ڕێگە نادرێت پەنابەرانی ڕۆژئاوا بێنە هەرێمی كوردستان

جیهان 13/01/2022

چیتر رێگە بە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان نادرێت دەربازی باشووری کوردستان ببن و لەسەر سنووری نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستانیش بڵاوە بە هێز دەکرێت بۆ ئەوەی چیدی رێگە بە هاتنی ئەو پەنابەرانە نەدرێت، هەروەها بازرگانییان پێوە نەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ وادەیەکی بۆ کردنەوەی دەروازەی پێشابوور دەستنیشان نەکردووە.
 
لە 15ی مانگی رابردووەوە بەهۆی گردبوونەوەی لایەنگرانی پەکەکە لە رۆژئاوا لە سنووری پێشابوور و ئاڵۆزییەکانی ئەو کاتەوە، دەروازە سنوورییەکە داخرا، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 1500 پەنابەری رۆژئاوای کوردستان بە قاچاخ دەربازی باشووری کوردستان بوونە. ژمارەیەکی زۆری خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە رێگەی قاچاخەوە بۆ باشووری کوردستان دێن رێکاری تووندیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە سنوورەکان گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەربازی باشووری کوردستان بن و چیدی رێگە نەدرێت بازرگانی بەو خەڵکەوە بکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمنیی سنوورەکە، رێکارەکان زۆر تووندکراون بە تایبەتیش لە خاڵی سنووری سحێلا، هێز لەسەر ئەو سنوورە بڵاوەی پێکراوە، بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک رێگە نە بە هاتن و نە بەچوونی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بدرێت.