وێنه‌ی شیعریی له ״به‌له‌می نادیار״دا
(1)
سامی هادی، ناوێكی شیعریی دیاری وه‌چه‌ی نه‌وه‌ته‌كانه، به‌بێده‌نگی ده‌نووسێت، به‌بێ خۆده‌رخستن شیعره‌كانی بڵاوده‌كاته‌وه، له‌ته‌ك ئه‌م بێده‌نگی و خۆده‌رنه‌خستنه‌دا، هێشتا ده‌خوێنرێته‌وه و رووبه‌رێك له جوگرافیای شیعری كوردی ده‌گرێت، ده‌شێت ئه‌مه بگه‌ڕێته‌وه بۆ تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و شێوازه شیعرییه‌ی تا راده‌یه‌ك ئه‌وی پێده‌ناسرێته‌وه، شێوازی تایبه‌تیی نووسینی شیعریش ده‌توانێت رێچكه‌یه‌ك بۆ داهێنان له شیعردا بكاته‌وه.
سامی هادی، له‌ته‌ك ته‌مه‌ن و ئه‌زموونی نووسینیدا، كه‌چی تا ئێستا سێ كۆمه‌ڵه شیعری چاپكردووه، یه‌كه‌میان به ناونیشانی (ئایینی گیاكان- 2003)، دوه‌میان به ناونیشانی (زه‌نگێ له كه‌ناری بێهوده‌ییه‌وه – 2012)، سێیه‌میشیان به ناونیشانی (به‌له‌می نادیار – 2021)، ئێمه لێره‌دا له وێنه‌ی شیعریی كۆمه‌ڵه شیعری سێیه‌م «به‌له‌می نادیار» ورد ده‌بینه‌وه.
(2)
وێنه، بریتییه له به‌رجه‌سته‌كردنی ماتریاڵی، وه‌ك ئه‌و وێنه‌یه‌ی په‌یكه‌رتاشێك له هه‌ڵكه‌ندنی په‌یكه‌رێكدا ده‌ریده‌خات، یان ئه‌و وێنه‌یه‌ی نیگاركێشێك له تابلۆیه‌كدا به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات، یان بریتییه له خه‌یاڵ كه شاعیر له خه‌یاڵی خۆیدا دروستی ده‌كات و به وشه ده‌ریده‌بڕێت، له‌یه‌كه‌میاندا وێنه به‌چاو ده‌بینرێت، ماتریاڵ و هه‌ستپێكراوه و خه‌یاڵ ده‌وروژێنێت، به‌ڵام له دوه‌میاندا خه‌یاڵێكی رووت ده‌بێته دروستكه‌ری وێنه‌كه، له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا خه‌یاڵ هه‌یه و هه‌ست و سۆز ده‌وروژێنێت.
لێره‌دا هه‌میشه دیمه‌نێك یاخود دۆخێك هه‌یه شاعیر دووچاری سه‌رسامی یاخود له‌سه‌ر وه‌ستان ده‌كات، ئه‌و دیمه‌نه له یاده‌وه‌ریدا به شاراوه‌یی و خه‌فه‌كراوی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام له ساته‌وه‌ختی نووسینی شیعردا چالاك ده‌بێت، ئه‌مه وێنه‌یه‌كی شیعریی له‌قه‌سیده‌كه‌دا ده‌خوڵقێنێت بێئه‌وه‌ی شاعیر پێبزانێت. له‌راستیدا خه‌یاڵی شاعیره‌كه‌یه ئه‌و دیمه‌نه یان ئه‌و دۆخه زیندوو ده‌كاته‌وه و ده‌یكات به وێنه، وه‌ك سی دی لویس ده‌ڵێت: هه‌ندێ جار ئه‌و وێنه‌یه له ره‌وتی فیكره‌كه دابڕاوه، به‌ڵام خه‌یاڵ ده‌یهێنێته ناو سیاقه‌وه، له راستیدا ئه‌وه خه‌یاڵه وێنه شیعرییه‌كه ده‌خوڵقێنێت. (الصورة الشعریة، ل 73).
