ژەنەڕاڵ مەککەنزی هۆشداری دەدات لە ئەگەری زیادبوونی هێرشی گروپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق

عێراق 10/12/2021

فەرماندەی باڵای لەشکری ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا 2500 سەربازی ئێستای خۆی لە عێراق بۆ ماوەیەکی دیاریکراودەهێڵێتەوە و هۆشداری ئەوەشی دا کە هێرشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و عێراق لەوانەیە زیاتر ببێت.

ژەنەڕال فرانک کێنیپ مەککەنزی بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتێد پرێسی ڕاگەیاند سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ڕۆڵەکەیان گۆڕاوە بۆ ڕۆڵێکی نالەشکری، بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن لە دابینکردنی پشتیوانی ئاسمانی و یارمەتی سەربازی دیکە بۆ هێزەکانی عێراق لە دژی ئەو هێزانەی داعش کە هێشتا لەناونەچوون.

فەرماندەی گشتی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە ئاماژەدان بەوەی کە گروپە سیاسی و چەکدارەکانی سەر بە ئێران بە بەردەوامی داوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمەریکایان لە عێراقدا کردوە، گوتی هەر بۆیەش لە مانگی12دا لەوانەیە ڕەوتی هێرشەکانی ئەو گروپانە بۆ سەر هێزە سەربازییەکانی عێراق و ئەمەریکا بەردەوام بێت.

ئەو بەرپرسە باڵایەی لەشکری ئەمەریکا گوتیشی ئەوان لە ڕاستیدا دەیانەوێت هەموو هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق بچنە دەرەوە، بەڵام بڕیار نییە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بچنە دەرەوە و هەر بۆیە ڕەنگە ئەمەش وابکات ئەو گرووپانە کاردانەوەیان هەبێت.

ژەنەڕال مەککەنزی بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا بەدوای ئەوەدایە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا نەمێنێن، گوتی ئێران لەو ڕووەوە وڵاتی عێراق وەک مەیدانی جەنگ دەبینێت و گوتیشی پێیوایە ئێرانیەکان بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوە و ناتەبایی خۆیان لە عێراقدا تا ئەو کاتەی ئەمەریکا بڕیار بدات بە تەواوی بکشێتەوە.

بەرپرسە باڵاکەی لەشکری ئەمەریکا گوتییشی ئێران پێیوایە ئەو هەڵمەتانەی سەبارەت بە عێراق هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر بەردەوامی گفتوگۆ ناوکییەکانی لە ڤیەننا، گوتیشی بەڵام من پێموایە ئەمە مەترسییەکی زۆر بۆ ئێران دروست دەکات، چونکە ئەوان ناتوانن ئەو دوو کێشەیە جیا بکەنەوە.

ژەنەڕاڵ مەککەنزی گوتی عێراقییەکان هێشتا خوازیار ئامادەبوونی سەربازی ئەمەریکان لە وڵاتەکەیاندا و دەیانەوێت لە شەڕی دژ بە پاشماوەکانی داعش پاڵپشتیان بکەین و هەر بۆیە تاکو ئەوان ئەمەیان بوێت و کۆدەنگییەک لەسەر ئەوە هەبێت، ئەوا ئێمە لەوێ دەمێنینەوە.

 

سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا