پوختەی چالاکیەکانی یەکەم رۆژی کۆنفراسەکانی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەری

ئابوری 27/11/2021

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، لەژێر دروشمەکانی "ئایین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ هەمووان" و "بەرەو هەڵوێستی فێمێنیستی و ڕۆشنگەریی کۆمەڵایەتی" شەشەمین کۆنفرانسی  دابڕان و چوارەمینی فێمێنیزمی ڕۆشنگەری لە هۆڵی ڕامادا لە شاری سلێمانی دەستیان بە چالاکییەکانیان کرد.
لە دەستپێکی کۆنفرانسەکاندا، د.دڵشاد مستەفا، وتاری پلاتفۆرمی دابڕانی خوێندەوە و تیایدا ڕایگەیاند: سەردەمی بیرکردنەوە بە شێوازی سەدە تاریکەکان کۆتایی هاتووە و  دابڕان ئامانجی گۆڕانکارییە لە بیری تاک و کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی ڕۆشنگەرانە و لەسەرخۆ.
وتیشی: "کۆنفرانسەکانی دابڕان هەوڵی ئەوەی داوە بیری جیاواز بێنێتەکایەوە، هەروەها هەوڵی دەرچوونی داوە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ ژینگەیەکی تر کە یەکسانی و دادپەروەریی بوونی هەبێت."
ناوبراو جەختی کردەوە کە دابڕان دژی هیچ ئایین و ئایینزا و مەزهەب و تەریقەتێک نەبووە و ناشبێت و بە دروشمی دیموکراسی بۆ هەمووان بەردەوام دەبێت.
دواتر حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم لە وتەیەکیدا ئاماژەی بەوە دا، وەزارەتەکەیان بە گرنگییەوە لە هەموو هەوڵێک دەڕوانێت کە ئامانج لێی هۆشیارکردنەوەی مرۆڤ بێت و بە ئاڕاستەی ڕۆشنگەری ببرێت.
وەزیری ڕۆشنبیری پێشی وابوو دابڕان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا خۆی سەلماندووە و چەندان کاری گرنگیان کردووە و ئامادەیی هاوکاریی وەزارەتەکەشی بۆ کۆنفڕانس دەربڕی.
هەر لە دەستپێکی کۆنفڕانسەکەدا، مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەکی ئاسۆیی دەکرێت، بەشێوەک هزر و دیموکراسی لە خوارەوەی کۆمەڵگە گەشە بکەن نەک لەسەرەوە بسەپێندرێن.
ئەو وتی: "هیچ سیستمێک نییە دیموکراسی بێت ئەگەر لەناو گەل و تاکەکانیدا ڕۆشنگەری نەچەسپێندرێت."
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەش دا، خوا و قورئان و پێغەمبەر هێڵی سوورن و موقەدەسات و ئازادیی خەڵک لای ئێمە هێڵی سوورن و هیچ کەس ناتوانێت دەستیان بۆ بەرێت. پێشی وابوو ئەو سیستمانەی دین و مەزهەبیان پێچایەوە شکستیان خوارد، بەڵام ئەزموونی دیموکراسی و قبووڵکردنی ئایین و بیروباوەڕەکان سەرکەوتوو بوون.
وتیشی: "لە ڕۆژهەڵات شتێک نەبووە بەناوی ڕۆشنگەری و ئاشتەوایی ڕاستەقینە. هەتا دین و مەزهەبیش باڵادەست بن بەسەر دەسەڵات و سەرچاوەکانی یاسادانانی ئەم وڵاتانە و بەزۆر خۆی بسەپێنێت، ئاشتەوایی نایەتەدی. ئێمە لەم کۆنفڕانسەدا بانگەوازی ئاشتەوایی دەکەین و دەڵێین با گفتوگۆ بکەین و تابۆکان وەلا بنێین."
دواتر مەلا بەختیار ئاماژەی بە کێشە لە دیموکراسی و حكومڕانیی هەرێم کرد و دیاردەی کۆچیشی بە کارەسات ناوبرد.
سەبارەت بە خۆپیشاندانی خوێندکاران و داواکارییەکانیان؛ وتی: "هیچ مەعقول نییە دوای ٣٠ ساڵ حکومڕانی ئەمە بارودۆخی خەڵک و خوێندکاران بێت و لەولاوە بە کێشەی لاوەکییەوە خەریک بێت. ئێستا حکومەت لە دووڕیانی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و لەدەستدانی تەواوەتیی متمانەدایە."
زیاتر وتیشی: "بەرپرسانی وا هەن ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری دزیوە. دەیڵێمەوە پارەی ژێرزەمینەکان و بانکەکانی ئەورووپا و گومرگەکان بهێنن، ئاخر دە ملیۆن دۆلار چییە بۆ خوێندکارانی خەرج ناکەن."
لای خۆشیەوە پ.ی.د.بەسمە حەبیب، وتاری فیمینیزمی ڕۆشنگەریی خوێندەوە و ڕایگەیاند: ژمارەی توندوتیژی و خۆکوشتن و کوشتنی ژنان لە چاو ساڵی پار زیادیان کردووە.
وتیشی: ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین لە ڕێگەی ڕۆشنگەری و هۆشیارییەوە وا لە تاکەکانی کۆمەڵگە بکەین دوور بکەونەوە لە توندوتیژی و جیاوازییەکانی یەکتر قبووڵ بکەن، هەربۆیەش پلاتفۆڕمەکەمان ناوناوە فیمینیزمی ڕۆشنگەری.
دواتر لە لایەن ماجد خەلیل و هاوژین زیبا، کار و چالاکییەکانی بازنەکانی پلاتفۆڕمی دابڕان و فیمینیزمی ڕۆشنگەری خرانەڕوو و هێڵە گشتییەکانی کارکردنیشیان بۆ ئاییندە خستەڕوو.
ڕاستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی وتارەکان، پانێلی یەکەم لەژێر ناونیشانی "کوردەواری و ڕۆشنگەری" کە بەناوی "مەلای گەورەی کۆیە" ڕیفۆرمخوازی ئایینییەوە بوو دەستی پێ کرد.
پ.ی.د.حەیدەر لەشکری، مامۆستای زانکۆی کۆی کۆیە یەکەم لێکۆڵەر بوو کە باسەکەی لەژێر ناونیشانی "بینراو و نەبینراوی بیرکردنەوەی کورد لە سەردەمی کلاسیکی مێژووی ئیسلامدا." پێشکەش کرد.
لە باسکەیدا ناوبراو هەوڵی دا باسی مێژوو و بەشداریی کورد بکات لە دروستکردنی ڕووداو و نووسینەوەی مێژووی ئیسلام. 
ئەو پێی وابوو بەشێک لە فەیلەسوفە ئیسلامییەکان کوردیان لە دەرەوەی بیرکردنەوە داناوە. دەشڵێت: "ئامادەنەبوونی کورد وەک زمان لە مێژووی کلاسیکی ئیسلامیدا وای کردووە کورد لە دەرەوەی بیرکردنەوە سەیر بکرێت."
دووەم لێکۆڵەر پ.ی.د ئیسماعیل مەحمودی، مامۆستای زانکۆی ئازادی ئیسلامی بوو لە مەریوان. باسەکەی لەژێر ناونیشانی "ئاستانەی تازەگەریی کوردی و چۆنییەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ نەریتدا" بوو.
ئەو لێکۆڵەرە سەرەتای سەهەڵدانی تازەگەریی کوردیی گەڕاندەوە بۆ ئیستانبووڵ و لەناو کوردیشدا بۆ حاجی قادری کۆیی.
ناوبراو وتی: "حاجی قادر پڕۆسەی تازەگەریی دەستپێکرد و لە داواکردنی دەوڵەتەوە دەستی پێ کرد. هەروەها دەرکردنی ڕۆژنامە و هەوڵەکانی ناردنەدەرەوەی خوێندکاری کورد. هەروەها ناردنی منداڵ بۆ خوێندن."
مامۆستاکەی زانکۆ ڕوونی کردەوە تا ئێستاش ئەوەندەی لاسایی دەکرێتەوە و تێزی دەرەکی دەهێندرێتە ناوەوە، ئەوەندە گرنگیی بەو تێزانە نادرێت.
دواتر عوسمان نووری، ماستەر لە زانستی سیاسی/ جوانڕۆ باسەکەی لەژێر ناونیشانی "دەوڵەت و ئایدۆلۆژیا، دابڕانی کۆمەڵی کوردستان لە حوجرە و خانەقاوە بۆ مەدرەسە لە وڵاتانی تورکیا و ئێران" پێشکەش کرد.
ئەو لێکۆڵەرە باسی لەو دابڕانە کرد کە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا ڕوو دەدات. هەروەها باسی لە خوێندگە و حوجرەکانی کوردستانی کرد.
ئەو باسی لەو پەڕینەوە و دابڕانە کرد کە بەهۆی دەوڵەتانی خۆسەپێنەری تورکیا و ئێران بەسەر خوێندنگە و حوجرەکانی کوردستانیدا هێناوە و گواستنەوەی خوێندکاری کورد بۆیان.
کۆتا توێژینەوەش لەلایەن موحەمەد حەقمورادییەوە پێشکەش کرا، کە سەرنووسەری گۆڤاری بیر و هزری سنەیە. لەژێر ناونیشانی ئەزموونی کورد لە مۆدێرنیتی لە دۆخی دابڕاندا.
ئەو توێژەرە لە میرنیشەکانەوە بە چەند قۆناغێکی جیاواز باسی لە مۆدێنیتی کرد، کە کورد تیایدا بەر دابڕانی گەورە کردووە و چۆنییەتی مامەڵە و بەرکەوتنەکانی کورد بەو دابڕانە و مۆدێنێتییە ڕوونکردەوە.
لە کۆتاییدا لە لایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆی سەرجەم توێژینەوەکان کرا.

