شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا

رۆشنبیری 22/11/2021

نوسینی: شەماڵ بارەوانی

"شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا" کتێبێکی تری (هاشم ساڵح)بیرمەندو نووسەری بەڕەگەز سوری تاراوگەنشینە،
"شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا" پێمان دەڵێت
ئۆروپا لەپڕێک نەبووە بەکوڕێک و لەشەو ڕۆژێکدا نەگەیشت بەو قۆناغەی ئێستای،لەنکاو مافەکانی مرۆڤ، چەمکی هاووڵاتی بوون، یەکسانی جێندەری، بیری هیومانیزم،ڕۆنانی دەوڵەتگەلێکی سیکولار،لەئۆروپا قارچک ئاسا، هەڵنەتۆقین.
پێمان دەڵێت ئەوان چۆن و بەچ ڕێگایەک و هەنگاو بەهەنگاو ڕۆیشتوون، بە ماندوبوونێکی بێ ئەندازەو ماوەیەکی زۆر دوورو درێژ و دانانی خشت بەخشتی عەقڵانیەت و زانست و مەعریفەت،تائەو شارستانیەتە مەزنەیان ڕۆناوە، بەسەر ئاگر و بەناو دەریای خوێن و بەژێر نوکی شمشێرەکان داڕۆیشتوون ،تاگەیشتوون بێرەو لەسەدەکانی ناوەڕاست گواستویانەتەوە بۆ سەردەمی ڕۆشنگری و مۆدێرنێتەوە، ئەوان وا بەئاسانی نەگەیشتوونەتە ئێرە،
نەخێر بەڵکو ئۆروپا چوارسەت ساڵ خەباتی کرد، چواسەت ساڵ تێکۆشاو خوێنی ڕشت و وزەی سەرفکردو  شەڕی فیکری و ململانێی فەلسەفی و دایەلۆکی عەقلانی کرد، لەپێناوی ئەو ڕۆژەی ئەمرڕۆ، ئەو عیلمانیەت و مافی مرۆڤەی ئەمڕۆ،ئەو ژیانەخۆشگوزەران و ئازادانەی ئەمڕۆ، ئەو هاووڵاتی بوون و مەدەنی بوون و دیموکراسیەتەی ئەمڕۆ، چوارسەت ساڵ هەوڵیانداو جەنگان، تا له پەتای شەڕی مەزەبەکان و  گرتیکەی باستێل و زیندانی سەدە تاریکەکانی ناوەڕاست و دەسەڵاتی کلێساو  کوتەکی پیاوانی ئایینی ڕزگاریان بوو، سەتان گۆردانۆ برۆنۆ و گالیلی گالیلۆو فەیلەسوف و زانا و بیریار وڕۆشنبیر و نووسەر لەپێناو ئەو ئازادی و لائیک بون و عیلمانییەت و دیموکراتی و خۆشگوزەرانییەی ئێستایان سوتێندران و کوژران و زیندانی کران، دەریایەک خوێن ڕژێندرا، هەزارەها جار ئازادی ئەتکراو مرۆڤ بوون لەپەت هەڵواسرا،
"شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا"
پێمان دەڵێت ئەو ئۆروپایەی ئێستا هەرگیز ئەو ئۆروپایە نەدەبوو، ئەگەر بەتەواوی سیاسەت و ئایینی لەیەکتری جیانەکردبایاتەوە، ئەگەر سنوری بۆ دەسەڵاتی کلێساو فێندەمێنتالیستەکان و کەشیش و پیاوانی ئایینی دانەنابوایە، ئەگەر عیلمانیەتی نەکردبا بەدەستورو یاساو مافەکانی مرۆڤ و  هاووڵاتی بوونی جێگیرنەکردبایە، ئەگەر دانی بە پلورالیەت و تولەرەنس و جیاوازیەکان دانەنابوایە، ئەگەر کۆتایی بە سوتاندنی ئەندێشەمەندان و سانسۆرخستنەسەربیری ئازادو نووسنی ئازادو لیستی قەدەغەکردنی کتێبەکان نەهێنابا،
"شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا"
