مەلا بەختیار: ئەرکی حکومەتی هەرێمە گفتوگۆ لەگەڵ خوێندکارانی خۆپیشاندەردا بکات

کوردستان 25/11/2021


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (25/11/2021)، مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لەگەڵ ژمارەیەك دڵسۆزی خانەقین، سلێمانی، هەڵەبجەو گەرمیان، بۆ سەردان‌و هەواڵپرسینی، كۆبوەوە. لە كۆبونەوەكەدا وتی:
هاتنتان ئیدانەكردنی تاوانی ژاراویكردنمە، سوپاستان دەكەم. شانازیشی كرد كە لە خانەقیندا هەموو حیزبە كوردستانیەكان، بۆ كوردایەتی زیاتر لە (30) هەزار دەنگیان هێنا. جەختیشی كردەوە كە:
لە ناوچە كێشەلەسەرەكاندا، كوردایەتی بۆ كوردستانیەتی ناوچەكانی مادەی (140)‌و دژایەتی تەعریبی نوێیە. بەڵام لە هەرێمدا، كوردایەتی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری‌و ئازادیەكانە.
لەمیانی قسەكانیدا، وتی: خۆپیشاندانەكانی ئێستای خوێندكاران، پیشەیی‌و مەدەنییە. داخوازیان رەوایەو هەقوایە حكومەت، بەزوترین كات گفتوگۆی چارەسەركردنی داواكان لەگەڵ نوێنەرانی خوێندكاراندا بكات. دەشێ‌ قەرزیان بۆ بكرێ‌، یان دەیان هەزار باخ‌و ئەرزی تاپۆنەكراو بفرۆشێ‌‌و داخوازیەكان جێبەجێ بكات.
گوتی: توندوتیژی لە خەباتی مەدەنیدا، زۆر خراپە. ئەوانەی هانی خوێندكاران دەدەن توندوتیژی بكەن، یان ئەوانەی خزاونەتە ناو خوێندكاران‌و خۆپیشاندانەكە بە ئاڕاستەی توندوتیژیدا دەبەن، ئەمانە مەرامی خراپیان هەیەو دەشبنە مایەی لێقەومان.
چالاكییە مەدەنیەكانیش، بەرامبەر كچان‌و كوڕانی خۆپیشاندەری مەدەنی، پێویستە ئارام ئارام هەڵسوڕێن. چونكە هەمویان كوردن.. كەسوكارن..لە نەبونیی وا دەكەن. دەیڵێمەوە: گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەراندا، بۆ چارەسەری گرفتەكان، ئەركی حكومەتە!