كوڕی نەوشیروان مستەفا دەبێتە رێكخەری گشتی گۆڕان

ڕاپۆرت 27/12/2021


چاودێر:

دواجار كوڕە گەورەكەی رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا دەبێتە رێكخەری نوێی حیزبەكە، ئەمەش دوای ئەو شكستەی گەورەیەی لە هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەردا بەسەری داهات كە رێژەی كورسییەكانی بووە سفر.

بەپێی زانیارییەكانی چاودێر لە دوای هەڵبژاردنەكانی مانگی ئۆكتۆبەر و سفربوونەوەی كورسییەكانی، تیمێكی بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵێكیان دەستپێكرد بۆ گەڕاندنەوەی سەركردە ناڕازییەكان، بەڵام لە هەوڵەكانیان سەركەوتوو نەبوون.

بەپێی سەرچاوەكان ئێستا پێشنیازكراوە چیا نەوشیروان مستەفا كوڕی رێكخەری كۆچكردوو بكرێتە رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان.

بڕیارە لە كۆنگرەكەدا كوڕەكەی نەوشیروان مستەفا خۆی كاندید بكات بۆ رێكخەری گشتی و بۆ ئەوەش پرس و راوێژی بە دەوروبەری خۆیكردووە و پشتیوانیان بۆ راگەیاندووە.

شرۆڤەكارێكی سیاسی ئاماژە بەوە دەكات، وەرگرتنی پۆستی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن چیا نەوشیروانەوە لە كاتێكدایە پێشتر حیزبەكە لەسەردەمی رێكخەری كۆچكردوو زۆر دژی بە بنەماڵەییكردن بووە، بۆیە بنكەی جەماوەری ئەم حیزبە بە دوور دەزانرێت هاتنەپێشەوەی كوڕی نەوشیروان مستەفا قەبوڵ بكەن، بەتایبەت كە ئەزموونێكی پێشووی سیاسەتی وەك پێویست نییە.

ئەو شرۆڤەكارە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ چاودێر گوتی: جارێكی دیكە مەحاڵە گۆڕان بتوانێت كە سەرپێی خۆی بكەوێتەوە بەتایبەت كە سەركردەیەكی كاریزمی نەبێت، چونكە گۆڕان لەسەر جەماوەری ناڕازی خۆی بنیاتنابوو، ئەم جەماوەرەش ئێستا لە هەموو حیزبەكان نیگەرانە، تەنانەت بەشداری هەڵبژاردنیش ناكات، بۆیە كە سیاسەتەكانی گۆڕانی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بینیوە، مەحاڵە جارێكی دیكە بچنەوە پاڵ گۆڕان.

  شرۆڤەكارەكە، گوتیشی: بزووتنەوەی گۆڕان گۆڕەپانی لە پێشدا بچووكبووەتەوە، بەهۆكاری ئەوەی نەیتوانیوە بەڵێنەكانی رابردووی بێنێتەدی بە پێچەوانەوە بە هەمان رێگای حیزبەكانی دیكەی دەسەڵاتدا رۆیشتووە، هاوكات كۆمەڵێك هێز و گرووپی دیكە هاتوونەپێش و رەنگی هی دیكەش بێن، جەماوەریش لە هەمووان ناڕازییە.

ئاماژەی بەوەشكرد رەوشی هەرێمی كوردستان ئاسۆی باشبوونی نییە و تادێت خراپتر دەبێت، بۆیە مەیدانی كاری حیزبەكانیش بچووكتر دەبێتەوە.