ژمارەی فەرمانبەرانی عیراق چەندە؟ ساڵانە چەند ملیار دۆلار بۆ موچە خەرج دەكرێت؟

ڕاپۆرت 27/11/2021


رەمەزان شێخانی
دەزگای ئاماری عیراق لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردوەتەوە ژمارەی فەرمانبەرانی دام ودەزگاكانی حكومەت گەیشتوەتە یەك ملیۆن و32 هەزار فەرمانبەر كە خزمەت پێشكەش بە نزیكەی 40 ملیۆن هاوڵاتی عیراقی دەكەن.
چاودێران پێیان وایە ژمارەی فەرمانبەرانی عیراق بەراورد بە ژمارەی فەرمانبەرانی زۆربەی وڵاتانی عیراق زۆر زۆرە و داوایان كردوە چاو بەژمارەو پێكهاتەی فەرمانبەرانی عیراقدا بخشێنرێتەوە بەشێوەیەك كە بار گرانی سەر بودجەی گشتی سووك بێتەوە.
بەگوێرەی راگەیاندراوەكەی بەشی ئامار نزیكەی نیوەی ژمارەی فەرمانبەران سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراقن كە ژمارەیان دەگاتە 556 هەزار فەرمانبەر كە بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنیەوە لە ساڵانی رابردوودا دامەزرێنراون.
بەگوێرەی راگەیاندراوەكە وەزارەتی نەوت بە پلەی دووەم دێت و ژمارەی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتە دەگاتە نزیكەی 125 هەزار فەرمانبەر و وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا بە پلەی سێهەم دێت 98 هەزار فەرمانبەریان هەیە.
لەئامارەكەدا هاتوە رێژەی فەرمانبەرانی ژن نزیكەی 34% لەكۆی فەرمانبەرانی گشتی عیراقە، وهەزاران فەرمانبەری نەخوێندەوار لەلیستی كارمەندانەدا هەن.
هەروەك نزیكەی 310 هەزارسەرباز و 125 هەزار چەكداری حەشدی شەعبی و زیاتر لە 90 پێشمەرگە هەیە بەوەش ژمارەی مووچە خۆرانی عیراق دەگاتە 1 ملیۆن و 700هەزار كەس.
ئەمیر عەبدولحسێن توێژەرو شارەزا لەوبارەوە دەڵێت: هەڵئاوسانی دەزگا حكومیەكان لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆربەی حكومەتەكانی عیراق كاریان كردوە بۆ پشت بەستن بە ناوەندی ئابوری كە زۆربەیان لە رێگەی دام ودەزگا حكومیەكانەوە دامەزرێنران و زۆربەشیان بەرهەم هێن نەبوون و بەشێك لە حزبەكان دەیانویست لە رێگەی دامەزراندنەوە لاینگرانی خۆیان زیاتر بكەن.
توێژەرەكە سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە دەڵێت: حكومەت 3 رێگەی لەبەردەمدایە وەكو 
یەكەم وەزارەتی پلاندانانی عیراق ژمارەیەكی زۆر كارگەی پیشەسازی گەورە دامەزرێنێت و سەدان هەزار فەرمانبەری عیراق بۆ ئەو كارگە وەبەرهێنەرانە بگێۆزێتەوە بەوەش لە خەرجی كارگێڕی ودارایی رزگاری دەبێت.
یاخوود یاسای هاوبەش لەنێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دابڕێژێت وفەرمانبەرانی كەرتی تایبەت هەمان مافی كەرتی حكومییان هەبێت 
یاخوود حكومەت دەستپێشخەری بكات هانی فەرمانبەران بدات لە كەرتی گشتی بگیۆزنەوەو سەرجەم ماف و ئیمتیازیتان هەبێت وەكو خانەنشینی و بیمەی تەندروستی.
بەگوێرەی راگەیاندراویەكی وەزارەتی دارایی عیراق بە ژمارەی خانەنشینانەوە مانگانە نزیكەی 6ملیۆن و 500هەزار كەس مووچە وەردەگرن كە دەكاتە 18% كۆی دانیشتوانی عیراق كە گەورەترین ژمارەیە فەرمانبەرە لەسەر ئاستی جیهان وعیراق ساڵانە 40 ملیار دۆلار بۆ مووچە خەرج دەكات.
سكای نیوز