له‌شیعری كلاسیك‌دا بایه‌خێكی زۆر به هونه‌ره‌كانی ره‌وانبێژی دراوه، بۆیه ده‌بینین وێنه‌ی شیعرییش هه‌ر له‌سه‌ر پایه‌كانی ئه‌و هونه‌ره وه‌ستاوه و به‌هۆی ئه‌و هونه‌ره‌وه دروستكراوه، له زۆر رووه‌وه ته‌نها بۆ جوانی و بۆ رازاندنه‌وه‌ی ده‌قه شیعرییه‌كه به‌كارهاتووه، به‌ڵام له شیعری نوێ‌دا ئه‌م چوارچێوه‌یه ده‌شكێت و وێنه شیعرییه‌كان گرنگییه‌كی زیاتر په‌یدا ده‌كه‌ن. ده‌توانین بڵێن هونه‌ری(مه‌جاز-میتافۆر)یه‌كێكه له‌و هونه‌ره گرنگانه‌ی كه له شیعری كۆن و نوێ و هه‌روه‌ها له‌ره‌خنه‌ی كۆن و نوێشدا، شوێنی بایه‌خ پێدانێكی گه‌وره‌یه، چونكه شیعر، تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر، له‌سه‌ر مه‌جاز راده‌وه‌ستێت. ره‌خنه‌گری ئینگلیزی هێربه‌رت رید، كه له‌باره‌ی شیعر و هونه‌ری شێوه‌كاریش ده‌نووسێت، ده‌ڵێ: بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌ته‌واوی شاعیرێك هه‌ڵبسه‌نگێنین، ده‌بێ هه‌میشه سه‌یری هێزی مه‌جاز بكه‌ین له شیعره‌كانیدا و له‌وێوه ره‌سه‌نایه‌تیی شاعیره‌كه بدۆزینه‌وه.
وێنه له‌شیعردا ده‌بێت به خوازه و میتافۆر و لێكچواندن، لێره‌دا وێنه‌ی شیعری پشت به خه‌یاڵ و هه‌ست ده‌به‌ستێت، هه‌روه‌ها پشت به ئه‌قڵ و رۆشنبیریش ده‌به‌ستێت. وێنه له شیعردا وێنه‌یه‌كه خه‌یاڵی شاعیر به وشه دروستی ده‌كات، شاعیریش وه‌ك نیگاركێش وایه و وێنه ده‌كێشێ، به‌ڵام كه‌ره‌سته‌ی وێنه‌كێشانی شاعیر جیاوازه، شاعیر به هۆی زمان و هونه‌ره‌كانی ره‌وانبێژی و شێوازگه‌رییه‌وه، له‌ته‌ك پشت به‌ستن به خه‌یاڵ، وێنه ده‌كێشێت، بۆیه ده‌گوترێ: شیعر وێنه‌یه‌كی قسه‌كه‌ره و تابلۆش شیعرێكی بێده‌نگه.
وێنه‌ی شیعری image poetry هه‌ندێ جار پێی ده‌ڵێن وێنه‌ی هونه‌ری، به‌ڵام وێنه‌ی هونه‌ری فره لایه‌ن و فراوانتره، هه‌موو هونه‌ره‌كان ده‌گرێته‌وه، ئێمه لێره‌دا، له‌م كۆمه‌ڵه شیعره‌دا، ته‌نها ئاماژه‌یه‌ك بۆ وێنه‌ی شیعری ده‌كه‌ین.
