وتارەكەی سەرۆكی بانكی ناوەندی ئەمریكا نرخی نەوتی فڕاند

جیهان 12/01/2022

رۆژی چوارشەممە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی نەوت بەرزبووەوە. هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ گوتارەکەی جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە رایگەیاندووە ئابووریی ئەمریکا بەردەوامە لە بەهێزبوونەوە و بەرگەی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەگرێت.
 
جیرۆم پاوڵ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەسەرخۆ دەبێت و قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێدەکرێت.
 
گوتارەکەی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە چەشنێک لە چەشنەکان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی وەبەرهێنەران پێشبینی بکەن کە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لە ساڵی 2022 دا بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 12-1-2022 نرخی نەوتی برێنت 22 سەنت بەرزبووەوە هەر بەرمیلێک بە 83 دۆلار و 94 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 38 سەنت بەرزبووەوە بە 81 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
ئیدوارد مۆیا، شرۆڤەکاری نەوتی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ئۆاندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، "گوتارەکەی جێرۆم پاوڵ سەبارەت بەوەی کە رێگەی ئاسایی بوونەوەی ئابووریی ئەمریکا رێگەیەکی درێژە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا پاڵپشتی گەورە بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.