کەلەپورو سیکولاریزم

رۆشنبیری 23/12/2021

"کەلەپورو سیکولاریزم" ناونیشانی کتێبێکی تری بایەخداری گەوره عاریف و بیرمەندو فەیلەسوفی ناوداری بەڕەگەز ئێرانی تاراوگە نشین (عەبدولکەریم سروش)ـە،
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
کۆمەڵێک وتار لەخۆی دەگرێت، کە سروش زانکۆکانی ئێران و وڵاتەجیاوازەکانی ئۆروپا پێشکێشی کردوون.
بیرمەندی ناو هاتی لە"کەلەپورو سیکولاریزم"دا تیشک دەخاتە سەر ناکۆکی نێوان دووسەردەمی ناتەباو ئەنت و دوو دنیای دژو جیاواز، سەردەمی کۆن ونوێ، کلاسیک و مۆدێڕنێتە، ،ململانێی نێوان کەلەپورو سیکولاریزم، مرۆڤی کۆن و ئێستا.
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت لەو سەردەمی سیکولاریزم و جیهانگیری و پێشکەوتنەی تەکنەلۆجی و شۆڕش و تەقینەوەی زانستیدا،ئایە دەتوانین بەهەمان میکانیزم و  ئەقڵیەت و بیرکردنەوەی ڕابردوو بژین، لەو سەردەمی مۆدێڕنێتەو پۆست مۆدێڕنێتەیەدا، دەتوانین بەپێی یاساکانی سەدەکانی ناوەڕاست ژیان بکەین و بژین،ئایە مرۆڤی ئێستا دەتوانێت، هەمان شێوەی مرۆڤی کۆن و بەهەمان پێوەرو دۆگم و ستایلی ژیانی ئەو سەردەمە بژیت؟
نەخێر و هەزار جار نەخێر، چونکو ڕەوڕەوەی ژیان هەرگیز لەسەر شێوازێک ڕێناکات، سروشتی بوون وایەکە بەپێی یاسای دینامیکیەت بەڕێوە دەچێت و زۆرێک لە یاساکان و کۆنسێپتەکان و دیاردەکان و شتەکۆنینەکان بەپێی  سەردەمەکان گۆڕانکاریان بەسەردادێت و ناتوانن لەبەرامبەر شەپۆلی مەفهومە تازەکان و باهۆزی گۆڕانکارییە خێراکاندا خۆیان بگرن و بە نەگۆڕی و ستاتیکی و جێگیری و هەرمانی وەکو بەرێ و ئێستایان بمێنێننەوە،
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت ئێستا سەردەمەکە لەهەموو ڕوێکەوە گۆڕاوەو جیاوازە لە سەردەمی پێشوو،پێوەرەکانی مرۆڤبوون و پێشمەرجەکانی ژیان و ڕێساکانی بوون گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە، تۆ ناتوانی ڕێک هەمان یاساو فیقه و تێگەیشتن و نۆرمی بەر لەهەزار ساڵ و زوورتر ڕێک کۆپی کەیت و بیانهێنیت و لەسەدەی بیست و یەک و هەزارەی سێیەم و لەسەر ئەرزی واقع و دنیای تازەگەری و سەردەمی  جیهانگیریدا جێبەجێیان بکەیت،
 "کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت وەکو زۆرێک لەشتەکانی تر هەمان شێوە چەمکی هاووڵاتی و مرۆڤیش گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە، ئەگەر پێشتووترو لەسەردەمی دەسەڵاتی ئایینیدا مرۆڤ بەر لەهەرشتێک تەنها ئەرکی بەسەردا دەسپێندراو لەبەرامبەردا  هیچ مافێکی وەهای بۆدیاری نەدەکرا، ئەوە ئەمڕۆو لەسایەو سەردەمی هێزو دەسەڵاتی سیکولاریزمدا شتەکە زۆرجیاوازو پێچەوانەیەو پێوەرەکان زۆر گۆڕاون، مرۆڤی نوێ جیاوازە لەگەڵ مرۆڤی کۆن، ئەو مرۆڤەی ئێستا بەرلەوەی بیرلەئەرک بکاتەوە، داوای مافی خۆی دەکات، کەواتە مرۆڤی سەردەمی ئێستا تێگەیشتنی بۆ ژیان زۆر جیاوازە لە مرۆڤی کلاسیکی و تەقلیدی و سەردەمی کۆن، 