لە بەرنامەکانی دوانیوەڕۆدا مەلا بەختیار بابەتێکی بە ناونیشانی ئایندەی رۆشنگەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کرد و تێیدا باسی لە گرنگی زانست و فەلسەفە و شاکارە ئەدەبیەکان و رۆشنگەری کرد کە بنەمان بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵ. ئەم بابەتە دیالۆگێکی چڕوپڕی لەناو ئامادەبوانی هۆڵەکەدا هێنایە کایەوە.

دوای بابەتەکەی مەلا بەختیار، بەرنامەی کۆنفرانسەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

پانێڵی سێیەم: ئاین، تەکنەلۆژیا، زانست
پانێڵی (ئیسماعیل جەزیری) زانای داهێنەری کورد و باوکی رۆبۆتەکان
بەڕێوەبەری پانێڵ: د. داستان خالد
-  حسێن ڕابی، مامۆستای زانکۆ/ زانکۆی سلێمانی: هونەر، ئاین، فەلسەفەو زانست.
-  شاژیر محەمەد، توێژەری زانستی/ سلێمانی: ئاوێنە دەمارەکان و شۆڕشی تێگەیشتن لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی زیندەوەران.
-  دیاری سابیر حەمە ئەمین، سایکۆلۆجیست: پەڕگیربوون و توندڕەوی ئۆنلاین، چۆن گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان تەکنەلۆژیا زانستییەکان لە خزمەتی بیروباوەڕە فەندەمێنتاڵەکانیاندا بەکاردێنن؟
-  خەسرەو میراودەلی، توێژەری پلاتفۆڕمی دابڕان: چیرۆکی ئادەم و حەوا، لەنێوان ڕەمز و حەقیقەتدا.
 
پانێڵی چوارەم: ئایین، پیرۆزی، کورد
 
پانێڵی (تۆفیق وەهبی بەگ) رۆشنگەری کورد
بەڕێوەبەری پانێڵ : ساڤۆ سەردار
- ئیبراهیم مەحمود، توێژەر لە سەنتەری بێشکچی: «سەر و کڵاو»، نواندنەوەی کوردییانەی جەهلی موقەدەس.
-پ.ی. د. نەوزاد جەمال، توێژەر لە دەستەی کوردستانی: سێکیۆلاریزم یان دەوڵەتی ئاینی (ئایا سێکیۆلاریزم دژی ئیسلامە؟)
- پ.ی. د.عومەر حەسەن سەعید، مامۆستای زانکۆ، زانکۆی کۆیە: شوێن و ئاین، پیرۆزی و ئەفسانەیی شوێن لە ئایندا.
- دەشتی مەحمود، توێژەر و وەرگێڕ/سلێمانی: فریشتە باوەڕی، ئاینی ڕەسەنی گەلی کورد.

تەواوی بابەتەکەی مەلا بەختیار و دیالۆگی نێو هۆڵەکە لەم ڤیدیۆیەدا دەبینن