مەلا بەختیار، چی وت و چیش هاتەدی؟

ڕاپۆرت 19/10/2021

 

 

ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، راست‌و دروستی شرۆڤەكانی مەلا بەختیاریان سەلماند

راپۆرتی كاوە جان

(ئە‌و لایەنانەی بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق دەكەن، گرەنتی وەرنەگرن دەگەڕێنەوەو بەشێك دەبن لەدەسەڵات، یان پێش هەڵبژاردن، پرۆسەكە تێكدەدەن، یان دوای هەڵبژاردن كاتێك ئەنجامەكان ئاشكرا دەكرێت‌و دەنگەكانیان وەك پێویست نابێت، ئەوكاتە هەڵبژاردنەكە تێكدەدەن، یان گێرەوكێشەی بۆ دروستدەكەن)..!
ئەو پەرەگرافەی سەرەوە، بەشێكە لەگفتوگۆیەكی نێوان مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، لەگەڵ جۆشوا لویس، بەرپرسی سیاسەتی ناوخۆ، لەهەرێمی كوردستان، لەبەشی سیاسی كونسوڵگەری ئەمریكا، كە رۆژی (5/8/2021) بەڕێوەچوو.
مەلا بەختیار، لەچەند مانگ پێشووتری بەر لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەدیدارو كۆبوونەوە سیاسی، دیپلۆماسی، رووناكبیریی‌و تەنانەت كۆمەڵایەتییەكانیشدا، تێڕوانینەكانی سەبارەت بەهەڵبژاردنەكان‌و هەڵوێستی لایەنە عیراقییە بەشدارەكانی پرۆسەكە لەپێش و پاش هەڵبژاردنەكە دەخستەڕوو، هەروەك لەوتارێكیدا لەكۆنفرانسی لوتكەی رووناكبیریی، كە ئێوارەی رۆژی (4/9/2021) لەسلێمانی پێشكەشیكرد، تیایدا رایگەیاند:
(ئەوا دیسان لەكەوانەی هەڵبژاردنداین بۆ پەرلەمانی عیراق، دیسان ئەنجامەكە لەلای هەموتان روونە، ئەویش ئەوەیە فڵان حزبی شیعە زۆرینە دەهێنن‌و حزبی خوار ئەوانیش كەمتر دەهێنن‌و سوننەكانیش پشكی خۆیان هەیە‌و ئێمەی كوردیش بەشی خۆمان هەیە!
من، بەرگری لەپاكی گۆڕەپانی كوردستانیش ناكەم لەهەڵەو كەموكوڕیی‌و سەرفرازی ناكەم، بەڵام عیراق ئەوەی حوكمی دەكات لەدوای ئەو هەڵبژاردنەی بەڕێوەیە، دیسان رۆشنبیری و تێگەیشنی دواكەوتوی ئەو هات‌و هاوارەیە كە هەموومان دەناڵێنین بەدەستییەوە)...
مەلا بەختیار، سیاسەتمەدارو رۆشنگەر، بەوردییەوە شرۆڤەی دۆخی عیراق، هەلومەرجی سیاسی، هەڵوێست‌و سیاسەتی لایەنە عیراقییەكانی سەبارەت بەپرۆسەی هەڵبژاردن دەكردو ئەوەی دەخوێندەوە كە هەندێك لەبرسانداە هەندێكیش لەترساندا ناوێرین هەقیقەتەكان بڵێین! لەكوردستانیش هەروایە، نەك هەر لەعیراق..! كەوتوینەتە سەردەمێكەوە دوو رەخنە لەتێگەیشتنی دواكەوتوو بگریت كە ئەو هەموو كارەساتە دەخوڵقێنێ‌، ئەوا هەزاران شەمشەمە كوێرە لەسۆشیالمێدیا، لێتڕادەپەڕن..! یەكێك بەكافرت ناودەبات، یەكێكیش بەخائین، یەكێك بەپارەخۆر، یەكێكیش بەدوژمن و كینە لەدڵت ناودەبات‌و جۆرەها تۆمەتیشت بۆ دروستدەكەن! كە ئەمەش ئەنجامی نەبوونی هۆشیارییەكی كۆمەڵایەتی‌و رایگشتییەكی تەندروستە لەم سەردەمەدا!
هەربۆیە لەكۆبوونەكەیدا، لەگەڵ جۆشوا لویس، مەلا بەختیار، جەختیكردەوە:
لەم كاتەدا، ئەگەر ئەمریكا بەوریاییەوە ئاگاداری عیراق نەبێت، لەڕوی ئەمنیەوە، ئابوریی‌و سیاسییەوە پشتیوانی حكومەتی عیراق نەكات خۆی بگرێت، هەروەها زۆرتر لەپێویست خۆی لاواز بكات، ئەوا عیراقیش وەكو سوریای لێدێت ‌و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكەوە دەكەوێتە بەر مەترسی. ئەمەش مەترسییەكی گەورەتر لەسەر دیموكراسی، لەسەر ئەمریكاو هەموو ئەو هێزانەش دروستدەكات، كە ئومێدێكمان پێیان هەیە..!