 "کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت هەردووک سەردەمی کۆن و ئێستا، سەردەمی بەهێزی و دەسەڵاتی ئایینی و ئێستای سیکولاریزمدا، کومەڵێک تایبەتمەندیان تێدایە کە دژو پێچەوانەن، گەر پێشووتر مرۆڤ وەکو ئامڕازێک سەیکراوەو چەمکی هاوڵاتی بوون بەو مانایەی ئێستا هەرگیز بوونی نەبووەو مرۆڤ کراوە بەکەنیزەو کۆیلەو بێ ڕێزی بەکەسایەتی کراوەو کەڕامەتی ئەتکراواو مافەکانی خوراوەو ئازادیەکانی دەست بەسەرداگیراوەو  ترسێندراوەو لاوازکراوەو بەسێبەرو پاشکۆکراوەو لەمرۆڤایەتی دراوەو مرۆڤ بوونی تیرۆرکراوەو شتێک نەبووە بەناوی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکان مرۆڤ، ئەوە ئێستا هەموو شتێک پێچەوانەیە لەسەردەمی سیکولاریزمداو لەناو سیکولاریزمدا، مرۆڤ بوون جێگیرکراوەو یاساکان لەسەر بنەمای مرۆڤ بوون نووسراون و نۆرم و پێوەرەکان لەناخی مرۆڤایەتیەوە هەڵێنجراون و مرۆڤ و مافەکانی کراون بەچەقی بیرکردنەوەو مرۆڤ کراوە بە سەنتەرو پێوەرو نەک هەر تەنها مافەکانی مرۆڤ، ئێستا دەیان و سەتان و هەزاران ڕێکخراو کۆمەڵە لەسەرانسەری دونیادا دروست بوون لەپێناو مافەکانی ئاژەڵ و  ژینگەو ..تاد.
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت لەسەردەمی عیلمانیەت و لەچاکەو فەزلی عەلمانیەت و بیری ئازاددا،ژیان لەهەموو لایەکەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، لە سیاسەت و حوکمداری، لەڕووی کومەڵایەتی و ئابوورییەوە، لەخوێندن و پەروەردە..تاد.
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت ئێستاو لەنا سیستەمی سیکولاریزمدا هاووڵاتی میعیارو بنچینەیە لەکۆمەڵداو ئەرک و مافەکان لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون دابەشدەکرێن و مرۆڤ دەکرێت بەپێوەرو تەنها مرۆڤ بوونی مرۆڤ ڕەچاودەکرێت و هەر مرۆڤیش دەبینرێت لەپێدانی ماف و دانانی ئەرکەکان و دیاریکردنی ڕۆڵەکان، نەک ئایین و ئیتن و مەزهەب و ڕەنگ و ڕەگەزی کەسەکە،
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت عەلمانیەت مرۆڤی کردووە بەکابەو ڕووگەی ژیان و دەبێت هەموو شتێک لەپێناو مرۆڤ و خزمەتی مرۆڤایەتی دابێت و  هەموو شتەکان بەدەوری خواست و ئارەزوو و ئازادی و مافەکانی مرۆڤدا بخوڵێنەوە،
 "کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت ئێستا تەکنەلۆجیاو زانست شۆڕشێکی وەها بێ وێنەو مەزنیان لەژیاندا بەرپاکردووەو گۆڕانکاری  و کودەتایەکی ڕیشەیان لە عەقیدەو تێگەیشتن و دیدەنیگای مرۆڤەکاندا کردووە سەبارەت بەمرۆڤ و ژیان و بوون،
ئەوەی پێشووتر وەکو یەقین و سەر ڕەخنەو پیرۆزو بڤەو هێڵی سورو ڕەها سەیردەکرا،ئێستا وەکو گومان و جێگای ڕەخنەو قسەلەسەرکردن سەیردەکرێت و ئەو سیفەتی پیرۆزی و ڕەهاییەی جارانی لێسەندراوەتەوەو لەسەردەمی سیکولاریزمدا هیچ شتێک جیگیرو نەگۆڕو پیرۆزو سەرو ڕەخنەو یەقینێکی ڕەهاو هێڵی سوور نییە، تەنها مرۆڤ و ئازادیەکانی نەبێت،تەنها ڕێزگرتن لەمافەکانی ئاژەل و سروشت دۆستی و ژینگە دۆستی و مرۆڤ دۆستی و ژن دۆستی و سەروەری یاساو چەمکی هاووڵاتی بوون و  یەکسانی نێوان مرۆڤەکان نەبێت، 
