەكێتی، گۆڕان)، (700) هەزار دەنگ دابەزیون! واتە (700) هەزار هاووڵاتی ئامادەنەبوون دەنگمان بدەنێ‌، ئەمەش بڕیاری میللەتە بەرامبەر بەدەسەڵات، نەك تەنها حزب، كە ئەم رێژە زۆرەی لەمتمانە لێوەرگیراوەتەوە!  (10-15) ساڵ تێكۆشانی پێویستە ئەو رێژەی دەنگ‌و متمانەیە بگێڕیتەوە شوێنی خۆی! ئەوەیشی رویداوە، كارەساتێكی جەماوەرییە! ئەگەر ئەخلاقی سیاسی و ویژدانی سیاسیمان هەبێ‌ و باوەڕمانوابێ‌ میللەت سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەكانە، دەبێ‌ دابەزینی (700) هەزار دەنگ، بەكارەساتێكی جەماوەری بزانین، ئەگەرنا باوەڕیمان هەروابێ‌ دەنگ بهێنین یان نەیهێنین، هەر یەكەو گوێی نەدەینێ‌، ئەمە بابەتێكی ترەو ئەقڵییەتی دەسەڵاتێكە كە نایەوێ‌، بیر لەدیموكراسی بكاتەوە.
مەلا بەختیار، لەدرێژەی دیدارەكەیدا، هاوكات لەگەڵ ئەوەی سەرنج‌و تێبینییەكانی لەسەر كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی یەكێتی و پارتی لەبەغداد خستەڕوو، كە باشبوو وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی پێكەوەچوونە بەغداد، خۆزگە هەموو حزبەكانی تریشی لەوەفدەكەدا بونایە، بەڵام دوای دوو رۆژ، دیسانەوە لێك دەترازێین! بەداخەوە بۆ هەناسەیان درێژ ناكەن یەكێتی و پارتی و ئەم پەلەپەلەیان لەچییە؟! ئاخر دوو رۆژ چییە بۆ مێژوو، بۆ چارەنوسی میللەتێك، بۆ دان بەخۆدا ناگرن تا لێكنەترازێن! 
رونیشیكردەوە: دەبوایە یەكێتی پێشتر بیزانیایە پارتی لەگەڵ صەدرو سونەكان رێككەوتووە‌و چەندینجار وەفدی صەدرو سوننەكان هاتونەتە هەولێرو وەفدی پارتیش چۆتە بەغداد، ئەمەش مانای ئەوەیە پارتی لەگەڵ صەدرو سوننەكان زۆر چۆتە پێشەوە، بۆیە كاتێك وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی پێكهێنرا، دەبوایە یەكێتی بیوتایە، ئایە پارتی ئێوە لەگەڵ صەدرو سوننەكان رێككەوتوون یاننا؟! ئەگەر رێككەوتوونتان كۆتایی پێهێناوە، ئەوا ئێمە وەكو وەفدی هاوبەش نایەن بۆ بەغداد، ئەگەر رێكیش نەكەوتوون فەرموو با بەرنامەی هاوبەش دابنێین بۆ رێككەوتن لەگەڵا صەدرو سوننەكان‌و لایەنەكانی تریشدا. هەربۆیە دوای دووسەعات وەفدە هاوبەشەكە تێكدرا‌و ئەمەش مایەی داخە چارەنوسی گەلێك و مییللەتێك بەدوو سەعات تێكبچێت! 
راشیگەیاند:
 لەدوای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان، دەرفەتێک كەوتۆتە دەست یەكێتی‌و پارتی‌و تروسكاییەكی چارەسەر دەبیندرێ‌، تكا دەكەین لەمەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەم دوولایەنە، كە تكایە ئەو تروسكاییە مەكوژێننەوەو زیاتری بكەن نەك كەمتر. زووتر بكەونە گفتوگۆ و خاڵە هاوبەشەكان بەسەر خاڵە ناكۆكەكاندا زاڵ بكەن و پۆستێك ئەوە ناهێنێت، پارتی و یەكێتی ساڵەهای تر لەگەڵ یەكتر بیكێڵن!