"سەرۆکوەزیرانی عێراق دەسەڵاتی بەسەر حەشدی شەعبیدا نییە"

عێراق 17/11/2021

چاودێر:

ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەهۆی ناڕەزایەتییان لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، دەروازەکانی ناوچەی سەوزیان داخستووە و بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەشەوە، گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، پەکی کەوتووە و تا ئێستا نەتوانراوە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە رابگەیەندرێت.

قوڵبوونەوەی کێشەکانی عێراق بەتایبەت کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەدا لایەنگرانی حەشدی شەعبی رۆڵی کارا دەگێڕن، چاودێرانی دۆخی ئەم وڵاتە مەترسی تەقینەوە و دروست بوونی شەڕی ناوخۆ دەکەن.

ناسر هەرکی بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەئەنادۆڵوی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ حەشدی شەعبی هێزێکی دەستووریی یاساییە و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە کە وەک هێزێکی یاسایی عێراق بناسرێت و ئێستا بەشێکە لە دامەزراوەی ئاسایش و بەرگریی عێراق و ساڵانە بوودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت وەک چۆن بوودجە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری تەرخان دەکرێت، راستە سەرەتا بە ئامانجێکی دیارییکراو بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دروست بوو، بەڵام هەموومان دەزانین عێراق وڵاتێکی فرەپێکهاتەیە و پێکەوە لکێندراوە، هەمووان بیر لەوە دەکەنەوە کێ دەسەڵاتی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت و خاوەن بڕیاربێت، بیرلەوە نەکراوەتەوە ئەم فرەپێکهاتەیە وەک خاڵێکی بەهێز بەکاربهێنرێت و پێکەوە کاربکەن و خزمەتی عێراق و گەلەکەی بکەن، تەنیا بۆ ئەوە بەکاردەهێندرێت کێ دەتوانێت دەسەڵاتی زیاتری هەبێت و خۆی بسەپێنێت بەسەر گەلانی عێراقدا".

وتیشی: "راستە حەشدی شەعبی هێزێکی دەستووریی یاساییە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم هێزە بەشێوەیەکی دروست رێکنەخراوە و نەیانتوانیوە لەگەڵ هێزەکانی دیکەی عێراق تێکەڵ بەیەکتربن و پێکەوە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراقدابن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا گومانێک دروست دەکات کە بۆچی ئەم هێزە ئامادەنییە وەک چۆن هێزەکانی دیکە فەرمانێک وەردەگرن ئەمانیش وەریبگرن، بەمەدا دیارە کە خۆیان وەک بەشێکی دیکە حساب دەکەن و فەرمان تەنیا لە فەرماندەی خۆیان وەدەگرن کە فەرماندەی حەشدی شەعبییە لە عێراقدا".

لە وەڵامی ئەوەی ئایا فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەسەڵاتی هەیە بەسەر هێزەکانی حەشدی شەعبیدا و فەرمانەکانی جێبەجێ دەکرێت، ناسر هەرکی وتی: "نەخێر من ئەمە ئامادەم رووبەڕووی خۆشیان بیڵێم، راستە لە رووکەشدا بەپێی یاسا سەربە ئەون، بەڵام وەک جێبەجێکردنی فەرمان تا ئێستا نەتوانراوە فەرمانەکانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەسەر ئەوانیشدا جێبەجێ بکرێت، بۆ نموونە لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی بە فەرمانێک لیوایەکی حەشدی شەعبی لە شوێنێک گواسترانەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام بۆ رۆژی دواتر فەرمانەکە هەڵوەشێندرایەوە و نەتوانرا جێبەجی بکرێت و لە سەردەمی مستەفا کازمی-یشدا، رەنگە خۆی بیەوێت دەسەڵاتی بەسەر ئەم هێزەدا بسەپێنێت، بەڵام نەیتوانیوە تا ئێستا ئەوە بکات".

حەشدی شەعبی لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٤ بە فەتوایەکی مەرجەعی باڵای شیعەكان، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، دامەزرا لەژێر ناوی رووبەڕووبوونەوە و دژایەتیكردنی داعش و رزگاركردنی عێراق لە دەستی ئەو گرووپە تیرۆریستییە.

ئەم هێزە لە هاوپەیمانێتی ٤٢ گرووپی چەکداری شیعە پێکهێنرا کە بەسەر سێ گرووپدا دابەشبوون، ئەو گرووپانەی كە پێش فەتوای عەلی سیستانی، به‌ مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی شیعەكان لە عێراق دامەزرابوون، ئەو گرووپانە ئەندامەكانیان شیعەن و خەڵكی عێراقن و لە عێراق پێشتر دامەزرابوون و گرووپی سێیەمیشیان ئەوانەن کە دوای فەتواكەی عەلی سیستانی دامەزران و حزب و هێزە سیاسییەکانی ئەوکات گرووپی تایبەتی چەکدارییان دروست کرد.

دواتریش لە رۆژی ٢٦ تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ وەک هێزێکی دەستووریی و یاسایی دەنگی لەسەردا و بووە بەشێک لە دامەزراوەی ئاسایش و بەرگریی عێراقی و لە رۆژی ١٩ی کانوونی دووەمی هەمان ساڵیشدا سەرکۆماری ئەوکاتەی عێراق، فوئاد مەعسوم واژووی لەسەر ئەو یاسایەی پەرلەمانی عێراق کرد.