مەلا بەختیار: کەمنین ئەوانەی عەیبەی زۆریان هێناوەتە سەر یەکێتی

کوردستان 12/01/2022

 

 

مەلا بەختیار، لەگەڵ مەڵبەندی سلێمانی: 
!

)کادری هۆشیار، لە منداڵدانی نائومێدیدا، ئومێد دروستدەکات(

مەلا بەختیار، رۆشنگەرو سیاستمەدار، لە دیداری ژمارەیەک لەکارگێڕ و ئەندام و کادرانی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی، کە ئەمڕۆ (١٢/١/٢٠٢٢) سەردانیان کردبوو، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: 
کورد، بە درێژایی مێژوو دوو هەڵەی گەورەمان هەبووە! هەڵەی یەکەم، ئەوەبووە کە هەمیشە خەباتی چەکداریمان کردووەو. چونکە هەتا کوەیت داگیر کراوەو راپەڕین بووە، هیچ کام لەو خەباتە چەکدارییەمان سەرکەوتوو نەبووە! هەڵەی دووەمیش ئەوەیە کە: فەلسەفەی سیاسیمان بۆ قۆناغە جیاوازەکانی کوردایەتی نەبووە!
کەواتا نەتەوەیەک (٢٥٠) ساڵ هیچ دەرسێکی لەخەباتی شکستخواردووی خۆی وەرنەگرتووە! ئەمەش بەهۆی ئەوەی هیچ فەلسەفەیەک ڕێنوێنی نەبووە، لە کاتێکدا فەلسەفە پێوەرە، هەڵسێنگەر و رەخنەیە.
راشیگەیاند: هەموو شۆڕشەکان لۆکاڵی بوون و تەنها یەک شۆڕشی سەرانسەریمان هەبووە، ئەویش شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵای نەهری بووە. 
وتیشی: بەدرێژایی مێژوو، کەخەباتی چەکداری کراوە، خائینەکان زۆرتر بوون لە دڵسۆزەکان، تەنانەت لە دواهەمین شۆڕشماندا، کە شۆڕشی نوێ بوو، کە توانیمان زۆرترین هێزی پێشمەرگە دروستبکەین، (١١) هەزار پێشمەرگە بوو، بەڵام لەوکاتەدا (٥٠٠) هەزار جاش و جاشی سوك لەکورداتاندا هەبوو!
رونیشیکردەوە: تەنانەت لەسەردەمی کۆمیتەی هەرێمەکاندا بەهۆی هەرەسی دەرونی دوای نەمانی شۆڕشی ئەیلولەوە، (١٩٧٦)، راپۆرتێکی نهێنی بەعسمان بەدەستگەیشت، تیایدا هاتبوو (٦٠) هەزار بەعسی لە سنوری هەموو پارێزگای سلێمانیدا هەبوو. ئەم هەرەسی دەرونی بوو.. نەك خیانەت. هەر ئەوکاتە، بە دروستبونی کۆمەڵە و یەکێتی و پەرپاکردنی شۆڕش، هەرەسە دەرونیەکەمان راگرت، کە بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان، تووشی رووخان ببوون، بۆیە ئەگەر کۆمەڵە و یەکێتی نەبوایەو مام جەلال نەگەڕایاتەوە، ئەوا میللەتەکەمان زۆرتر لەڕوی دەرونیەوە رۆ دەچوو.
لەبەشێکی تری وتەکانی ئەو دیدارەدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لەدوای کۆنگرەی چوارەوە، هەڵەکان زۆر زیادیکردووەو زۆرتر زەقبونەتەوەو کێشەو هەڵەکانی پێش کۆنگرە، بەر ئێمەش دەکەوێت و بێبەری نین، بەڵام ئێستا هەڵەکان زۆر زیاترەو کەمنین ئەوانەشی عەیبەی زۆریان هێناوەتە سەر یەکێتی و دابەزینی دەنگەکانیش، مایەی عەیبەیە. 
وتیشی: تەنانەت دەنگەکانی یەکێتی و پارتی و گۆڕانیش کە پێکەوە بەشداری حکومەتن، بەهەرسێکیان (٧٠٠) هەزار دەنگ دابەزیون و ئەمەش مایەی کارەساتی جەماوەریە، کەچی حزبەکان بە ئاسایی وەریانگرتووە.
لەکۆتایی وتەکانیشیدا، جەختیکردەوە: ئەوەی بۆ من وەکو مەلا بەختیار کرنگە، ئەوەیە حزبەکەم لە گرفت و ئاستەنگەکان رزگاری ببێت، چونکە یەکێتی گرنگترە. بۆیە هیواداری ئەو نائومێدییە گشتییەی بڵاوبۆتەوە کادرانی وەکو ئێوە نەگرێتەوەو نابێ بچینە ژێر هەرەسی نائومێدی، بەڵکو پێویستە خۆڕاگرتر و بەئومێدبین، چونکە کادری هۆشیار، ئەو کادرەیە لە منداڵدانی نائومێدیدا، ئومێد دروستدەکات.