حكوومەتی هەرێم خەرجییەكی دیكەی بۆ سەر شانی هاووڵاتیان زیادكرد

ڕاپۆرت 05/01/2022

 
چاودێر:
 
لە نوێترین بڕیاردا حكوومەتی هەرێمی كورستاندا بڕیاری دا بە پێویستی بوونی گرێبەستی ئەلیكترۆنی بۆ مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل.

مامەڵەكارانی ئۆتۆمبێل و خاوەن پێشانگەكان دەڵێن ئەم بڕیارە ئاستەنگ و گرفت بۆ دروست دەكات و بازاڕ هێندەی دیكە سست دەكات، كە چەند ساڵێكە بەهۆی زیادكردنی پارەی ژینگە و رێگەوبان و پێشێلكارییەكانەوە بازاڕ سست بووە.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بەشێك لە خاوەن پێشانگەكان گردبوونەوە و بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێمیان رەتكردەوە.

وەك خاوەن پێشانگەكان گوتیان بڕیارەكەی حكوومەتی هەرێم ئاستەنكی زۆر درووست دەكات و بۆیان جێبەجێناكرێت، ناكرێت لە كاتی مامەڵەدا ئەو كەسەی ئۆتۆمبێلی بە ناوەوەیە ئامادە دەبێت و ناشكرێت بۆ هەر یەك ئۆتۆمبێل كڕین و فرۆشتن 100 دۆلار بدرێت بە پێشانگە و 25 هەزار دیناریش بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ.

  حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە ئاستەنگكردنی كاروكاسبی هاووڵاتیان بەنێوی جۆراوجۆرەوە، بە رای هاووڵاتیانیش ئامانج لەم هەنگاوانەی حكوومەت كۆكردنەوەی پارەی زۆرترە بە ناوی جۆراوجۆرەوە، چونكە حكوومەت دەیەوێت لە كڕین و فرۆشتنی هەر یەك ئۆتۆمبێل 25 هەزاری دیكەی دەست بكەوێت سەرباری پارەی ژینگە و رێگا و بان و خێرایی كە هیچ ئەم داهاتانە ناشگەڕێنەوە بۆ خزمەتی بواری هاتووچۆ.