حكومەتی هەرێم لێبڕینی مووچە دەستپێدەكاتەوە؟

ئابوری 21/10/2021

چاودێر: بەشی ئابووری 
دەنگۆی دەستپێكردنەوەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڵاوبۆتەوەو پەرلەمانتارێكیش رایگەیاند، مووچە بەبێ لێبڕین لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابەش دەكرێت و  رێككەوتنەكەی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم، بەردەوامی دەبێت تا ئەو كاتەی بودجەی گشتیی 2022ی عێراق لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند دەكرێت.
ئاژانسی "مەعلومە" كە پشتی بەسەرچاوەیەكی ئاگادار بەستوە، بڵاویكردۆتەوە، لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە، حكومەتی هەرێم دەستدەكاتەوە بەلێبڕینی مووچەی فەرمانبەران و ئەو ڕێككەوتنەی لەنێوان هەرێمی كوردستان ‌و حكومەتی فیدڕاڵ بۆ ڕەوانەكردنی 200 ملیار دیناری مانگانە ئەنجامدرا بوو، لەكۆتایی ئەمساڵ كۆتایی دێت، جارێكی تر حكومەتی هەرێم بەڕێژەی لە21% لەمووچەی فەرمانبەران دەبڕێتەوە".
ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاندووە، مووچە بەبێ لێبڕین لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابەش دەكرێت.
دەشڵێت "ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كراون، بەردەوامی دەبێت تا ئەوكاتەی بودجەی گشتیی 2022ی عێراق لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند دەكرێت".
جەختیلەوەشكردەوە، بڕیاری پێدانی مووچەی تەواوەتی فەرمانبەران، هەنگاوێك بوو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، تەنیا پشتی بەو 200 ملیار دینارە نەبەستووە، بەڵكو كۆمەڵێك چاكسازیشی ئەنجامداوە و بووە هۆی كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات.
لەماوەی ڕابردودا حكومەتی هەرێم دابەزینی نرخی نەوت‌و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی داهاتە ناوخۆییەكانی كرد بەپاساو بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەران،  لەئێستاشدا نرخی نەوت بۆ سەروو 80 دۆلار بەرزبۆتەوە و داهاتە ناوخۆییەكانیش زیادیانكردووە.