ژەهر.. بۆ هاوڕێم مەلا بەختیار

رۆشنبیری 30/10/2021



ئاوێنەكان درۆیان كرد
تفەنگیان دا بە باران و
پەنجەی چەپیشمان
بەماری خەونێكی
پڕ لە پاڕانەوە
لە زیندانەوە
شمشێریان كرد بە پەیژەكانی
فرۆشتنی هەموو بەهاكان
ئیتر
لە رۆژەكانی هەفتەوە
روناكی دەبێت بە بەرد و
مێژووش كت و مت وەك خۆی
ناگەڕێتەوە بۆ ئێوارەیەك لە ئێوارەكانی
هەمیشە تۆراندنی چرا
چیتر..
بەس ژەهر مابوو
ئەمیشیان بەخشی بە برینی
یەكەم شەوبۆی جریوەی ئەم خۆرەتاوە
چیتر..

دەزانم و دڵنیام، دەگەڕێیتەوە نیشتمان، بەرەنگێكی تر، بەدەنگێكی تر، بیرو قەڵەمەكەت، لەبەردەم مانگەشەوی دارستانی هەموو راستیەكاندا. جارێكی تر بە گەندەڵكار و هەلپەرسانی بەر نەفرەتی نیشتمان دەڵێیت: راستیەكان هەموو تاریك بكەن، هێشتا خۆرەتاو هەناسەی پەنجەرەكانمان دەدوێنێ‌. بۆ كوێ‌؟ خۆ رەنگی رەش نەماوە خۆتانی تیا حەشار دەن، ئەوەیە ئاسۆی پڕ لەبرینی مێژووی ئێمە، پێتان دەڵێین پەنجەكانتان بسووتێنن و بینینتان ورد و خاش بكەن. بەگالیسكەیەكی خۆڵەمێشی، بڕۆنەوە گۆڕستانی نەفرەتی بیرچوونەوەكان.    
چیتر..!!

سامی هادی
30/10/2021 - سلێمانی