(3)
زۆرجار وێنه‌ی شیعریی، په‌یوه‌سته به دۆخی ده‌روونیی شاعیره‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و شاعیره له حاڵه‌تێكی سایكۆلۆژیی گونجاو و له دۆخی خۆشی‌دا بێت، ئه‌وا وێنه شیعرییه‌كان جوان و كاریگه‌ر و گه‌شبین ده‌بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكی سایكۆلۆژیی خراپ و خه‌مۆكیدا بێت، ئه‌وسا ده‌شێت وێنه‌كانیش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌مۆكییه‌بن، مه‌رجیش نییه دۆخی ده‌روونیی باش یان خراپ، راسته‌وخۆ له شاعیره‌كه‌دا ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵكو له‌چركه‌ساتی نووسیندا، ئه‌و دوودۆخه كاریگه‌ری به‌سه‌ر فۆرمی وێنه‌كاندا به‌جێده‌هێڵن. بۆ نموونه بڕوانه ئه‌م وێنه شیعرییانه كه هه‌ست به بڕێك له‌خه‌مۆكی یاخود نیگه‌رانی ده‌كه‌ین:
ئای باران
چه‌ند به بێده‌نگی
له‌ودیوی چه‌تره‌وه
به‌سه‌رماندا داده‌گیرسێیت
هه‌ردووكمان
هه‌رچیی له‌سه‌ر گه‌ڵاكانی پاییز نووسیمان
دواجار ته‌نیا ئاگر خوێندییه‌وه (ل74)
جگه له شته ونبووه‌كانی نێوانمان
چیتر ماوه كۆی بكه‌ینه‌وه
شار به ڕه‌شه‌با داپۆشراوه
دیواره‌كان پڕن له وێنه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی
باڵیان هه‌یه و ناتوانن بفڕن (ل13)
ماڵه‌كه‌م بێئاوێنه‌یه
دڵنیام كه‌سێك له په‌نجه‌ره‌وه
داوای رۆشناییم لێده‌كات
فه‌رموو كلیله‌كان دابگیرسێنه
چونكه ده‌رگاكان هێشتا خه‌وتوون
ئه‌ی تریفه‌ی ئه‌م ته‌نیاییه
تۆ كێیت؟ (ل30)
یان ئه‌م وێنانه كه پێده‌چێ، به‌پێچه‌وانه‌ی وێنه‌كانی پێشوو، له‌ساته‌وه‌ختێكی خۆشنوودیی تێپه‌ڕدا نووسرابێت، سامی هادی به‌رده‌وام گوێ له میوزیكی كلاسیكی ده‌گرێت و چێژ له سیمفۆنیاكان وه‌رده‌گرێت:
له‌كۆتایی ئێواره‌دا
له‌دوور، زۆر دوور، ده‌نگی موزیك دێت
هه‌رچه‌ند سه‌ره‌تای هاوینه
به‌ڵام له پاییزه‌كه‌ی ڤیڤاڵدی ده‌چێت (ل79)
ژنێكم بینی
به په‌نجه‌ی، ئاوی كۆده‌كرده‌وه
تا به ئاوێنه‌كان بڵێ
هێشتا رووتم. (ل17)
له ته‌نیشت ده‌ریاوه
گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌كان بیره ده‌خۆنه‌وه
ئه‌وه‌ی سه‌یری ناكه‌ن
ئه‌و ژنه رووتانه‌ن
كه بۆ راوكردنی هه‌تاو هاتوون (ل18)
هه‌ندێ جار وێنه‌ی شیعری وێنه‌یه‌كی واقیعییه و دیمه‌نی ناوچه‌یه‌ك كتومت وه‌ك خۆی ده‌كێشێت به‌و شێوه‌یه‌ی له واقیعدا هه‌یه، كه‌چی هه‌ندێ جاری دیش، به‌پێچه‌وانه‌وه، زیاده‌ڕۆیی له‌خه‌یاڵدا ده‌كرێت و به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌وێنه‌ی واقیعی، بگره خه‌یاڵێكی جوانیش، دوور ده‌كه‌وێته‌وه، بۆ نموونه بڕوانه ئه‌م كۆپله شیعرییه روون و فۆتۆییه:
په‌نجه‌ره‌یكی زۆر زۆر كۆن
له چه‌ند لاوه
ره‌نگی تووڕه‌یی ره‌شه‌بای پێوه‌یه
به‌ڵێ!