پێمان دەڵێت ئەگەر ڕۆشنگەرەکان و فەیلەسوفەکان نەبوانایە،هەرگیز چاخی ڕێنیسانس و ڕاچڵەکین،ڕیفۆرمی ئایینی و سەردەمی ڕۆشنگەری لەدایک نەدەبوو، هەرگیز نەوەکانی ئێستای ئۆروپا. تامی ئەو ئازادیە هزری و پێشکەوتنەژیاریەی ئێستایان نەدەکرد،کۆمەڵی ئۆروپا لەتاریکایی سەدەکانی ناوەڕاست و لەزۆنگاوی نەزانی و لەناو تونێڵی دواکەوتوویی قورتاری نەدەبوو،
شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا"
پێمان دەڵێت ئەوەی نەوەکانی ئەمڕۆی ئۆروپا دەیدورێتەوە،بەرهەمی هیلاکی و ماندوبوون و شەونخونی  و بەری ڕەنجی خەباتی سەدان ساڵەی ئەوانەی پێشەخۆیانە،
"شەڕی نێوان ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا"
پێمان دەڵێت ئەوە فەیلەسوف و ئەندێشەمەندەکان بوون، تۆی تۆلەرانس و پێکەوەژیان و درەختی ئازادی و یەکترقبوڵکردن و ئەقڵانیەتیان لەناو دڵی جوگرفیای ئۆروپاو سنورەکانی ئەو کێشوەرە ڕواند، ئەوه ئەوان بوون، شەڕی فیکری و ڕۆشنگەرانەو ئەقڵانیانەو مەعریفیانەی فێندەمێنتاتالیستەکانیان کرد، لەدژی بناژوخوازەکان و دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی و کلێسا وەستانەوە، تۆتالیتاریزمی ئایینی و ئوسوڵیەتی ئایینیان لەڕەگەوە هەڵقەناند،ئەو ئسوڵیەتەی لەهەناوی توراس و کەلەپورو تێکستەئایینیەکانەوە هاتبوونەدەر،ئەوان بوون مەترسی تەمی تیرۆرو توندوتیژییان لەسەر وڵاتەکانیان لابردو هەژمونی هێزە کۆنەخوازەکان و شمشێری دەوڵەتی سیوکراتیان پێچایەوە، کۆتاییان بە حوکم کردن بەناوی ئاسمان و تێکەڵ کردنی ئایین و سیاسەت و بە فەزای گشتی هێنا، ئەو هەموو دەسکەوتەشارستانی و پێشکەوتنەیان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد،قۆناغی دەمارگیری ئایینی و ڕەگەزپەرستی و جەهالەت و خوڕافەو تاریکی و کوشتارگەی نێوان پڕۆتستانت و کاتۆلیک و شەڕی نێوان ئایین و مەزهەب و گرووپەکانیان تێپەڕاند، 
دەوڵەت گەڵێکی سیکولارو مەدەنی و سەردەمیان ڕۆنا،کۆمەڵیان بە عەقڵانی کردو بیری مۆدێرنێتەیان لەوڵات بڵاوکردەوەو ئازادی و مافەکانی مرۆڤیان پیرۆزکردو پیرۆزییان لەشتەناپیرۆزەکان وەرگرتەوە،مرۆڤیان کرد بەچەق و سەنتەر، بەڕووگەو پێوەر، دیموکراسیەتیان کرد بەدیفاکتۆو حەقیقەت، سنووریان بۆ سنوربەزێنەکان داناو ماف و کەرامەت و یەکسانی ژنیان لە دەستوردا چەسپاند، ئۆروپایان کرد بەئۆروپاو بەو مێژوو پرشنگدارو بەو شانازیانەی ئەو ڕۆژەی گەیاند،
