سەرۆکی دادگای سلێمانی: نەرمی بەرامبەر بەکارهێنەرانی چەک و چەقۆ و تاوانە ئەلیکترۆنییەکان مەنوێنن

کوردستان 12/01/2022

چاودێر:

سەرۆکی دادگای سلێمانی داوای لە دادوەرانی لێکۆڵینەوە کرد، ئەوەندەی یاسا رێگەیداوە ئیجرائاتی زۆر توند بكەن لەگەڵ ئەنجامدەرانی تاوانە ئەلکترۆنیەکان، هەروەها چاوپۆشی لە بەکارهێنەرانی چەک و چەقۆ نەکەن و نەرمییان بەرامبەر نەنوێنن.

ئەمرۆ چوار شەممە دادوەر جاسم جەزا سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لەگەڵ دادوەرانی دادگاکانی لێکۆڵینەوەی سلێمانی کۆبوەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆکراوە لەبارەى پلانی کارکردنی ساڵی نوێ و گرتنەبەری ئەو میکانیزمانەی، کە دەبنە مایەی باشتر بەڕێکردنی کاروباری هاووڵاتییان و خێراترکردنی یەکلاکردنەوەی داواکان.

سەرۆکی دادگای سلێمانی داوای لە دادوەرانی لێکۆڵینەوە کرد، ئەوەندەی یاسا رێگەیداوە ئیجرائاتی زۆر توندبكەن لەگەڵ ئەنجامدەرانی تاوانە ئەلکترۆنیەکان و ئەوانەی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناو و ناوبانگی خێزانەكان لەكەداردەكەن، هەروەها چاوپۆشی لەبەکارهێنەرانی چەک و چەقۆ نەکەن و هیچ نەرمییەک بەرامبەریان نەنوێنن.

دادوەرانی لێکۆڵینەوە لەو کۆبوونەوەیەدا داواکارییان لەسەرۆکی دادگا هەبوو و جەختیان لە زۆری داواکان و كەمیی ژمارەی دادوەر و لێكۆڵەری دادوەری و فەرمانبەر كردەوە.

ئەو دادوەرانە داوایانکرد، بەپێی توانا کاربکرێت بۆ زیادکرنی دادوەر و لێکۆڵەر و فەرمانبەر بۆ دادگاکانی لێکۆڵێنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن زووتر داواکان یەکلایی بکەنەوە و ئیشوکاری هاووڵاتییان بەشێوەیەکی باشتر بەڕێبکرێت.