لەسەردەمی مۆدێڕنێتەو گڵوباڵیزەیشن و سیکولاریزمدا، لەسایەی دەسەڵاتی ئەقڵ و زانستدا، لەژێر هەژموونی بیری ئازادو هێزی فەلسەفەدا، یەقینەکان کران بەنایەقین و گومان و ، جاڕی مەرگی یەقینەکان و حەقیقەتەکان درا،مرۆڤی سیکولار، وەکو مرۆڤی کلاسیکی وا بە ئاسانی و دەروێش ئاسا سەرناڵەقێنێت و ڕادەستی بیری خوڕافی نابێت و بەکەم سەیرکردن و کۆیلەکردنی مرۆڤ ڕازی نابێت و وا بەساناهی ناچێتە ژێر باری بڕیارو گوتی گوتی و عن عنەو قیلەو قال و یەقول و قسەکانداو هیچ شتێک وەکو یەقین و ڕاستی ڕەهاو میتا گومان وەرناگرێت ، ئەوسەلماندنی دەوێت سەلماندن،نەک سەپاندن،
لەسەردەمی سیکولاریزمدا، دەسەڵات دەسەڵاتی ئەقڵ و هێز هێزی زانست و گۆڕەپان گۆڕەپانی بیرکردنەوەی ئازادو ئینسانی ئازادو مرۆڤ بوونە ،
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت لەسەردەمی عەلمانیەتدا پێوەرەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و کۆنی بەرێی ژیان کردن هەمووی هەڵوەشێندراونەتەوەو تێگەیشتنە سواو بەسەرچووەکان ئەبدەیت کراونەتەوەو دووبارە چەمکەکان داڕێژراونەتەوە، بەشێوەیەک کە لەگەڵ مۆڕاڵی مرۆڤایەتی و ویژدان و ئازادی و ماف و ئەخلاقی مرۆڤ بووندا تێک نەگیریێن و دژایەتی و بەریەک کەوتنیان نەبێت،
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت ئێستا پێوەرەکان گۆراون و جیهانی ئێستا مانای تری جیاوازی سەبارەت بە ژیان لەخۆگرتووە،خەڵکی شێوازێکی تر دەژین جیاواز لەو ژیانەی سەدان و هەزاران ساڵ بەر لەئێستا.
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت بەو تەسەورات و دیدگا کۆنەی سەدەکانی ناوەڕاست چۆن دەتوانین ڕوبەڕووی سەردەمی جیهانگیری و تازەگەری ببینەوە لەکاتێکدا کواڵێتی ژیانی ئێستای سەردەمی مۆدێڕنێتەو سیکولاریزم زۆر گۆڕاوەو شێوەی ژیانی ئێستا سەت و هەشتا پلە لەگەڵ سەردەمی سەدەکانی ناوەندو زۆر زو جیاوازەو چیتر ئەو سەردەمە گوزەشت مرۆڤ بەهەمان ستانداردو پێوەری سەردەمی هەزاران ساڵ، بەر لەئێستا ژیان بکات و مردووەکانی ناو گوڕستان فەتوا بۆ زیندوەکان بدەن و پێمان بڵێن: چۆن نان بخۆین و چۆن بحۆینەوەو چۆن بخەوین و چۆن ڕێبکەین و چی بکەن و چی نەکەین، مرۆڤی سیکولەرو سەردەمی سیکولاریزم، خۆی بیردەکاتەوەو هەڵدەبژێرێت و  بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات و بەهیچ شێوەیەک و لەژێر هیچ ناو پاساوێکداو بەهیچ بیانووەک قبوڵی ناکات کەس دەست لەژیانی نایبەتی ئەو ئازادیەکانی وەربدات و لەجیاتی ئەو بڕیاربدات و بیربکاتەوەو هەڵبژێرێت و هێڵی سور لەبەردەم ئازادی و هەنگاو خواستەکانی دابنێت و بتی بڤە لەبەردەم حەزەکانیدا قوت بکاتەوە.
