راسپاردەکانی پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەری بڵاوکرانەوە

کوردستان 28/11/2021

 

ئێوارەی 28ی ئەم مانگە، کۆنفرانسەکانی دابڕان و فێمێنیزمی ڕۆشنگەری لەژێر دروشمەکانی "ئایین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هەموان" و "بەرەو هەڵوێستی فێمێنیستی و ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتی" بە پێشکەشکردنی ڕاسپاردە و پێشنیارەکانیان کۆتاییان بە چالاکییەکانیان هێنا.
لەدوایین پانێلدا لەژێر ناونیشانی "ژن و شوناسی سیاسی" بۆ چەند توێژەرێک بەڕێوەچوو.
پ.ی.د.میدیا فەتاح، مامۆستای زانکۆی سۆران باسێکی لەژێر ناونیشانی "ژنبوون، ڕۆڵی جێندەری و ئەزموونی ژنانی بارزانی وەک نموونە."
توێژەر ئاماژەی بە بارودۆخی ژنانی بارزانییەکان کرد دای جیهنۆسایدی بارزانییەکان. 
ئەو وتی: "ئەو ژنانە تووشی بارودۆخێکی دەروونیی ناجێگیر بوون و بەشێکیان تا ئێستاش بەتەمای هاتنەوەی هاوسەرەکانیانن."
ڕاشیگەیاند: ئەو ژنانەی مێردەکانیان بەر جینۆسایدی ئێزدییەکان کەوتوون هەستی ژنانەیان نەماوە یان چەپێندراوە. هاوکات دوای مێردەکانیان ڕوویان لە کاری قورس کرد و جڵەوی دارایی خێزانەکانیان گرتنەدەست.
دواتر د.سەوسەن ئیبراهیم عەگیدی، مامۆستای پەیمانگای پۆلۆتەکنیکی کەرکوک باسێکی لەژێر ناونیشانی "ڕۆڵی ژن لە پشتیوانی دروستکەرانی بڕیاردا، توێژینەوە لە دۆخی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاریی ژنان لە پارێزگای کەرکوکدا" پێشکەش کرد.
ناوبراو باسی ڕۆڵ و پێگەی ژنانی کرد لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بەشدارییان لە دروستکردنی بڕیار و ناوەندەکانی بڕیاردا و وتی: "پێویستە لە عێراقی دیموکراتیدا ڕۆڵیان هەبێت، چونکە عێراق لە لایەن ژنانەوە بنیاتنرا کاتێک پیاوەکان چوون بۆ جەنگ کاتیان بۆ ئەوە نەبوو."
ئەو باسی لەوەش کرد کە هیوادار بوون ژن لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە کاراتر بوونایە. بەڵام بەپێچەوانەوە پاڵپشتیی حکومەت بۆ بەشداریی ڕۆڵی ژنان بچووک کرایەوە.
هەر لەو پانێلەدا کنێر عەبدوڵڵا، نووسەر و چالاکوانی ژنان توێژینەوەیەکی لەژێر ناونیشانی "کۆتای ژنان، کاریگەریی لەسەر دۆخی ژنان و بەشداریی سیاسی و هەڵبژاردن" پێشکەش کرد.
کنێر عەبدوڵڵا هێمای بۆ ئەوە کرد، کۆتای ژنان ئامرازێکە بۆ چارەسەرکردنێکی کاتی بۆ کێشەی بەشداریی ژنان، کە مێژوویەکی کۆنی هەیە و لە زیاتر لە ٩٠ وڵات پەیڕەو دەکرێت.
وتیشی: "هەندێک پێیان وایە کۆتای ژنان دژی دیموکراسی نییە و جیاوازیکردن نییە لەنێوان پیاوان و ژناندا. هەندێکیش دەڵێن کۆتا وەک خێر و سەدەقەی پیاو وایە بۆ ژنان و دژی دیموکراسیشە."
کۆتا توێژەریش کۆمەڵناس مزەفەر شێخە بوو. باسەکەی لەژێر ناونیشانی "ناسنامەی ژنانی کورد لەنێوان زێد و تاراوگەدا، ڕۆمانی ژنەکان وڵاتیان نییەی ئەژین عەبدولخالق وەک نموونە" پێشکەش کرد.
ناوبراو هەوڵی دا لە سێبەری ڕۆمانەکەدا باس لەو گۆڕانکارییانە بکات کە بەسەر ژناندا دێت لە کاتی کۆچکردنیان لە نەریت و بیرکردنەوەی خۆرهەڵاتییانە بۆ وڵاتانی خۆرئاوا.
هاوکات باسی ئەدەبیاتی ژنانی کرد لەناو ئەدەبی کوردیدا بەتایبەتی ڕۆمان.
دوای ئەو پانێلە، وتاری کۆتایی کۆنفڕانسەکانی دابڕان و فێمێنیزمی ڕۆشنگەری بە وتاری کۆتایی مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر و دابەشکردنی بڕوانامەی ڕێزلێنان بۆ بەشداربووان کۆتایی هات.
مەلا بەختیار لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا وەک دابڕان قۆناغی ئەو قسانەی تێپەڕاندووە کە بەرامبەری دەکرا و ئێستا جیهانبینیی دابڕان بۆ گۆڕانکاری لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکی و جیهانبینیی بۆ هەموو بوارەکانی تر زۆر ڕوونە.
وتیشی: "دابڕان لەنێوان لادانی ڕاستڕەو و لادانی چەپڕەودا هێڵێ ناوەڕاستی گرتووە کە هێڵێکی واقیعییە. گۆڕانکاری بە دیدی ڕیالیستی و دیموکراسی و مەدەنی دەکرێت. حوکمی واقیع لە هەموو حوکمەکانی تر بەهێزترە."
دواتر پێشنیار و ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی شەشەمی دابڕان و چوارەمین کۆنفرانسی فێمینیزمی ڕۆشنگەری پێشکەش کران کران و بریتی بووة لەم ڕاسپاردە و پێشنیارانە:

لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفڕانس، پوختەی ئەو پێشنیاز و ڕاسپاردانە دەخاتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەهیوای ئەوەی لەبەر ڕۆشناییاندا سودیان لێوەربگیرێت و هەوڵی چارەسەکردنی کێشەکان بدرێت و ڕاسپاردەکان جێبەجێبکەن، ئەمەش ڕاسپاردەو پێشنیازەکانن:
1-  گەڕانەوە بۆ نێو مێژووی ماوە درێژی پەیوەندیی کورد بە ئیسلامەوە بە میتۆدێکی زانستی و بابەتی، بە مەبەستی دۆزینەوەی تۆڕی ئەو سیستمەی ئەو پەیوەندییەی لەسەر هەڵچنراوە. هەروەها هێنانەوەی ئەو تێکستانەی زانا کوردەکان لەمێژوی ڕابردوودا بە زمانە بیانییەکانی وەک (عەرەبی، کوردی، فارسی) نوسیویانە و کۆکردنەوە و بەکوردیکردن و لەسەرنوسینیان، تا ئەوە ڕونبکرێتەوە کورد لە ڕابردوودا تەنها شیعر و شاعیری نەبووە، بەڵکو خاوەنی بیرمەند و فەقیهـ و کەلامزانی ناودار بووە. هەر لەم ڕێیەشەوە، دۆزینەوەی ئەو ڕوانگە کوردییەی لە ناو ئەم تێکستانە هەبوون بخرێتەڕوو.
2-  لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست؛ هەوڵ بۆ دروستکردنی نەتەوە و نەتەوەسازی، خاڵیی بووە لە لێکۆڵینەوە و تیۆریزەکردنی ڕەوتی ناسیۆنالیزمی کوردی، ئەم بزاڤە لە دۆخی لاسییکردنەوەدا بووە، تا ئێستا ئەو دۆخەی تێنەپەڕاندووە و بەردەوام کورد توشی قەیران بووە. ڕۆشنگەری کوردیی دەبێت بۆ ئەو میتۆدانە بگەڕێت و کاریان پێبکات کە لەلاساییکردنەوە ڕزگاری دەکات و دەی خاتە سەر ڕێڕەوی بیرکردنەوەی سەربەخۆ و ڕەخنەی ورد کە جارێکی تر ڕەخنە لەخۆی و لە مێژوی خۆی بگرێت و دڵسۆزانە برینەکانی ڕۆحی"کوردبوون" ساڕێژبکات، چونکە ڕۆشنگەریی کاتێک دەبێت بە ڕۆشنگەریی کە ڕەخنە لە ڕابردو و ئێستای خۆی بگرێت و دوربکەوێتەوە لە لاساییکردنەوە و داهێنەرانە بکەوێتەسەر پێی خۆی.
