مەلا بەختیار: زۆر كەس سەری خۆی شۆڕكرد، لەئاستی پارە و گەندەڵی

کوردستان 29/11/2021

ئەمڕۆ (29/11/2021) لەمەراسیمێكی بەشكۆدا لەبناری بەمۆ، بۆ بەخاكسپاردنی تێكۆشەر‌و پێشمەرگەی دێرین (حاجی عەبدوڵڵای هۆرێنی)، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵاو بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، وتەیەكی پێشكەشەكردو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بەداخ‌و پەژارەیەكی زۆرەوە، هەموومان كە لێرە كۆبووینەتەوە بۆ بەخاكسپاردنی یەكێك لەكەڵەكانی بەمۆ، دەڤەری خانەقین و ئەو تێكۆشەرانەی كە لەمێژووی خەباتی دوو شۆڕشدا، كۆڵ دانیان نەزانیوە‌و یەكێكیان (حاجی عەبدوڵڵای هۆرێنی)ە. كە بەشی زۆری ئەو تەمەنەشی بردییە سەر، بۆ كوردایەتی، پێشمەرگایەتی تەرخانكرد‌و شاهێدحاڵی هەموو قۆناغە سەختەكانی چارەنوسی ئەم نەتەوە ستەم دیدەیە بوو.
مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: (43) ساڵ لەمەوبەر، ئاشنایەتیم لەگەڵ (حاجی عەبدوڵڵای هۆرێنی) دەستپێكردووە‌و هەركاتێكیش پێشمەرگەكانی بەمۆ دەهاتن بۆ سەركردایەتی، حاجی عەبدوڵڵا، مامە عەزە، مامە عەلە، شەهید ئازادی كوڕی، شەهید مەحمود‌و هەموو ئەوانەی ئەوكاتە لەگەڵیدا بوون، لەبارەگاكەی بەندە، لایاندەدا‌و ئەمەش بۆ ئەوان دڵخۆشییەك بوو، كە هاوڕێیانم، ئاشنا‌و هاوسەنگەریانم.
حاجی سیمبولێك بوو لەسیمبولەكانی تەبایی، تێكۆشەرێك بوو، لەتێكۆشەرە سەنگینەكانی برایەتی. ئەگەر وردە كێشەیەكیش بكەوتایەتە نێوان ئەو دوو مەفرەزەیەی ئەوكاتی خانەقین، ئەم حاجی عەبدوڵڵایە، وەك كاك سەلامی مەلا عەزیز، زۆر ئارام بوون. شەهید مەحمود ئەوكاتە، لەگەڵ شەهید ئازاد، تازە لەهەڵچوونی پێشمەرگایەتیدا بوون، جگە لەجێبەجێكردنی فەرمان، هیچ هەقێكیان بەسەر كێشەی لابەلاوە نەبوو، هەر فەرمانەكانیان جێبەجێ‌ دەكردو ملكەچی بڕیارەكانی سەرو خۆیان بوون.
وتیشی: دەتوانم بڵێم شۆڕشی ئەیلول شانازییە، بەڵام جیاوازییەكانی شۆڕشی ئەیلول لەگەڵ شۆڕشی نوێ‌ لەوەدایە، لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلول ئەم گوندانە ئاوەدان بوون، بەڵام لەشۆڕشی نوێ‌ گوندێك لەم گوندانە نەبوو، بەڵام ئەم پێشمەرگانە، هەربوون بەپێشمەرگە! راشیگەیاند: ستەمێكی زۆر سەختە، تەنها لەناو داروبەردی ئەم شاخی بەمۆیە‌و شاخەكانی تری كوردستان، بەپارتیزانی پێشمەرگایەتی بكرێ‌! نە رۆژێك، نەمانگ‌و نەساڵێك بوو، نەدوو ساڵ‌و چەند ساڵێكیش بوو، بەڵكو لەساڵی (1975)ەوە ئەم گوندانە راگوێزران، بەڵام لەساڵی (1976)ەوە پێشمەرگە سەریانهەڵدایەوە تا ساڵی (1991) كە راپەڕین بووە. واتا (15) ساڵی رەبەق، وەكو كەڵە كێویی و پڵنگەكانی بەمۆ، پێشمەرگەكانی ئەم دەڤەرەو لەنێویاندا، حاجی عەبدوڵڵای هۆرێنی، خۆڕاگربوون‌و تێكۆشەر بوون. لەپێش راپەڕین‌و دوای راپەڕینیش، ساڵنامەی ئەم تێكۆشەرە هەڵبدەیتەوە، هەموو ساڵێك یا شەهید، یان قوربانییەكی بەخشیوە! یان لەسەنگەر، یاخود لەئەنفال، یا لەكارەساتی چاوەڕواننەكراوی جەرگبڕدا، كە هەموو ئەمانەش لەخەسڵەتەكانی پیاوی خۆڕاگر، تێكۆشەری كۆڵنەدەرو بنەماڵەی خۆڕاگرن.