ده‌كرێت به‌بێ هیچ فڵچه و فیگه‌ر و ره‌نگێك
ببێت به تابلۆ (ل38)
جوانترین وێنه‌ی شیعری ئه‌و وێنه‌یه‌یه كه خه‌یاڵ تیایدا رۆڵی فراوان كردنی ئه‌و خه‌یاڵه و ورووژاندنی هه‌ست و سۆز ده‌بینێت، به‌و پێیه وێنه‌ی خه‌یاڵی له‌شیعردا جوانی و سه‌رنجڕاكێشانێكی كاریگه‌ر ده‌خوڵقێنێت كه زۆر جار له وێنه راسته‌قینه‌كه كاریگه‌رتر و هه‌ستپێكراوتر ده‌بێت، لێره‌دا ئه‌و وێنه‌یه هه‌م بیرۆكه‌ی قه‌سیده‌كه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات، هه‌م خوێنه‌ر و وه‌رگریش ده‌جوڵێنێت و ده‌یباته نێو كه‌شێكی خه‌یاڵیی جوان، جوانتر له‌و واقیعه‌ی تیایدا ده‌ژی. بڕوانه ئه‌م دوو وێنه‌یه‌ی خواره‌وه پڕن له خه‌یاڵێكی جوان:
له ده‌ریادا
شه‌پۆل..ده‌نگ و ره‌نگی
پێمان وایه شینه یان خرۆڵه‌مێشی؟
گرنگ نییه،
ئه‌وه‌ی گرنگه
كاتێك بانگمان ده‌كات
نیوه‌ی جه‌سته‌مان نوستووه
نیوه‌كه‌ی تریش، هێنده خه‌یاڵه
مانگ وه‌ك باڵنده ده‌بینێت (ل33)
هه‌نگاو هه‌نگاو
به‌فر ده‌بێت به مانگ
منداڵانیش شێره‌به‌فرینه
ده‌كه‌ن به كۆلاره‌ی خه‌ونه‌كانیان
هه‌موویان حه‌زیان له فڕینی به‌فره
هه‌موویان ئه‌م وه‌رزه ره‌سم ده‌كه‌ن
كه ره‌نگه‌كانی له دۆخی متبووندایه
نه‌متوانی به‌فر له ماچ حه‌شار بده‌م
بۆیه ئاوێنه‌كه‌م ره‌ش كرد و
مۆمه‌كانیشم هه‌ر به خه‌وتوویی
به‌خشییه قاوه‌یه‌كی خه‌واڵوو (ل94)
شیعر له‌هه‌موو سه‌رده‌مێكدا پشتی به‌وێنه به‌ستووه، له‌و كاته‌وه‌ی شیعر هه‌بووه هه‌تا ئه‌مڕۆ، له‌سه‌ر وێنه بنیات نراوه، به‌ڵام به‌كارهێنانی له نێوان شاعیرێك و یه‌كێكی دیكه‌دا ده‌گۆڕێت، ده‌شێت جۆر و هێزی به‌كارهێنانی وێنه‌ی شیعری، ئاستی داهێنانی شیعره‌كه جیابكاته‌وه.