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت لەسەردەمی جیهانگیری و مۆدێڕنێتەدا، هیچ مەرجەعەکی باڵاو دەسەڵاتێکی پیرۆزی ڕەها بوونی نییە کەتەحەکوم و یاری بەژیانی تاکەکان و چارەنوسی مرۆڤەکانەوە بکات، بەڵکو لە لەسایەی عیلمانیەت و لەناو سیستەمی عەلمانیدا ئیرادەی گشتی و ڕێککەوتنی کومەڵایەتی و ئازادی و خواستەکانی تاک مەرجەع و پیرۆز باڵان.
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت مرۆڤی سکولار،  سەردەمی تاکڕەهەندی جیهانی بینی و تۆتالیتاریەتی تێڕوانینی تێپەڕاندووە، مرۆڤی عەلمانی و سەردەمی سکولاریزم لەدیدەنیگایەکی ڕێژەیی و هەزار گۆشەنیگاوە لەشتەکان و دیاردەکان و چەمکەکان دەڕوانێت، نەک تەنها لەڕوئیایەکی سنوور بۆدیاریکراوی ئایینی و دیدێکی تاریکی فقهی و ڕوانینێکی تەسکی مەزهەبی و ئیدەلۆژی داخراو ڕەهادا.
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت مرۆڤی ئەمڕۆ وەکو مرۆڤی پێشتووتر هێندە لاوازو دەستەوسان و بێ دەسەڵات نییە لەبەردەم هێزی سروشتدا،بەڵکو مرۆڤی نوێ هەوڵدەدات سروشت کۆنتڕۆڵ بکات و هەموو شتێک بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوەو سروشت بۆخزمەتی خۆی بەکاربێنێت ڕوانگەو جیاوازی مرۆڤی نوێ لەگەڵ مرۆڤی کۆن بۆ جیهان ئەوەیه،
مرۆڤی ئێستا قۆناغی تەفسیرکردنی جیهان و شتەکانی بۆ گۆڕین تێپەڕاندووەو ئێستا وەکو پێشووتر مرۆڤی ئەوسەردەمە دیلی دەستی خوڕافەو بیری ئەفسانەگەرێتی و جادووگەرێتی نییە، مرۆڤی ئێستا ڕوانگەیەکی عەقڵانی بۆ ژیان و گەردون هەیە.
"کەلەپورو سیکولاریزم" 
پێمان دەڵێت مرۆڤی سکولەرو سەردەمی سکولاریزم نایەوێت تەنها بۆ ئەو دنیا بژیت و ئێرەی فەرامۆش بکات، مروڤی سکولار قایل نابێت لەپێناو بەهەشتی ئەوێ، ئێرەی بکرێت بەدۆزەخ و لەپێناو دیوەکەی تر،ئەو دیوەی بکرێت بە سوتەمەنی و قوربانی، مرڤی سکولەر مرۆڤێکە ڕوانینی خۆی لەخوڕافەو ئەفسانەکان پاککردووەتەوەو ئەو مرۆڤێکە دنیاگەرایانەو مادیگەرایانە لەژیان دەڕوانێت ، مرۆڤی سکولار کوڕی سەردەمەکەی خۆیەتی و دەیەوێت لێرەبژیت و ئنتیمایەکی بێ ئەندازەی بۆ ئێرە هەیە،
ئەو نایەوێت بەناوی ژیانێکی تر، ئێرەی لێ بدزرێت و ژیانی ئێرەی لێ وێران و بەدۆزەخ بکرێت،ئەو مرۆڤێکە دەیەوێت  ژیان بکات و چێژ لەخۆشیەکانی ژیان ببات وجێدەستی لێرە هەبێت.
مرۆڤی سکولار باوەڕی بە یاسایەکانی سروشت و هێزی گوڕانکاریەکان هەیە، ئەو مرۆڤێکە دەیەوێت بەرگی تازەگەری بپۆشێت و بەرەو ئاڕاستەی پێشەوە بڕوات و لەگەڵ شەپۆلی گۆانکاریەکان هەنگاو بنێت و لەگەڵ چرکەکانی زەمەن ڕێبکات و نایەوێت لەڕابردوودا گیربخوات و لەمێژوودا جێ بمێنێت و لەناو تونێڵی ترادیشۆن و کەلەپووردا تێڕوانین و بوونی خۆی زیندانی بکات  و لەچاڵی سەلەفیگەرێتیدا هەناسەکانی بخنکێنێت.

شەماڵ بارەوانی