3-  کورد لە ڕابرودا کە لەخوێندنی سوننەتی و حوجرەکانی خۆی دادەبڕێت و دێتە ناو خویندنی مۆدێرنەوە، خوێندنی مۆدێرن نە دەتوانێت خوێندنی کۆن تێبپەڕێنێت، نە دەشتوانێت تاکێکی"داهێنەر و بیرکەرەوە" دورستبکات، نە دەشتوانێت "بەها دیمۆکراتییەکان" لە تاکی کوردستانیدا بچێنێت. بۆیە چوونەوە بە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و ڕیفۆرمکردنەوەیەکی بنچینەیی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، ڕیفۆرمێک بە ئاراستەی پەروەردەکردنەوەی تاکێکی کوردستانیی بیرکەرەوەو ڕەخنەگر و ئازا و ئازاد، تاکێک ئازادیی خاک و ئازادیی خۆی پێکەوە گرێبدات و داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، لەجێی دووبارەکردنەوە و تەڵقینکردن بکاتە ئامانجە باڵاکانی خۆی.
4-  بابەتی توندڕەوی ئۆنلاین لەلایەن کەسانی پسپۆر لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵناسی، تەکنەلۆجیا، دەروونزانی و سیاسییەوە، دەرفەتی گفتوگۆی وردی بۆ بڕەخسێندرێت، یاسا و ڕێنمایی تایبەت بەم پرسە دەربکرێت، تا هاوڵاتی لەبەرکەوتن بە گوتاری توندڕەویی سەلەفیزم بپارێزن.
5-  هەوڵدان بۆ بونیاتنانی کۆمەڵێکی مەدەنی-سێکیولار، ڕزگارکردنی بیرکردنەوەی تاکی کورد لە بیرکردنەوەی نازانستی و خورافی. هەوڵبدرێت بۆ بەگشتییکردنی زانست و بیرکردنەوەی زانستی، تا لەوێوە بە ئەقڵێکی کراوە بۆ وەڵامی پرسیارە جەوهەرییەکانی ژیان بگەڕێت.
6-  لە کۆمەڵی نەریتیدا، ڕۆڵە  جێندەرییەکان  تواناکانی ژنان سنوردار دەکەن و لە قاڵبێکی کۆمەڵایەتیی بەرتەسکدا دادەرێژرێن، ئەمەش دەبێتە پاشخانێکی مەعریفی و بەهایی، کە نەوەکانی لەسەر پەروەردەدەکرێن وهەندێک جار خودی ژنانیش باوەڕیان پێی دەبێت و بە پێی ئەو نەریتە وێنای ژن دەکەن، ئەو وێنایەش زۆر جار ژنانیش باوەڕیان پێی دەبێت. بەڵام لەگەڵ گۆڕانی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵە جێندەرییەکان  تێکدەشکێن و دووبارە دادەرێژرێنەوە. بۆیە کارکردن لەسەر هۆشیاریی کۆمەڵایەتی،  لەسەر بنەمای  تێکشکاندنی ڕۆڵە جێندەرییە نەریتییەکان  کە بە پێی ڕەگەزەکان سازکراون  و توانای مرۆڤ، بەتایبەت ژنان، سنوردار و بەرتەسکدەکەنەوە، دواتر داڕشتنەوەیان بەپێی جیاوازیی  تاکایەتی و توانا و بەهرەی تاکەکان، وەک ئەندامێکی کارای کۆمەڵ، نەک وەک ڕەگەزێکی دیاریکراو.
7-  کارکردن بۆ بەکاڵانەکردنی سێکس لە فیلمی کوردیدا، بۆ ئەوەی سێکس نەکرێتە تەوەری سەرەکیی، لەبەرانبەریشدا ڕەخنەگرتن لەو پیاوسالارییەی لە فیلم و سینەمای کوردیدا دەردەکەوێت و دواتر دەبێتە نەریت و لەناو تاکی کوردستانیدا ڕەنگدەداتەوە.
8-  لەناوەندی بڕیاری میدیایی و سیاسەتی میدیاییدا دەبێت گرنگی بە ڕۆڵی ژن بدرێت و لە پەراوێزدا نەمێنێتەوە و بچێتە ناوەندی بڕیارەوە، تا لەوێوە گوتاری میدیایی بتوانێت باڵانسی جێندەری بپارێزێت. ژن وەک خۆی، نەک وێنەیەکی ساختەی، ببینرێت.
لیژنەی نوسینەوەی پێشنیاز و ڕاسپاردەکانی شەشەمین کۆنفڕانسی دابڕان و چوارەمین کۆنفڕانسی فێمینزمی ڕۆشنگەری
٢٨-١١-٢٠٢١
 سلێمانی