وێنه‌ی شیعری پێكهاته‌یه‌كی گرنگی بنیاتی شیعرییه و شاعیر له شێوه‌ی تابلۆیه‌كی هونه‌ریدا ده‌ریده‌بڕێت، لێره‌دا كه‌ره‌سته‌كانی شاعیر بریتین له وشه‌ی جوان و ئه‌ندێشه و خه‌یاڵ و ده‌روونی شاعیر كه به هۆیه‌وه ئه‌زموونی خۆی و تێڕوانینی بۆ ژیان و سروشت، له‌ده‌قێكی شیعریدا، ده‌رده‌خات:
تابلۆیه‌ك بوو
باران په‌یكه‌ره‌كانی كۆده‌كرده‌وه
په‌نجه‌ره‌یه‌كیش زۆر دوور
بێچرا، ره‌نگه‌كانی وردوخاش كرد
باڵنده‌یه‌كیش رووه و به‌فر
تاریكیی داده‌گیرساند و
بۆ كۆكردنه‌وه‌ی شه‌پۆلی ئه‌و رووباره‌ی
كه نه‌یزانی شه‌خته‌ش په‌نجه‌كانی ئه‌وه
تابلۆیه‌ك له كۆتاییدا
ژنومێرده مردووه‌كانی كرد به خه‌ڵووز (ل21)
وێنه له‌شیعری نوێ‌دا ره‌گه‌زێكی گرنگه، كه ته‌نها بۆ رازاندنه‌وه‌و جوانیی شیعره‌كه داناهێنرێت، به‌ڵكو شاعیر به هۆی ئه‌ندێشه‌ی به‌هێز و خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌یه‌وه، وێنه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌كراوی هه‌ست و نه‌ست و باری ده‌روونی ده‌خوڵقێنێت، كه ئه‌مه له زۆر رووه‌وه ده‌بێته مایه‌ی تێگه‌یشتن و نزیكبوونه‌وه له فه‌زای گشتیی شیعره‌كه، هه‌روه‌ها ده‌بێته كلیلێك بۆ كردنه‌وه‌ی كۆد و هێماكان. كه‌چی هه‌ندێجار وێنه‌كان ته‌مومژاوین، یان به ئاسانی له‌خه‌یاڵی خوێنه‌ردا شێوه ناگرن، لێره‌دا ئاسۆی چاوه‌ڕوانیی خوێنه‌ر ده‌شێوێت. بۆ نموونه ئه‌م دوو كۆپله‌یه كه، لانیكه‌م له‌لای من، وێنه‌یه‌ك ناخوڵقێنن شیعره‌كه هاوسه‌نگ بكه‌نه‌وه:
له‌گه‌ڵ ترس داده‌نیشم
بێشه‌رمانه به‌فر ده‌كات به فواره‌ی
ده‌رگه‌ی خه‌ونێكی داخراو
به داوای لێبوردنه‌وه
خۆی بۆ هه‌تاو رووت كرده‌وه
په‌یژه‌ی هه‌موو وه‌رزه‌كانی سووتاند
به تاریكی ده‌ڵێت
تووڕه‌یی شه‌پۆلم بۆ بێنه، بیخۆمه‌وه (ل35)
ئه‌و سێوه‌ی به‌خشیمه ئه‌ستێره‌كانی ته‌متومان
پرسی ئه‌و راوچییانه‌م نه‌كرد
به نهێنیی ماسییه‌كان، زه‌مه‌نیان راو ده‌كرد
چ ئاڵۆزییه‌كه ئه‌م وه‌رزی ئاوێنه‌ی بیابانه
ماچ له گۆڕستان چاوشاركێ ده‌كات و
ئێمه‌ش، به جۆلانه‌یه‌كی ژه‌نگاوی
ئه‌و شه‌رابه ده‌خۆینه‌وه، كه ئێواره تووڕه‌یه لێی (ل41)
(4)
بۆ شاره‌زایی زیاتر، بڕوانه ئه‌م سه‌رچاوانه‌ی خواره‌وه كه من سوودم لێوه‌رگرتوون:
–الصورة الشعریة، سی دی لویس، ترجمة: د. احمد نصیف الجنابی، منشورات وزارة الثقافة و الاعلام، بغداد 1982.
–الصورة في الشعر العربی، د. علی البطل.
–الصورة في شعر بشار بن برد، د.عبدالفتاح صالح.
–المعجم المفصل في الادب، د. محمد التونجی.