لەباكوری كوردستان ڕێگەی 700 گوند كرانەوە كە بەهۆی بەفرەوە داخرابون
جیهان 13/01/2022
لە پارێزگاکانی وان، مووش، بەدلیس، جۆلەمێرگ، چەولیگ و خارپێت لە باکووری کوردستان، رێگەی 914 گوند و ناوچەی نیشتەجێبوون کە بەهۆی بەفرەوە داخرابوون، توانرا لە ماوەی 48 کاژێردا رێگەی 704 گوند لەلایەن تیمەکانی شارەوانییەوە بکرێنەوە.
تیمەکانی رێگەوبانی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانی وان رایگەیاند، رێگەی 129 گوند و ناوچەی نیشتەجێبوونی سەر بە هەردوو شارۆچکەی باشکاڵە و گورپنار کە بەهۆی بەفرەوە داخرابوون، لە ئەنجامی کاری بەردەوامی تیمەکانیان، توانراوە رێگەی 91 گوند و یەکەی نیشتەجێبوون بەڕووی هاتوچۆوە بکەنەوە. هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ کردنەوەی رێگەکانی دیکە.
هەروەها شارەوانییەکانی چەولیگ و خارپێت کە پێکەوە کار بۆ کردنەوەی رێگەکان دەکەن، رێگەی 316 گوند و ناوچەی نیشتەجێبوونیان کردووەتەوە.
هاوکات لە دێرسمی باکووری کوردستان بەهۆی مەترسی هەرەسهێنانی بەفر و چڕبوونەوەی بەفربارین، دابەزینی پلەکانی گەرما و داخرانی رێگەکان، بۆ ماوەی رۆژێک دەوامی قوتابخانەکان راگیران.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە رێگەی دوو هەزار و 696 گوند و یەکەی نیشتەجێبوون لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان بەهۆی بەفربارینەوە داخراون.