کۆتاییان بە دادگای پشکنین و لێپێچینەوە لەفیکری ئازاد، سەرکوتکردنی بیری ئازاد،سانسۆرکردنی کتێب،دەمکوتکردنی پێنووس، ڕێگری کردن لەلێکۆلینەوەی لێکۆلەران،بەهەرتەقەکردنی جودابیران و ئەندێشەمەندان و سەربڕینی پرۆتستانتێک لەلایان کاتۆلیکێک لەسەر ناسنامە هێنا، بە پارێزەرانی کەلەپوری کۆنینەو سەربازانی ڕێگای تاریکیان وت ،بوەستن، سەدەی تاریکایی کۆتایی پێهات و چاخی ڕۆشنگەری و ڕوناکی دەستی پێکرد، بازاڕی خورافەو میتۆلۆژیا داخراو ئەفسانەگەرێتی و هەژمونی تاتۆلیتاریزمی ئایینی و شمشێری مەزهەب باوی نەما، ئیتر مۆد مۆدی مۆدێرنێتەو هێزی هێزی عەقڵانیەت و دەسەڵات دەسەڵاتی عیلمانیەتە،
"شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا"
بووە هۆکاری کۆتایی هاتن بە فێندەمێنتالیستی مەسیحی و لە لەدایک بوونی جۆرێکیتر لەمەسیحیەت، مەسیحیەتێکی کراوەو لێبوردەو هێمن و میانەڕەو، مەسیحیەتێکی لیبڕاڵ و دیموکرات، مەسیحیەتێک باوەڕی بە پێکەوژیان هەبێت و عیلمانیەتی قبوڵبێت، دان بەئازادیەکانی تاک دابنێت، ڕێز لەجیاوازیەکان بگرێت، داوای لێبوردن لەمێژوو و ڕابردووی خۆی و هەموو ئەوانە بکات، کەلەڕابردوو لەسەر دەستی کڵێساو دادگاکانی پشکنین ئازاردراون و سوتێندراون و بەهەرتەقەو فەرمەسۆنکراون.
"شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا"
پێمان دەڵێت ئەگەر مەسیحیەت ئێستا لەگەڵ شارستانیەتی سەردەمدا ڕێککەوتووەو بێ دەنگکراوەو ناچارکراوە ڕێز لەهەموو جیاوازیەکان بگرێت،زانست لەژێردەسەڵاتی کلێساو ئەقڵ لەخورافەو میتۆلۆژیا ڕزگاربکرێت و مرۆڤایەتی لەژێر قامچی و هەژمونی پیاوانی ئایینی دەربهێندرێت و فیکرو بیرکردنەوە ئازاد بکرێت،
 ئەوە فەزل و چاکەی عیلمانیەت و ڕۆشنگەریە، سەرکەوتنی خەبات و کۆشش و هەوڵەکانی ڤۆلتێرو جان جاک ڕۆسۆو کانت و کۆندۆرسێ و پیێربال و دیدرۆو ئیسحاق نیوتن و داروین و ئۆگست کۆنت و ڤیکتۆر هۆگۆو هیگڵ و سپینۆزاو دەیان زاناو ئەندێشەمەندو فەیلەسوفیترە، کە لەپێناو عیلمانیەت و  مرۆڤایەتیدا، لەپێناو زانست و ئەقڵانیەتدا، خەباتیانکردو تێکۆشان وحزمەتی زانست ومرۆڤایەتیان کرد،
"شەڕی نێوان ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا"
پێمان دەڵێت کانت و ڕۆسۆو ڤۆلتێروزۆربەی فەیلەسوف و بیرمەندانی تری ڕۆشنگەر، بێ بڕواو ئەتێست نەبوو،  فەیلەسوفان و ئەندێشەمەندانی چاخی ڕۆشنگەری ،مەبەست و ئامانجیان ڕەتکردنەوەی ئایین و بڵاوکردنەوەی بێ بڕوایی و بێ بەش کردنی خەڵکی نەبوو لەئایین، بەڵکو ئامانجی ئەوان لێبوردەیی ئایین و کرانەوەی ئەقڵی ئایینی و فرەیی ئایینی و ،ئازادی ویژدان و بیروڕابوو، ئەوان خوێندنەوەیەکیتریان بۆ کەلەپورکرد،مێژوو، تێکستەکان و دیاردەکان کردو هەموو شتە بە پیرۆزکراوەکانیان خستەژێر نەشتەری ڕەخنەو پێداچونەوەیان بۆکردو بەفلتەری زانستیان دابردو بەئەقڵ هەڵیانسەنگاندو لەسەرەدی ویژدانیانداو لە بۆتەی ئەخلاق و بەپێوەری مرۆڤیاندابرد، ئەوان هاتن ئیمانێکی