حكومەتی هەرێم بەنزینەكەی بەغدا بێ قازانج نافرۆشێتە هاووڵاتیان

ڕاپۆرت 25/10/2021

بە حكومەتی هەرێم و ناوەند و بەنزینخانەكان نرخی بەنزینەكەی بەغدایان لە 450وە گەیاندە 690 دینار

چاودێر:
ئەمڕۆ چوار تانكەر بەنزینی بەغدا گەیشتە شاری سلێمانی و دەست بە دابەشكردنی كرا بە 690 دینار بۆ یەك لیتر لە ژمارەیەك بەنزیخانە.

بەپێی زانیارییەكان ئەم بەنزینە لە پاڵاوگەی كار لە هەرێمی كوردستان دەپاڵێورێت بۆ حكومەتی عێراق و لیتری بە 650 دینار دەیفرۆشێتەوە بە هەرێمی كوردستان، لە حاڵێكدا لە پارێزگەكانی نێوەڕاست و باشوور بە 450  دیناری دەدات.

حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كە ئامادەنییە پێچەوانەی حكومەتی بەغدا و زۆر دەوڵەتی دیكەی جیهان پاڵپشتی سووتەمەنی بكات، ئامادەش نییە نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەكانی كوردستان دابینبكان، ئامادەش نییە باج و رسومات لەسەر هاوردەكردنی بەنزین لابەرێت، وەزارەتی سامانەسرووشتییەكانیش هاووردەكردنی بەنزینیشی قۆرخ كردووە لەبەرژەوەندی چەند كۆمپانیای حیزبی.

حكومەتی هەرێم سەرەڕای هەموو ئەمانە، هێشتا چاوی لەچوار پێنج تانكەر بەنزینەكەی بەغدایە، ئەویش لیتری 20 دیناری خێر دەخاتەسەر و بەنزینخانەكانیش 20 دینار بەمشێوەیە لیتری بە 690 دینار دەگاتە دەستی هاووڵاتی هەرێم كە خۆی بە 450 دینارە و بە حكومەتی بەغدا و هەرێم و بەنزینخانەكان دەیگەیەننە 690 دینار.

 حكومەتی هەرێمی كوردستان سووتەمەنی وەك بوارێكی دەستكەوت و بازرگانی بۆ خۆی و حیزبەكان و بەرپرسەكان و كۆمپانیاكانی سەیر دەكاتن نەك بوارێكی خزمەتگوزارین بۆیە لە هەموو لایەكەوە حسێبی سوودی خۆی دەكات، بۆیە ئامادە نییە یەك لیتر بەنزین بەبێ قازانج بفرۆشێتە هاووڵاتیان.