لەكۆبوونەوە‌و كفتوگۆیەكی تردا، لەگەڵ ژمارەیەك لەمامۆستا جیاوازەكانی زانكۆكاكانی كوردستان، كە رۆژی (22/8/2021) سەردانیان كردبوو، مەلا بەختیار، واوەتر لەبارەی ئەوەی كوردستان‌و دەوروبەرمان بەرەو كوێ‌ دەڕوات، تێڕوانینەكانی خۆی خستەڕوو، هەروەك ترس‌و نیگەرانییەكانی خۆیشی لەكوردستان نەشاردەوەو لەو كۆبوونەوەیەشدا، رایگەیاند:
خۆشبین نیم بەڕووداوەكان، خۆشبیننیم بەئاییندەو باوەڕموایە ئەم یارییەی ئەمریكا لەئەفغانستان كردی‌و ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ ئێران لەكۆنگرەی ڤییەننا هەیە، ئەو رووداو باسانەی لەپشتی پەردەكانی سیناریۆی سیاسەت دەگوزەرێت، دیسانەوە، سیاسەتی نێونەتەوەیی لەدنیادا، لەگەڵ سیاسەتی هەرێمایەتی، لەچۆنێتی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوە زلهێزەكان و هەرێمایەتییەكان، چڕ دەبێتەوە.! ‌و تەئكیدیشی كردەوە:
هیچ كام لەسیناریۆكانی رابردوو، بۆ گۆڕینی سیاسەتە خراپەكانی ناوچەكە، كە دژایەتی دیموكراسی بوو، نەگۆڕاو وەكو خۆیان مانەوە! دەبینین كە عیراق، سوریا، یەمەن، لیبیا، لوبنان شێواوەو میسریش هێشتا سەقامگیرنییەو لەولاشەوە بزوتنەوەی جیهادی تاڵیبان دێنەوە سەرحوكم! هەربۆیە لەناو دۆخێكی ئاوهاشدا دەوڵەتە گەورەكان بیر لەوە دەكەنەوە، سیاسەتی رابردوویان بپێچنەوەو سیاسەتی تازە بگرنەبەر..!
بێگومان سیاسەتە تازەكەش، رێككەوتنەوەیە لەگەڵ هەمان ئەم حكومەتانەی ئێستا، نەك گۆڕینیان. ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئاسایش‌و بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا.
لەیەكێكی تر لەدیدارە كۆمەڵایەتییەكانیدا، كە رۆژی (21/6/2021) لەگەڵ ژمارەك لەكەسایەتی‌و پیاو ماقوڵان‌و رۆشنبیرانی دەڤەری گەرمیان بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:
كاتێك سیستەم، ئابوری، حكومڕانی تێكدەچێت، بەپێچەوانەی گەرماو قرچەی سروشتی هاوینەوە، هەموو ژیانمان لێتێكدەدات، هەربۆیە ئێستا لەدۆخێكی خراپدا دەژین..!
مەلا بەختیار، لەو كۆبوونەوەیەشدا، هەڵبژاردنی پێشوەختەی، بەبیانوویەك بۆ شكستی حكومەت، پەرلەمان، باری ئابوریی‌و بەرزبوونەوەی رادەی گەندەڵی گێڕایەوە‌و رایگەیاند:
كێشە گەورەكە ئەوەیە، پارت‌و لایەنە سیاسییەكانی عیراق‌و كوردستان، لەخۆیان، چارەنوسیان، پێگەو جەماوەری خۆیان دڵنیانین، چونكە بەشی زۆری جەماوەر متمانەی بەرامبەریان لەدەستداوە. بەڵام نەگبەتییەكە لەوەدایە كە ئەو لایەنانە سیاسیانە، خاوەنی هێزی چەكدارن! ئایا كێ‌ و چ دەسەڵاتێك دەتوانێ‌ ئەو هێزە چەكدارانە لەلایەنەكان وەربگرێتەوە؟!
ئەگەرچی نمونەكەی كوردستان باشترە، ئەگەر بەراوردی بكەین، بەعیراق‌و هێزە چەكدارو میلیشاكان و حەشدی شەعبی! كە تەواوی جومگەكانیان كۆنتڕۆڵكردووە، كە هەر ئەمەشە وایكردووە مەترسی گەورەو دۆخێكی نالەبار لەعیراقدا دروستببێت‌و هەبێت.
هەڵدانەوەی ئەم چەند پەرەگرافە لەكۆبوونەوەو دیدارە جیاوازەكانی مەلا بەختیارو تێڕوانین‌و خوێندنەوەكانی، سەبارەت بەدۆخی شێواوی عیراق لەلایەك‌و لەدەستدانی متمانەی جەماوەر بەرامبەر بەهێزو لایەنە سیاسییەكان، بەراورد بەئاشكراكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە، كە مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی، لەچەند مانگ پێشووتری بەرلە پرۆسەی هەڵبژاردن، بەوردی شرۆڤەی كۆی تابلۆ گەورەكەی سیاسەت‌و هەڵوێستی سیاسی لایەنەكان‌و هاوكات لاوازبوونی متمنانەی جەماوەری بەرامبەر بەپرۆسەی سیاسی لەعیراقدا كردووەو بەڵگەكانیش، راستی تێڕوانین‌و شرۆڤەكانیان وەك خۆی سەلماند..