دابەشكردنی نەوت راگیرا

ئابوری 18/11/2021

چاودێر
بەهۆكارێكی نادیار و لەسنووری پارێزگای سلێمانی،  ئەو نەوتەی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دابینكرابوو، راگیراوە و بەهۆیەوە نرخی نەوت بەرزتر بۆتەوە.
دوای ئەوەی لەسەرەتای ئەم مانگەدا، بڕیاری دابەشكردنی نەوت لەچەند ناوچەیەكی سنووری پارێزگای سلێمانی درا، لەهەریەكە لەقەزاكانی پێنجوێن و ناوچەی شارباژێڕ و مەڵبەندەكانی 5 و 6ی ناو شاری سلێمانی، بڕی 200 لیتر نەوت بە55 هەزار دینار بەهاووڵاتیان درا، لەئێستادا پڕۆسەكە راگیراوە.
پێشتر وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: خۆم دەچمە ماڵ بەماڵی كوردستان و دەبێت هەموو خێزانێك، بەرمیلێك نەوت وەربگرن، كەچی هێشتا زۆرینەی هاووڵاتیان لەچاوەڕوانی وەرگرتنی نەوتدان.
غازی عەلی، فرۆشیاری نەوت بەچاودێری راگەیاند: لەكاتی دابەشكردنی نەوتەكەی بەغدا تارادەیەكی زۆر كاریگەری لەسەر دابەزینی نەوت هەبوو، لەئێستاشدا نرخەكەی بۆ نزیكەی 180 هەزار دینار بەرزبۆتەوە.
وتیشی " یاری كردن بەنرخی نەوت لەدەستی ئێمە نییە بەڵكو ئەوە وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمە هەر رۆژە و بەلێدوانێك نرخەكە بەرزو نزم دەكاتەوە".
بەپێی زانیارییەكان چەند رۆژێكە ناردنی نەوت لەبەغداوە بۆ هەرێم راوەستاوە و هیچ بەرپرسێكی پەیوەندیداری حكومەت و پارێزگاكان روونكردنەوە و لێدوانی لەسەر نادەن.