نە یەك، نەدووان و سیان و چوار، نە پێنج ‌و شەش، لەكەسوكارتبێ‌ بەقوربانی و تۆش هەر پێشمەرگەبیت! كوڕت شەهیدبێت‌و هەر پێشمەرگە بیت! دوو كچت ئەنفال بێت، هەر پێشمەرگە بیت! ئامۆزات شەهیدبێ‌، هەر پێشمەرگە بیت! ئەمە بەقسە ئاسانە بیڵێین، كاتێك بەدوو دەقە باس لەساڵنامە و مێژووی ئەم تێكۆشەرە دەكەین، كە ئەو دەقەیە، چڕكراوەی (40 بۆ 50) ساڵ خەباتە! مەلا بەختیار، ئاماژەی بەوەشدا: پەنجا ساڵ خەبات، خۆی لەخۆیدا گرنگە، بەڵام گرنگتر لەوە چۆنێتی خەباتەكردنە! ساڵدێت‌و دەڕوات، پێشمەرگەیت‌و ساڵیش بەڕێدەكەیت، بەڵام شۆڕشەكەمان تا درێژەی كێشا، خۆڕاگری پێشمەرگەكانی بەناوبانگتر دەبوو! گرنگتر لەوەش، لەناو شۆڕش ‌و پێشمەرگایەتیدا، سەدانیان تێكۆشەری چۆنایەتی بوون، تێكۆشەری پاكبوون! تێكۆشەرێك نەبوون خەڵك بڕەنجێنن! یان بەهۆی پلەو پایەكانیانەوە بنازن‌و خەڵكی لەشۆڕش بڕەنجێنن! هەرگیز، شتی وا روینەداوە.
تەئكیدیشی كردەوە: حاجی عەبدوڵڵا، لەهەردوو شۆڕشەكەدا تا ئێستا، كە دەڤەرەكە ئازادە، بۆم بدۆزنەوە كەسێكی عاجز‌و نیگەران كردبێ‌! دینارێك، بزنە لات‌و تایەیەكی لەكەسێك وەرگرتبێت! ئەمەش بۆخۆی سەربەرزییەكی گەورەیە. مرۆڤ ئەو تەمەنە تێبكۆشێ‌، بەهێندەی ئەوەی ساڵانی تێكۆشانی جێگەی سەربەرزییە، رەفتار و پاكێتییەكەی، هێمنییەكەشی جێگەی سەربەرزی بێ‌! وتیشی: ئەمڕۆ، هاوڕێ‌ و هاوسەنگەرانی كە لێرەن بەڕێیدەكەین، بۆ ئەو گۆڕستانەی كە خەونی بوو لەدوای راگواستنی گوندەكان‌و تەعریب، هەم كوردستان ئازادبێ‌ و بگەڕێتەوە بناری هۆرێن، لێرە هەوای پاكی ئەمناوە هەڵبمژێت‌و خەمیشی بوو دوور لەهۆرێن دواماڵئاوایی بكات‌و بەخاك بسپێردێت. ئەم خەمەش، لەخەمە جوانەكانی ناخی پیاوێكی تێكۆشەرە.
ئەوەی ئێستاش لەدوای خۆی پرسیارە، ئایا ئەم تێكۆشەرە پاكە دەبێ‌ بەدەرس، یان بۆ بێعارەكان نابێ‌ بەدەرس؟! بۆ هەر تێكۆشەرێك ئەم ناسنامەی پاكێتییە ببێ‌ بەدەرس، سەربەرزییە. بۆ هەركەسێكیش، گوێی نەداتێ‌ سەرشۆڕییە! وەك چۆن دەبینین، زۆر كەس سەری خۆی شۆڕكرد، لەئاستی پارە، گەندەڵی، دەستبەسەردا گرتنی زەویی‌و سەروەت‌و سامانی خەڵك‌و ساڵانی خەباتی خۆی هەمووی بەفیڕۆداوە، هیچ كەسێكیش تاقەتی سڵاوێكی نییە لێیبكات! بەڵام ئەوەتا هەموو ئێوە بەڕێزەوە بۆ دوا ماڵئاوایی حاجی عەبدوڵڵا لێرەن‌و لەناخی خۆتاندا‌و بەویژدانەو هاتوون، نەك بەزۆر!