هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراق دەدرێت

عێراق 21/11/2021


هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری وەک یەکەم لایەن داواکارییەکی ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی عێراق کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و رایگەیاند، "بەڵگەی ئەنجامدانی ساختەکارییان پێشکەش کردووە".
هاوپەیمانی فەتح لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، هاوپەیمانییەکەیان داوایەکی یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ پێشکەشی دادگای فیدڕاڵی عێراق کردووە.
ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ باسیان له‌وه‌ش كرد "بەڵگەی ئەنجامدانی ساختەکارییمان لەبوارەکانی یاسایی هونەری لەگەڵ سکاڵانامەکەدا پێشکەش کردووە، بۆیە داواشیان لە کۆمسیۆ کردووە تا یەکلاییکردنەوەی سکاڵەکەیان، راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە دوابخات".
هاوپەیمانی فەتح کە پێکهاتووە لە زۆرینەی ئەو حزب و گروپانەی خۆیان وەک نوێنەری حەشدی شەعبی ناو دەبەن و باڵی سەربازییان لەناو ئەو هێزەدا هەیە، لەخولی رابردوی پەرلەماندا خاوەنی 47 کورسی بوون، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا 17 کورسییان بەدەستهێناوە.