بەلەمەکەی (سامی هادی) پڕە لە شیعری موهاجیر !
کاکە سامی،
بە خودای موجامەلەت ناکەم و ڕەنگە چەند ساڵێکی تریش نەتبینمەوە. وەلێ ئەم تێکستەی خوارەوەم بۆ خاوەنی( بەلەمی نادیار ) نووسیوە ..
چونکە تۆ ، نەک بە تەنێ ڕێزی ئینسان ، بگرە ڕێزی مێروولەکیش دەگریت کە دەنکێ گەنم دەگوێزێتەوە بۆ مێرووستانەکەی ...
بەلەمەکەی (سامی هادی)
پڕە لە شیعری موهاجیر !
جەمال غەمبار
سامی ، فێر نییە بە دەنگی بەرز
شیعر بنووسێ !
ئەو لەگەڵ کۆچەریان
حەزی لێیە شیعر بۆ سروشت بخوێنێتەوە !
حەزی بە هۆڵی قەرەباڵغ و
بە دانیشتنی پڕ دووکەڵ و
قسەی زۆر نییە !
ئێوارەیەکی زستان
لە گوندێ ، دانیشتنێکی دۆستانە هەبوو
رەخنەی لە من گرت
گوتی ؛ شاعیر نابێ گۆشتی مریشک بخوات
شاعیر بۆ ئەوەی نەمرێ
دەبێ بە داوای لێبووردنەوە
روخسەت لە رووەک بخوازێ بۆ خواردن !
ئەو ئێوارەیە هەستم کرد
سامی لە زۆربەمان ، شاعیرترە .
نەک هەر ئەوە ،
سامی ، سەدەیەک زیاترە
دەخڵی سیاسەت دەکات
کەچی قەت رۆژێ
نەیهێشتووە رۆحی ، شلوێ بێ !
زۆر جاران ،
ئێرەییت پێ دەبەم
ئەی هاوڕێیەک
هەمیشە بە عەینەکی شیعرەوە
دەردەکەویت !
لەو جەنگەڵستانە
چۆن ماویت !
چۆن گورگ زەفەری بە رۆحت نەبردووە !
دڵنیام
تۆ لە هەر بەلەمێکدا
سەوڵ لێ دەیت
شەپۆلەکان پڕ دەکەیت لە شیعر و
لە خۆت!