تریان لەجێی ئیمانە کۆنەکه دانا، تەفسیرێکیتریان بۆ ئایین وعەقیدەو باوەڕو ئەخلاق کرد، دوور لەو تەفسیرەی کلێساو ئایین، بەمانا کۆن و کلاسیکیەکەی، ئەوان گوتیان عیلمانیەت بێ ئایینی و دژایەتیکردنی خوداوەند نییە، عیلمانیەت کفرو بێ بڕوایی نییە، عیلمانیەت ڕێگری کردن لەئایین و ئەنجامدانی ڕیتواڵ و سروتەئایینەکان نییە،بەڵکو  عیلمانیەت ڕێزگرتنە لەئازادی و ئایینەکان، دانانەوەو گەڕانەوەی ئایینە بۆشوێنی ڕاستەقینەی خۆی، عیلمانیەت جوداکردنەوەی ئایینە لەسیاسەت، نەک دژایەتی کردنی ئایین، عیلمانیەت دەڵێت  ئایین بابەتێکی تایبەتی تاکەکەسی و، پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خوداوەندە، عیلمانیەت چەمکێکە لەڕێگەیەوە مامەڵەیەکی ئەخڵاقی مرۆڤەکان دەکرێت و لەسایەیدا مرۆڤایەتی تەباو برا دەژین،چیتر لەسەر ناسنامەی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی هیچ کەس وگرووپ و مەزهەب و حیزب و لایەن و ئایینێک، ناتوانێت لەژێر سێبەری عیلمانیەت ئەوەیتر بسڕێتەوەو مرۆڤەکان بکات بەکۆیلەو کەنیزە،لەناو سیستەمی عیلمانیەتدا، لەسەر بنەمای ئایین و  نەتەوەو ڕەنگ و ڕەگەز، لەسەر پێوەری مەزهەب و تائیفەو جیاوازی ئایدیۆلۆژی حیساب لەگەڵ هیچ کەسێک ناکرێت، لە ژێر سابیتەی سیکولاریزمدا،جو، زەردەشتی، کاکەیی، ئێزدی ،بودی ،موسڵمان ،هیندوس، گاور، بێ ئایینی و هەرچیەک بیت، ئەوە ژیانی تایبەتی خۆتەو بۆت نییە خۆت بەپیرۆزترو ئایینی خۆت بەباشترو،دۆگمی خۆت بەباڵاتر لەوانیتر دابنێیت و خۆت بەسەر ئەوانیتردا فەرزبکەیت و وەکو پلەدوو بەکەم سەیری ئەوانیتربکەیت و هەوڵی سڕینەوەیان بدەیت و ناچاری گۆڕینی ئایین و بیروباوەڕو دانی سەرانەیان بکەیت، لەدەوڵەتی عیلمانیدا، تەنها مرۆڤ بوون پێوەرەو دەوڵەت دەولەتی هاووڵاتی بوونە.
"شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا"
پێمان دەڵێت بزاڤی ڕۆشنگەری بۆ لەناوبردنی ئایین و دژایەتی کردنی خوداوەند دروست نەبوو، بەڵکو ئەو بزوتنەوەیەک بوو لەدژی دەمارگیری ئایینی دروستبوو، لەدژی دژایەتی کردنی ئایین بۆ زانست و ڕێگری ئایین  لەبیرکردنەوەی ئازاد درووست بوو فەیلەسوف و ئەندێشەمەندو زانایانی سەردەمی ڕۆشنگەری هیچ کێشەو بەریەککەوتنێک و دژایەتیەکیان لەگەڵ جەوهەری رۆحانیەتی ئایین،بوونی خوداوەند،عەقیدەی ئەخڵاقیاتی ئایین نەبوو،بەڵکوکێشەی ئەوان ،شوێنکەوتنی کوێرانەی ئایین،دەمارگیری ئایینی و دەسەڵاتی پیاوانی ئایین و کلێساو تێکەڵکردنی دەسەڵاتی ئاسمان بەزەمین و ئایین بەسیاسەت بوو، دژایەتی ئەوان بۆ دەوڵەتی سیوکراتی و هەژمونی ئایین بوو بەسەر ژیانی گشتیدا،ڕێگری ئایین بوو لەئازادیەکانی تاک، دەستوەردانی ئایین بوو لەتایبەتمەندی مرۆڤەکان، لەزانست و توێژینەوەو بیرکردنەوەی ئازاد، لەفەلسەفەو دیدەنیگای ئازاد، شەڕی فیکری و پێنووسی ئەوان شەڕی خاچپەروەری و شەڕی پیرۆزو شەڕی ئایینەکان لەدژی یەکتری و لەناوەخۆیاندا بوو، بەتایبەتی ئەو جەنگە ئایینیە مەزهەبیە نێوخۆییەی سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم لەئۆروپا، 
"شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا"
پێمان دەڵێت بەهۆی سەرکەوتنی بەرەر ئەقڵانیەت بەسەرخوڕافە، ڕوناکی بەسەر تاریکی و زانست بەسەر نەزانیدا، ئیتر لەئۆروپا، میتودو مەنهەجی تەجریبی و زانست و ئەقڵانیەت ،جێگایان بە بڕوای کوێرانەو شوێنکەوتنی نەزانانەو دەمارگیرانە لەقکردوو جۆرو شێوازێکیتری ئایین داری و بڕواداری لەدایکبوو،  کە ئیتر هیچ دژایەتیەکی لەگەڵ ڕوحی سەردەم و ئەقڵانیەت و زانست و مۆدێڕنێتەو عیلمانیەتدا نەبێت، بەو شێوەیە لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا چیتر زانست و مەعریفە لەچنگی دەسەڵاتی میتافیزیکاو غەیبانیەت و لەژێر هەیمەنەو دیلێتی دەستی لاهۆتی کەنیسەو نادیارەکان ئازاددەبێت، ئەقڵ دەبێت بە ئامڕازو ئەداتی مەعریفەو تاقیکردنەوەو ئەزمون دەبن بە پێوەرو سەلماندنی حەقیقەتەکان و زانا دەبێت بەسەرچاوەو مەرجەع، نەک کلێساو پاپاو قەشەوکاردیناڵ و مەتران و پیاوانی ئایینی،
"شەڕی ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان لەئەوروپا"
پێمان دەڵێت ڕاستە لە ئۆروپا دوای سەتان ساڵ، بەهۆی ڕینیسانس و  ڕیفۆرمی ئایینی و  پرۆژەی ڕۆشنگەری مرۆڤ لەخورافەو وەهم و کابوسی لاهۆت و عەقڵیەتی کۆنەپەرستی ئازاد بوو و ئۆروپیەکان گەیشتن بەو رۆژە پڕشنگدارەیان، گەیشتن بە لوتکەی شارستانیەت و  هەڕەمی داهێنانوەلێ ئەفسوس ئێمە ڕۆژهەڵاتی و زۆرێک لەوڵاتانی تری نائۆروپی، هێشتا لەسەرەتای ڕێگاداین و قۆناغەکانی سەدەکانی ناوەڕاستمان تێنەپەڕاندووە،هێشتا لەقۆناغی بەستەڵەکی ئەقڵ و دۆگمایی بیرو تونێڵی ئایدیۆلۆژیاو  داخرانی جیهان بینی و تاکڕەهەندیدا دەژین، هێشتا گیرۆدەی دەستی نەریتی خێڵ و شمشێری مەزهەب وبیری فێندەمینالیستی و دۆگمی داکەوتوانەین، هێشتا پێشمەرجەکانی ژیان لێرە بوونی نییە، هێشتا ئاشنای چەمکی عەدالەت و دیموکراسیەت و یەکسانی نەبووین بەمانا ڕاستەقینەکەی، هێشتا لێره قاعیدە، داعش، تاڵیبان و دەیان و سەتان گرووپیتری فێندەمێنتالیست و ئیسلامگەرا هەن، ئەو فێندەمێنتالیستانەی مۆدێڕنێتە ڕەتدەکەنەوەو دژایەتی ڕۆحی ڕۆشنگەری و مافەکانی ژن و پڕنسیپەکانی مرۆڤ بوون و عیلمانیەت و هەموو تازەگەریەک دەکەن و دوژمنێکی سەرسەختی شارستانیەت و نەیارێکی بێ وێنەی مرۆڤایەتی و هەموو جوانیەکی ژیان و بەهایەکی بەرزن!