پارێزگاری هەولێر: شتێك نییە بەناوی قەیرانی غاز، ڕێگەش بەگرانكردنی نادەین

کوردستان 26/10/2021

 
چاودێر:
پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، شتێك نییە بەناوی قەیرانی غاز، ئەوەی هەیە بەهۆی چاككردنەوەی كێڵگەی كۆرمۆر بووە، لەئێستادا نرخی غاز وەك خۆیەتی و هەركەسێك بەگران بیفرۆشێت سزا دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەمە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەمەبەستی چاودێریكردن و ڕێكخستنی پرۆسەی دابەشكردنی غازی ماڵان بەسەر هاوڵاتییانی گەڕەكەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری، لە نێو قائیمقامیەتی ناوەندی هەولێر لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە بریكارانی دابەشكردنی غازی ماڵان كۆبوینەوە.
وتیشی،  لەكۆبونەوەكەدا لەبارەی كێشە و پێویستیەكان و میكانیزمی چۆنیەتی دابەشكردن و گەیاندن غاز بە ماڵان تیشكمان خستە سەر ئەو ڕێوشوێنانەی كە پێویستن بۆ دابینكردن و دابەشكردنی غازی ماڵان بگیرێتەبەر.

پارێزگاری هەولێر دەشڵێت" هاووڵاتیانی شاری هەولێر دڵنییا دەكەینەوە كە شتێك نییە بەناوی قەیرانی غاز، ئەوەی هەیە بەهۆی چاككردنەوەی كێڵگەی كۆرمۆر بووە كە رێژەی گەیاندنی غازی بۆ هەولێر كەمكردووە و تاڕادەیەك نرخەكەی بەرزكردۆتەوە، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە ئێستا تا ڕادەیەكی زۆر باش دۆخەكە كۆنتڕۆڵ كراوە"

باس لەوەشدەكات،  لەسەر هێڵین لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی غاز دەگەیەنێتە شارەكان، بۆ ئەوەی رێژەكەی شاری هەولێر بەرز بكەینەوە و رەوشەكە ئاسایی ببێتەوە، بەبێ ئەوەی نرخەكەی بەرزبكرێتەوە و بەهەمان نرخی پێشووی غاز بگاتە ماڵان.

لەبارەی  سزدانی ئەو كەسانەی نرخ بەرزدەكەنەوە، ئومێدخۆشناو باسی لەوەكرد ، ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی دەبێت هەر بتڵێكی غاز بە 8500 دینار بگاتە ماڵان و لە نزیكەوەش چاودێری دەكەین و هەر بریكارێكیش پۆلیسێكی لەگەڵ دەبێت، هەر بریكارێك لەو نرخە غاز بەگرانتر بفرۆشێت ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگرینەبەر.