"چاودێر" هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانی ئاشكرادەكات

ڕاپۆرت 15/12/2021

 هاووڵاتیان: دوو كرێی كارەبا دەدەین و كارەباش نییە
چاودێر:

هاووڵاتیان نیگەرانی دەردەبڕن كە دوو كرێی كارەبا دەدەن و كارەباشیان بەپێی پێویست نییە.

ژمارەیەك هاووڵاتی بۆ چاودێر گوتیان پێشتر حكومەت دەیگوت بە پێوەری زیرەك كارەبا زیاد دەبێت، كێشەی كارەبا چارەسەر دەبێت، بەڵام دەبینین ئێستا پێوەری زیرەكیش داندراوە، كارەبا لە جاران خراپتر بوو نەك باشتر.

ساڵانی پێشتر لە وەرزی زستان و ساردی و سەرمادا، كە خواستی كارەباش زۆر  بوو، بە تێكڕای نزیكەی پازدە سەعات كارەبا دراوە، بەڵام ئەمساڵ بە پایز و بێ ساردی و سەرما و خواستی زۆر نییە و بە پێوەری زیرەكیشەوە، كەچی دەوری 10 سەعات كەمتری كارەبا هەیە، ئەویش پچڕ پچڕ لە هێندێك شوێن چەند سەعاتێك هەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا گوتی: پێوەری زیرەك نەبووایە، كارەبای نیشتمانی چەند سەعاتێك دەبوو.

هاووڵاتیان دەڵێن پارەیەكی زۆریان لێ دەستێندرێت بە مۆلیدە و نیشتمانیەوە، بەڵام بە هەردووكیان نزیكەی دەوری شازە سەعات كارەبا دەدەن.

هاووڵاتیان دەشڵێن ئامانج لە دانانی پێوەری زیرەك بۆ كۆكردنەوەی پارە بوو، نەك زیادكردنی كارەبا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی چاودێر لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، تەنگەژەی كارەبا بەهۆی كەمبوونەوەی بەرهەمی غاز و سووتەمەنیەوەیە بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنان، چونكە هەرێمی كوردستان وێستگەی پێویستی هەیە كە دەتوانێت نزیكەی 7 هەزار مێگاوات بەرهەم بهێنێت، بەڵام سووتەمەنییان بۆ دابینناكرێت.

ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانی كوردستان گوتویانە كە تەنگەژەی كەمی غازی سرووشتی دروستبووە هەم بۆ غازی ماڵان و بۆ كارەباش، بەهۆكاری ئەوەی بڕێك غازی بەرهەمهاتوو دەفرۆشرێت بۆ دەرەوە.

تا ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی سیستمێكی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبا نییە، پشت بە ئاوو سووتەمەنی دەبەستێت، ئەمەش بەردەوام كێشەی بۆ دروست دەبێت.