بوومەلەرزەیەك یەكگرتووی لەرزاند

ڕاپۆرت 22/12/2021

 

سلێمانیی و هەڵەبجەییەكانی یەكگرتوو جەنگیان دژی هەولێرییەكان راگەیاند
چاودێر:

 بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان لە دەرئەنجامی ناكۆكییە نێوخۆییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان تەنگەژەیەكی گەورەی سیاسیی لەنێو ئەم حیزبەدا سەریهەڵداوە كە شرۆڤەكاران بە بوومەلەرزەیێكی سیاسی نێوی دەبەن.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار گوتوویانە باڵی هەڵەبجەیی و سلێمانییەكانی نێو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە پشتیوانی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی حیزب جەنگیان لە دژی باڵی هەولێرییەكان راگەیاندووە.

سەرچاوەكان گوتیشیان، چەندین بڕیار لە سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامییەوە دژی سەركردە هەولێرییەكان دراون و هەریەكە لە محەمەد هاودیانی، فەرهاد مەلا ساڵح، كەژاڵ هادی و هەژمارێكی دیكە لە بەرپرسانی یەكگرتوو لە سنووری هەولێر بە چەندین تۆمەت سزادراون.

هاوكات بڕیاری سزادانەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كورجستان گەیشتووەتە نێو كەناڵی سپێدەی زمانحاڵی حیزبەكە و یەكێك لە بەرپرسانی كەناڵەكە دوورخراوەتەوە.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە پێچەوانەی پێشبینییەكانەوە توانی ژمارەیەك كورسی پەرلەمانی عێراق لە هەڵبژاردنەكەی ئۆكتۆبەردا بە دەستبهێنێت، بەڵام ژمارەی دەنگەكانی دابەزی وەك حیزبەكانی دیكە بەتایبەت لە پارێزگەی هەولێر كە نەیتوانی هیچ كورسییەك بەدەست بهێنێت.

سەركردایەتی یەكگرتوو خوازیاری سزادانی سەركردەكانی پارێزگای هەولێرە كە نەیانتوانیوە كورسی بەدەست بهێنن، بەڵام تۆمەتیان بۆ دروستكردوون بۆ سزادانیان.

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان هەرچەندە بەردەوام لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی پارتی و توركیادا تێكۆشانی خۆی دەكات، بەڵام لە رووكەشدا بەردەوام خۆی وەك حیزبێكی ئۆپۆزسیۆن و بەرگریكاری هاووڵاتیان نیشان دەدات، بەڵام ئەم حیزبە رۆژێك لە رۆژان ئامانجی جێگرەوەی دەسەڵاتی نەبووە بە پێچەوانەی هەموو ئۆپۆزسیۆنەكانی دنیاوە.

لەگەڵ ئەم سیاسەتەشدا باڵی هەولێری و  بادینانییەكانی یەكگرتوو زۆرتر خوازیاری نزیكبوونەوە بوون لە پارتی و بەشێك لە سەركردەكانی پێشووی یەكگرتوو بوونە پارتی، بەڵام سلێمانی و هەڵەبجەییەكان خوازیاری خۆنمایشكردنن وەك ئۆپۆزسیۆن و لایەنی ناڕازی.